دوو هەزار و ٢١٩ كەسی دیكە لەهندستان بەكۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

جیهان

09/06/2021     ژمارەی بینراو 311

راچڵەكین-

لەهیندستان كە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین كاریگەریی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی لەسەرە لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، دوو هەزار و ٢١٩ كەس بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی راگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هیندستانەوە بڵاوكراوەتەوە لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٩٢ هەزار و ٥٩٦ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتاكە تۆماركراوە و دوو هەزار و ٢١٩ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

كۆی ژمارەی تووشبووانی پەتاكە گەیشتووەتە ٢٩ ملیۆن و ٨٩ هەزار و ٦٩ كەس و تێكڕای ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا لەو وڵاتە بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ ٣٥٣ هەزار و ٥٢٨٥ كەس.

ژمارەی تووشبووانی رۆژانە بە كۆرۆنا لە هیندستان لە چواری نیساندا، ١٠٠ هەزار و لە ١٥ی نیساندا، ٢٠٠ هەزار و لە ٢١ی نیساندا، ٣٠٠ هەزار و لە ٣٠ نیسانیشدا، ٤٠٠ هەزاری تێپەڕاند.

لە كاتێكدا ژمارەی ئەو كەسانەی رۆژانە بەو پەتا جیهانگیرییە گیان لەدەست دەدەن هێشتا لەسەروو دوو هەزارەوەیە لە ٢٨ی نیساندا، سێ هەزار و لە هەشتی ئایاردا، چوار هەزاری تێپەڕاند و لە ١٩ی ئایاریشدا، تا چوار هەزار و ٥٢٩ حاڵەت بەرزبووەوە.

پسپۆڕان هۆشدارییان داوە لەوەی كە لەوانەیە ژمارەی راستەقینەی حاڵەتەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەو پەتایە زۆر لە ژمارە راگەیەنراوەكان زیاتر بێت.

هەروەها لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ١٦٢ هەزار و ٦٦٤ تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە، رێژەی چاكبوونەوە لەو پەتایە لەو وڵاتە سەدا ٩٤،٦ەو یەك ملیۆن و ٢٣١ هەزار و ٤١٥ تووشبووش لە نەخۆشخانەكان چارەسەر وەردەگرن.

بەپێی ماڵپەڕی"Ourworldindata.org" كە زانیارییەكانی پشت بە ئاماری وەرگرتنی ڤاكسین دەبەستێت دژبە پەتاكە، هیندستان لە ١٦ی كانوونی دووەمەوە كەمپینی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا بەڕێوەدەبات و تا ئێستا ٢٣٩ ملیۆن و ٦٠ هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە.

هیندستان كە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی ١،٤ ملیار كەسە، هێشتا رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی پەتاكە راگرێت.

بە گوێرەی ماڵپەڕی "Worldometers" كە زانیارییەكانی پشت بە ئاماری پەتای كۆرۆنا دەبەستن لە جیهاندا، هیندستان لە رووی حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتاكە ریزبەندی دووەم گرتووە و لە رووی حاڵەتی گیانلەدەستدان بەو پەتایەش ریزبەندی سێیەمی گرتووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن