نهێنی پێش رۆژی ریفڕاندۆمی كوردستان

هیڤیدار ئەحمەد


24/09/2023

راچڵەكین-

 

كاتێك دەوڵەتێك سیستەمەكەی دەگۆڕدرێت و لە دەوڵەتێكی مەركەزییەوە دەبێتە فیدڕالی، واتە كێشەیەكی جددی هەبووەو لەرێگەی سیستەمی مەركەزییەوە ئەو دەوڵەتە سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەو دەوڵەتە یەك نەتەوەو یەك ئاین و یەك مەزهەب نەبووە، تائیفەیەك، لایەنێك خۆی سەپاندووە و مافی ئەوانی دیكەی خواردووە.

لەو كاتەی دەوڵەتی عێراق دروست بووە لەساڵی1921سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیوە، هەمیشە مافی نەتەوەكان و پێكهاتە ئاینی و مەزهەبەكانی تێیدا بن پێ كراون و بگرە خوێنێكی زۆری تێیدا رژاوە. دەرئەنجام، لایەنی نێودەوڵەتی كاتێ بیر لە گۆڕینی رژێمی سیاسی لە عێراق دەكەن لە بەهاری 2003، بیر لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئەو وەڵاتەش دەكەن و دەستوورێك دەنووسن، كە مافی هەموو ئەو پێكهاتانەی تێیدا مسوگەر بكرێت لە كاری سیاسی و مرۆیی و ئاینی و ئابووری و مافی مرۆڤ و ... هتد.
خەڵكی كوردستان دوای 15 ساڵ لە بەشداریكردن لە دروستكردنی عێراقی نوێ دوای 2003 لە 25/9/2017 بەشداری گشتپرسییان كرد كە ئاخۆ دەتەوێ لەگەڵ عێراق بێ یان كوردستان؟ پرسیارەكە زۆر روون و شەفاف بوو، نزیكەی 93٪ی خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگیان بو دەوڵەتی كوردستانیان دا.

من ئاگاداری زۆر نهێنییەكانی رۆژە كۆتاییەكانی پێش ئەنجامدانی ریفڕاندۆم بووم، دەوڵەتی گەورە لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە، هاتنە پیرمام لای سەرۆك بارزانی و بەڵێنی گەورەیان پێدا، بەرامبەر ئەوەی دەست هەڵگرێت لە پڕۆژەی گشتپرسی. بارزانی یەك پرسیاری لێیان دەكرد؟ ئێمە بە گوێی ئێوە دەكەین، بەڵام ئێوە پێمان بڵێن كەی و چ كاتێك خەڵكی كوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. گوتییان نا نە ئێمە ئەو رۆژە دەست نیشان دەكەین ونە ئێوەش بووتان هەیە ئەو بڕیارە بدەن!
پرسیارەكانی سەرۆك بارزانی لە دەوڵەتانی زلهێز و ناوچەكە:

ئێوە دەبینن، عێراقی نوێ دوای 2003 مافی گەلی كورد دەچەوسێنێ؟
ئێوە دەبینن، ئەم عێراقە بودجەو مووچە و رزقی خەڵكی كوردستانی بڕیوە؟
ئێوە دەبینن، لە شەڕی داعش، عێراق مووچەی بو خەڵكی ژێر دەستی داعشی دەنێرێت و بو كوردستان نانیرێت؟
ئێوە دەبینن هاوپەیمانی شەڕی داعش بوون، عێراق نەیهێشت چەك و تەقەمەنی بگاتە دەست پێشمەرگە بۆ شەڕی داعش؟

وەڵامی ئەو دەوڵەتانە بۆ سەرۆك بارزانی:
ئا، بەلێ دەزانین و دەبینین عێراق چۆن بەرامبەر هەرێمی كوردستان رەفتار دەكات، بەس هەر بووتان نییە، بڕیارێ خۆتان بدەن! دەبێ هەر لەگەڵ ئەو عێراقە بن؟
ئەمریكا و بریتانیا و دەوڵەتانی ناوچەكە تانكی ئەبرامز و فڕۆكەی جەنگ و باشترین چەك و تەقەمەنییان دەدایە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، بەڵام دەیانگوت نابێ ئەو چەكە بدرێتە پێشمەرگە و كوردستان نەوەك (كورد) ئەو چەكە لە دژی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی (شیعی) بەكاربهێنن!

