هه‌ڕه‌شه‌ی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی هاوكێشه‌كه‌

عارف قوربانى


20/11/2022

 

راپۆرتێكی (ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشیەیتد پرێس)‌ په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان بڵاوکرایەوە، به‌پێی لێدوان و زانیاریی ئه‌وانه‌ی له ‌ناوه‌نده‌كانی حوكمڕانیی به‌غداوه‌ قسه‌یان بۆ ئاژانسه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ كردووه،‌ ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، به ‌سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یێندراو هاتووەته‌ به‌غدا و په‌یام و هه‌ڕه‌شه‌ی ئێرانی گه‌یاندووه‌ته‌ به‌رپرسانی عێراق بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی وشكانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
 
وه‌كو راپۆرته‌ میدیاییه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌، قائانی دوو مه‌رجی بۆ به‌رپرسانی به‌غدا دیاریكردووه‌، كه‌ ده‌كرێت به‌هۆی جێبه‌جێكردنی ئه‌و دوو مه‌رجه‌وه‌ هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجام نه‌ده‌ن، مه‌رجه‌كانیش ئه‌وه‌یه‌: یه‌كه‌م ده‌بێت پارته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ك بكرێن و دووه‌میش پێویسته‌ سوپای عێراق له‌ سنووره‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران جێگیر بكرێن.
 
هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ ئاستی جیاجیای فه‌رمانده‌كانی سوپای پاسداران، گوێبیستی هه‌ڕه‌شه‌ی جۆراوجۆر ده‌بین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ كرداریش له‌ ماوه‌ی سێ‌ ساڵی رابردوودا له‌ رێگه‌ی مووشه‌كی زیره‌كی دوورهاوێژ و درۆنه‌وه‌ چه‌ند جارێك هێرشیان ئه‌نجامداوه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌و ئاسته‌ باڵایه‌دا و له‌ رێگه‌ی ناردنی په‌یامه‌وه‌ بۆ به‌غدا، هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی وشكانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
 
له‌ راستیدا ئه‌مه‌ ئاماژه‌ی دۆخێكی مه‌ترسیداره‌ بۆ كوردستان، ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئێران ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی هه‌یه‌ هه‌ركات تووشی كێشه‌ و قه‌یرانی ناوخۆیی هات، به‌ دروستكردنی كێشه‌ و قه‌یران له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی، ده‌یه‌وێت كێشه‌كانی فڕێبداته‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش راست نییه‌ كه‌ ئێران پارته‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات (حیزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌) به‌ هاندانی خۆپێشانده‌ران و ناردنی چه‌ك بۆ ناو رۆژهه‌ڵات تۆمه‌تبار ده‌كات و ئێمه‌ پێمان وابێت هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. ئه‌مه‌ی ئێستا ئێران ده‌یكات و توركیا چه‌ند ساڵێكه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، پلانێكی هاوبه‌شی هه‌رێمایه‌تییه‌ دژ به‌ ئه‌زموونی باشووری كوردستان و نایانه‌وێت له‌ هیچ به‌شێكی كوردستان كورد له‌سه‌ر پێی خۆی رابوه‌ستێت.
 
ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ست به‌ قه‌واره‌ی كوردییه‌وه‌ نه‌بێت له‌ باشوور، بۆچی به‌و جۆره‌ په‌لاماری هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن، له‌ كاتێكدا به‌ درێژایی 30 ساڵی ته‌مه‌نی ئه‌م هه‌رێمه‌، نه‌ك نه‌بووەته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ وڵاتانی توركیا و ئێران، به‌ڵكو هه‌رێمی کوردستان هۆكاری سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ راگرتنی خه‌باتی چه‌كداری له‌ هه‌ریه‌ك له‌و پارچانه‌ی كوردستان دژ به‌ حكومه‌ته‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌.
 
له‌دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991، به‌هۆی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی بۆ كورد دروستبوو له‌ ده‌سته‌به‌ری پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پارێزگاری له‌ جوگرافیایه‌كی دیاریكراو بۆ كورده‌كان، سه‌ركرده‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی داوایان له‌ پارته‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵات و په‌كه‌كه‌ كرد بۆ موراعاتی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له‌ باشوور دروستبووه‌، ده‌ستبه‌رداری خه‌باتی چه‌كداری بن دژ به‌ داگیركه‌ری ئه‌و دوو به‌شه‌ی كوردستان، بۆئه‌وه‌ی توركیا و ئێران، ئه‌و واقیعه‌ی باشووری كوردستان قبووڵ بكه‌ن.
 
په‌كه‌كه‌ راسته‌وخۆ ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام دوای زیاتر له‌ دوو ده‌یه‌ به ‌هۆكارێكی دیكه‌ و هه‌ر به‌ ناوبژیوانی و رۆڵی هه‌رێمی كوردستان، شه‌ڕی چه‌كداریی له‌ناو توركیا راگرت و پاشه‌كشێی به‌ گه‌ریلاكانی كرد له‌ باكووری كوردستانه‌وه‌ بۆ باشوور و دواتر بۆ رۆژئاوای كوردستان. ئێستاش ئه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ نییه‌ شه‌ڕی بردبێته‌وه‌ ناو سنووره‌كانی توركیا، به‌ڵكو توركیایه‌ شه‌ڕی هێناوه‌ته‌ ناو قوڵایی باشوور و رۆژئاوای كوردستان و چاوی له‌ داگیركردنی ئه‌م دوو به‌شه‌ی كوردستانه‌.
 
