خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی بەخشرایە پەیامنێرێکی تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی

کوردستان

25/02/2021     ژمارەی بینراو 459

راچڵەکین-

خەڵاتی ساڵانەی شیفا گەردی بەخشرایە ئەلێكس كرۆوفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی.
 
لیژنەی راگەیاندنی کۆمیتەی هەڵبژاردنی براوەی خەڵاتی شیفا گەردی بڕیاریدا خەڵاتی شیفا گەردی ئەمساڵ بداتە رۆژنامەوان ئەلێكس كروفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی بەریتانی.

ئەلێكس كروفۆرد، لەساڵی رابردوودا بە راپۆرتە سەرنجڕاكێشەكانی سەرنجی جیهانی راكێشایە سەر بارودۆخی سەختی مرۆیی لە وڵاتی یەمەن. بە ئازایەتییەكی زۆر و بە وردبینییەوە توانی رووماڵی جەنگ و لێكەوتەكانی بكات لەسەر ژیانی خەڵكی یەمەن، هەروەها توانی بەشێوەیەكی زۆر ورد دۆخی خراپی كەرتی تەندروستی لە یەمەن نیشانبدات كە بە توانای زۆر كەمەوە رووبەڕووی پەتای كۆڤید 19 دەبێتەوە.

ئەلێكس كروفۆرد، یەكێكبووە لەو رۆژنامەوانانەی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە رووماڵی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی، شەڕی باكووری مالی كرد، هەروەها رووماڵی شەڕی ناوخۆی لیبیا و سووریا و رووماڵی شەڕی داعشی كرد. لەو رووماڵانەشدا رووبەڕووی مەترسی زۆر گەورە بووەتەوە.

ئەلێکساندرا کریستین کرۆوفۆردە، ساڵی 1963 لە نایجیریا لەدایکبووە و لە چەندین دامەزراوەی میدیایی کاریکردووە و ئێستا پەیامنێری کەناڵی سکای نیوزی بەریتانییە.

شیفا گەردی، رۆژنامەنووسی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی 25ـ ی شوباتی 2017 بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە موسڵ شەهیدبوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن