لەبەرەبەیانی جەژندا، گەورە "دیكتاتۆری نێودەوڵەتی سەدام" لەسێدارە درا. دیكتاتۆری نێودەوڵەتی بەو مانایەی چەندین تاوانی نێودەوڵەتی لەسەردەمی حوكمڕانییەكەیدا ئەنجام دا. رووداوی سزادانەكەی لەسیاقی خۆیدا گفتوگۆی زۆر ھەڵدەگرێت. بەڵێ سەدام شایستەی سزادان بوو. بەڵام لەكاتێكی نەگونجاوی یاسایی و عورفیدا جێبەجێ كرا.
پیشاندانی دیمەنی ژووری ھەڵواسینەكە، بەھوتافی مەزھەبیەوە لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٠٠٦/١٢/٣٠ ناشیاو بوو. تاوانی دوجێلی ساڵی ١٩٨٢، ١٤٨ كەسی تێدا گولەباران كران و لەسێدارەدران. لەسەر ئەو تاوانە حوكمەكەی لەسەر جێبەجێكرا.
تاوانی دوجێل لەئەنجامی ھەوڵی تیرۆری سەدام حسێن بوو.
رۆژی ٢٠٠٧/١/٨ دوای نۆ رۆژ لە سێدارەدانی سەدام دانیشتنی ٣٤ ەمینی دادگا لەسەر دۆسیەی ئەنفال بەڕێوەچوو. كورسیەكەی سەدام چۆڵ بوو، یاوەرەكانی زۆر خەمبارو خامۆش خۆیان پیشان ئەدا. راستیەكەشی ئەوەبوو سەدام لەناو قەفەسی دادگاشدا ھاوەڵەكانی بەسەرۆك و گەورەی خۆیانیان دەزانی.
دادوەر محەمەد عرێبی بەیاننامەیەكی دادگای خوێندەوە، كە تایبەت بوو بەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەدام حسێن كراوە لەسەر دۆسیەی ئەنفال. رایگەیاند ئەو بابەتە كۆتایی ھاتوە، بەو پێیەی تاوانبار سزای رەوای خۆی وەرگرت و، كۆتایی بە ژیانی ھێنرا. ئەم بەیاننامەیە دەرخەری ئەوەبوو كە ئیعدام كردنی سەدام حسێن، پێش كۆتایی ھاتنی دۆسیەی ئەنفال و زۆر پرسی قوڵتر كەم بایەخكردنی سەنگی دۆسیەی ئەنفال و كیمیاباران و مەلەفەكانی تریش بوو. دەبوو بەلای كەمەوە سەدام بمابایە تاوەكو دۆسیەی ئەنفال دۆسیەكانی تریش تەواو ئەبوو. چونكە سەدام لە نیوەی دانیشتنەكانی دادگای ئەنفالیش ئامادە ببوو. ھێشتا بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەكە مانەوەو ئامادەبوونی پێویست بوو. بەڵام دەستە بژێری شیعەی حوكمڕان، پەلەیان بوو بە كۆتایی ھێنان بە ژیانی سەدام حسێن.
لەو دانیشتنەدا كە دانیشتنی ژمارە ٣٤ بوو عەلی حەسەن مەجید وتی: ئیتر من لەمەودوا بێدەنگ دەبم و ھیچ قسەیەك ناكەم. تا ئەو كاتەی حوكمەكەم دەردەچێت.
بیانووی ئەوە بوو كە دادگاكە دەستی سیاسی تێدایە.
لەسێدارەدانی لەبەرەبەیانی جەژندا سۆزی شۆڤێنیە عەرەبەكان و خەڵكی چەند وڵاتێكی عەرەبی بەلای تاوانباردا راكێشا. بەتایبەتی بەو میكانیزمەی كە لەتەلەفزیۆنەوە پیشاندراو دروشمی مەزھەبی لەكاتی جێبەجێكردنی سزاكەیدا دەوترایەوە. خودی سەدام وەك لە شاشەوە بینرا نەیھێشت پەڕۆ بكرێتە سەرو دەموچاویەوەو چووە بەردەم پەتی سێدارە. سەدام جەلادو خوێنڕێژێكی دەگمەن بوو، ئەو سزایە لە رووی ویژدانی و یاساییەوە شایستەی بوو، چونكە عیراقی لەماوەی ٣٥ ساڵدا كردبوە شەڕگەی گەورە. بەسەدان ھەزار مرۆڤی بەبێ حوكمی دادگا گولەباران كرد، ھەزارانی زیندەبەچاڵ و بێگۆڕو بێناونیشان كرد، ھەزارانی لەسێدارەدا، بیم و تۆقاندنی لەھەموو بستێكی وڵاتەكەدا چاندبوو. بەڵام لەبەردەم ئەمریكاییەكاندا زەلیل و لاواز دەركەوت.
سەدام تا دوا ساتەكانی ژیانی بڕوای نەبوو سزای لەسێدارەدانەكەی جێ بەجێ دەكرێت. بۆیە چەندین جار لەناو دادگاوە باسی بێ منەتی خۆی لە جێبەجێكردنی سزاكەی كرد. كاتێ چووە بەردەم پەتی سێدارەش زمانی لە گۆكردن نەكەوت ئەمەش بەپێی ھەندێ خوێندنەوەی دەرونی كەمترین ترسی لەو جۆرە مردنە بوو.
سەدام تاوانی زۆر گەورەی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی كۆمەڵكوژی ئەنجامدا، بەڵام لەسەر دۆسیەیەكی بچوكتر لەتاوانە ھەرە دەگمەنەكان لە سێدارە درا.
لەناوبردنی سەدام بە سیاسی كرا، چونكە ھەموو بڕیارێكی لەسێدارەدان پێش جێبەجێكردنی پێویستە ماوەی تەمیزیەكەی كە ٣٠ رۆژە تەواو بكات. حكومەتی شیعە نەیھێشت ١٠ رۆژ بەسەر ئەو ماوە یاساییەدا بڕوات حوكمەكەیان جێبەجێكرد.
بەشێك لە سیاسیەكانی عیراق بڕوای تەواویان بە گۆڕانكاریەكانی پرۆسەی ئازادی عیراق نەبوو، متمانەیان بە ئەمریكاییەكانیش نەبوو. بەعسیەكانیش رۆژانە كردەوەی تیرۆریستی و خۆكوژیان لە ناو بەغداو دەوروبەری ئەنجام ئەدا. جار جارە مەحكەمەكەشیان ھاوەن باران ئەكرد.
شیعەكان بەتایبەتی ترسی ھەڵگەڕانەوەی مێزی بارودۆخەكەیان ھەبوو، بۆیە پەلەیان بوو لە فەوتاندنی سەدام.
ئێستاش رام وایە دەبوو سەدام حسێن لە دادگایەكی نێودەوڵەتی مەحكەمە بكرایە، بۆ ئەوەی دۆسیەی تاوانەكان بەنێودەوڵەتی ببونایە. گەرچی سزای دادگای دەولی لەسێدارەدانی تێدا نەبوو. بەڵام گرەنتی چارەنوسی بۆ كوردو ئایندەی كوردستان لەئاستی نێودەوڵەتی مسۆگەر دەكرد.
ئێستاو بۆ داھاتووش تاوەكو دادگاییەكی نێودەوڵەتی بۆ یەكێك لە دۆسیەكانی جینۆسایدی كورد نەكرێتەوە. گەلەكەمان ھەمیشە لەبەردەم مەترسی جینۆسایددایە ئەگەر سەدام لەناو چووبێ، ئەوا سەدامیزیم و عەقڵ جەلادەكان ھەر ماون! پرسیار ئەوەیە بۆچی سەدام لەمەحكەمەی نێودەوڵەتی لێپێچینەوەی لەگەڵ نەكرا؟ بۆ ھەوڵی جدی لەو پێناوەدا ھەست پێ نەكرا. پرسیارێكە ھەوڵدەدەم لە كتێبی "دۆسیەی ئەنفال لەدادگای باڵای تاوانەكانی عیراق"دا كە لە ئایندەدا بڵاودەبێتەوە وڵامی بۆ بدۆزمەوە.