حیزبی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ وه‌كو دوو هێزی سه‌ره‌كیی چه‌كداریی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ده‌نگ سه‌ركرده‌كانی باشووره‌وه‌ هاتن و له‌وكاته‌وه‌ چالاكیی پێشمه‌رگانه‌یان راگرتووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش هاوشێوه‌ی په‌كه‌كه‌ داوای به‌ره‌ی كوردستانییان ره‌تبكردایه‌ته‌وه‌ و ماوه‌ی زیاتر له‌م 30 ساڵه‌ خه‌باتی چه‌كداریی له‌ رۆژهه‌ڵات دژ به‌ ئێران به‌رده‌وام بوایا، دوور نه‌بوو به‌هۆی كێشه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ دونیا و ده‌وروبه‌ر، ده‌رفه‌تی زۆر بۆ پارته‌ كوردییه‌كان دروستبووایە بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی، به ‌دڵنیاییه‌وه‌ زیانی گه‌وره‌یان به‌ ئێران ده‌گه‌یاند. خۆ ئه‌گه‌ر چاویان له‌ پشتیوانیی ده‌ره‌كییش نه‌بوایا و وه‌كو پێشتر له‌ چالاكیی پارتیزانی به‌رده‌وام بووبان و به‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌كانی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌ و له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته‌ ئه‌گه‌ر رۆژی یه‌ك پاسدار یان به‌سیجیان بكوشتبایە، له‌م 31 ساڵه‌دا زیاتر له‌ 10 هه‌زار پاسداریان كوشتبوو؛ به‌ڵام ئێران هیچ رێزێكی له‌مه‌ نه‌گرت، له‌م 31 ساڵه‌دا به‌ سه‌تان كادیر و دۆست و ئه‌ندامی ئه‌و دوو حیزبه‌ی رۆژهه‌ڵاتی له‌ناو باشووری كوردستان تیرۆر كردووه‌. ئێستاش ئه‌وانی كردووه‌ به ‌پاساو بۆ پاداشتدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆی كرد، ده‌یه‌وێت هه‌رێمی كوردستانیش له‌ناوببات.
 
ئه‌م پیلانگێڕی و رووداوانه‌ پێویسته‌ كورد به‌ئاگا بهێنێته‌وه‌، باوه‌ڕ به‌و راستییه‌ بهێنێت، كه ‌هیچكام له‌ دووژمن و داگیركه‌رانی كوردستان جیاوازییان نییه‌ و له‌ ستراتیژ و بیركردنه‌وه‌یاندا یه‌ك تێڕوانینیان هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر به‌ كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌ر بسته ‌خاكێكیشدا كورد هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه‌ بنێت، ده‌یان پیلانی لێده‌گێڕن چۆن رایبگرن و بیگێڕنه‌ دواوه‌. بۆیه‌ ده‌بێت كوردیش به‌ هه‌مان ئه‌و تێڕوانینه‌وه‌ له‌وان بڕوانێت و له ‌كوێدا ده‌رفه‌تی بۆ دروستبوو، بیقۆزێته‌وه‌.
 
سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی ناوخۆی ئێران بۆ پارته‌ كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وا پێویست بوو کە هه‌ندێك خۆیان دوور بگرن، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای كاردانه‌وه‌كانی كوشتنی كچه‌ كورد (ژینا ئه‌مینی) هاوسۆزییه‌كی زۆر له‌ناو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی ئێران بۆ پشتیوانی له‌ كورد دروستبوو، له‌و دۆخه‌ سه‌ره‌تاییه‌دا گرنگ بوو كێشه‌كه‌ نه‌بێته‌ كێشه‌ی كورد و حكومه‌تی ئێران، تاوەکو ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی گه‌له‌ چه‌وساوه‌كان به‌رده‌وام بێت و ناڕه‌زایه‌تی و خۆپێشاندانه‌كان زیاتر په‌ره‌ بسێنن و سه‌رتاسه‌ری وڵات بگرێته‌وه‌.
 
ئێستا رووداوه‌كانی ناوخۆی ئێران گه‌یشتووەته‌ قۆناخێكی دیكه‌، له‌ هه‌ندێک له‌ شار و ناوچه‌كان شه‌ڕی چه‌كداری سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و سوپای پاسداران و به‌سیج ره‌شه‌كوژی ده‌كه‌ن. رۆژ له‌دوای رۆژ ژماره‌ی كوشتنی ژن و منداڵ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان زیاتر ده‌بن، پێویسته‌ له‌م قۆناخه‌یاندا شێوازی پشتیوانیكردن له‌ خۆپێشاندانه‌كان بگۆڕدرێن. لێره‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات، به‌تایبه‌تی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌، ده‌بێت شێوازی خه‌باتیان بگۆڕن، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گرووپ و مه‌فره‌زه‌ی چه‌كداریی پژاك و كۆدار له‌ناو رۆژهه‌ڵات هه‌ن، به‌ڵام خه‌ڵكی راپه‌ڕیووی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵات چاویان له‌ پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌ی دیموكرات و كۆمه‌ڵه‌یه‌. ئه‌م دوو هێزه‌ ده‌بێت هه‌ڵوه‌سته‌ له‌وه‌ بكه‌ن، كه‌ له ‌كاتێكدا له‌ كه‌مپه‌كانی دوور له‌ سه‌تان كیلۆمه‌تر دوور له‌ سنووره‌كانی ئێران له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی درۆن و مووشه‌كی زیره‌كدا دانیشتوون و ئێران له‌وێش لێیان ناگه‌ڕێت و سوپای پاسداران ده‌یه‌وێت هێرش بكاته‌ سه‌ریان، كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ناوخۆی ئێران بقۆزرێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی هاوكێشه‌كان.