هەر بەوە نەوەستان، لە بەر چاوی ئەو دەوڵەتانەی زڵهێز و ناوچەكە پێكەوەو بگرە دەستییان هەبوو لەگەڵ حەشدی شەعبی، بە تانك ئەبرامز و چەك و تەقەمەنی ئەمریكی و بریتانی هاتن خەڵكی كوردستانیان شەهید كرد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەم میللەتە گوتی دەمانەوێ لەو عێراقە جیاببینەوە كە 100 ساڵە هەرچی جۆری زۆڵم و ستەم هەیە بەرامبەر ئێمە دەكرێ. ئەنفاڵ كراین، جینوساید كراین، كێمیابارانكراین و ئێستا نانبڕاو كراین. دەیانگوت نا دەبێ هەر لەگەڵ ئەو عێراقە بژین.

لە دانیشتێكدا منیش لەوێ ئامادەبووم، جەنابی سەرۆك بارزانی باسی سەردانێكی جۆرج بۆشی سەرۆكی ئەمریكا كرد بو عێراق، گوتی، بۆش رووی لەمن كرد و گوتی خەڵكی ویلایەتی تێكساسین و ویلایەتێكی دەوڵەمەندین، بەڵام بەشێكین لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، قسەكەی بومن بوو، ئێوەی كوردیش دەبێ بەشێك بن لە عێراق. جەنابی سەرۆك لەو دانیشتنەدا بە بۆشی گوت "ئەگەر ئەوەی عێراق بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستانی كردووە، ئەمریكا بەرامبەر خەڵكی ویلایەتی تێكساسی كردبوایا، بەحەیات ئێوە بەشەك نەدەبوون لەو ئەمریكایە".

بەڵێ 25ی ئەیلوولی 2017 ئەوێ رۆژێ خەڵكی كوردستان هەموو بەڵێنەكانی دنیایی بەرامبەر (بەڵێ) بۆ سەربەخۆی  كوردستان نەگۆڕی، لەبەر ئەوەبوو كە تەنیا كوردە دەزانێت عێراق چۆن بەرامبەر بە كورد بیردەكاتەوەو چ ستەمێیكی بەرامبەر كوردستانی كردووە و دەشیكەن. هەر نەتەوەیەكی دیكە لە جێگەی نەتەوەی كورد لەم ناوچەیە هەبوایا، دەبوونە بەشێك لە مێژۆ.

لە 14ی ئۆكتۆبەری 2017 واتە دوو رۆژ پێش 16ی ئۆكتۆبەر لای وەستا رەسۆڵ، فەرماندەیەكی پێشمەرگە (یەكێتی) بووم لە سەربازگەی كەی وەن لە كەركووك، لە گەراجی هەمەڕەكانی ئەو سەربازگەیە كە دەستی راستی ئەو گەڕاجەیە دیوارێكی كۆنكرێتی بەرزی هەبوو، سەری دیوارەكە پڕبوون لە ئەنتێنە و ئامیری گوێگرتن، هاوپەیمانەكان لەوێ بوون. وەستا رەسۆڵ بەمنی گوت "مامی تۆ، باسی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، (هەمیشە كاتێ بومن باسی سەرۆك بارزانی دەكرد، دەیگۆت مامی تۆ) بەمنی گوتووە ئەگەر عێراق نیەتی شەڕكردنی هەبێت لەگەڵ پێشمەرگە ئەوا منیش دێم، پێكەوە لەگەڵ تۆ (وەستا رەسۆڵ) لەنێو سەربازگەی كەی وەن، سەرپەرشتی شەڕەكە دەكەین". بەڵام لە بەرەبەیانی رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر لە كاژێر 5:10ی سەربازگەی كەی وەن و سەنگەرەكان چۆڵكران و فەرموویان لە حەشدی شەعبی و چەكدارانی عێراقییان كرد و گوتییان فەرموون وەرن ئەمە (قودسی كوردستان بە ریفڕاندۆمەوە) پێشكەشتان بێت.

ئێستاش هەموو ئەو بیركردنەوەو رەفتارەكانی عێراق بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان دەكات وەك ئەوەی پێش ریفراندۆمە و بگرە زۆر تووندریشە. ئەوە فەرهەنگە لای عێراقییەكان كە تێرنەبوونە لە خوێن و سزادانی خەڵكی كوردستان.