شەپۆلێكی دیكەی پەتای كۆرۆنا روو لە ئێران دەكات

جیهان

16/09/2020     ژمارەی بینراو 298

راچڵەكین –

وەزارەتی تەندروستی ئێران هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی سێیەمی پەتای كۆرۆنا دەدات و بەرپرسێكی وەزارەتەكەش دەڵێت: دۆخی تەندروستی لە وڵات باش نییەو شەپۆلی ئەمجارەش زۆر بەهێز دەبێت و ژمارەی توشبووانیش روو لە هەڵكشان دەكات.

ئیرەج حەریرچی بریكاری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەكەی رایگەیاند، دوای ئەوەی شەپۆلی یەكەم و دووەمی كۆرۆنامان تێپەڕاند، چاوەڕوانی هاتنی شەپۆلی سێیەمی ڤایرۆسەكە دەكەین، كە زۆر لە شەپۆلەكانی دیكە بەهێزو كاریگەرتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، تارانی پایتەخت كە لە دوو هەفتەی رابردوودا ژمارەی توشبووانی رووی لە زیادبوون كردبوو، لە ئێستادا بووەتە رێڕەوێك بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ شارەكانی دیكەی ئێران.

لێدوانی ئەو بەرپرسەكەی وەزارەتی تەندروستی ئێران، هاوكاتە لەگەڵ هۆشدارییەكانی وەزارەتەكە بە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەكە لە وەرزی پایزدا.

بەگوێرەی نوێترین ئامارەكانی توشبووانی كۆرۆنا لە ئێران، لەئێستادا كۆی توشبووانی ژمارەیان گەیشتووەتە 410 هەزارو 334 كەس، هاوكات ژمارەی گیانلەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەكە بۆ 23 هەزارو 632 كەس بەرزبووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن