هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا خانەنشین كرا

کەلتوور

06/07/2021     ژمارەی بینراو 237

راچڵەكین –

ئەمڕۆ سێشەممە، بەبۆنەی تەواوكردنی خزمەتی وەزیفییەوە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێوڕەسمێكی رێزلێنانی بۆ هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ئەنجامداو لەلایەن وەزارەتەكەو هونەرمەندانەوە دیاری رێزلێنانی پێشكەشكرا.

زاهیر عەبدوڵڵا وەك شانۆكار و ئەكتەر، بە درێژایی ٤٠ ساڵی رابردوو لە چەندین شانۆ و درامادا بەشداری كردووە، هاوكات جگە لە كاری هونەریی، كۆمەڵێك چیرۆكی نووسیووە و بڵاویكردووەتەوە، هەروەها لە پاڵ كاری هونەریشدا لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، بەهۆی كاری سیاسییەوە ماوەیەك لەلایەن حكومەتی بەعس دەستگیردەكرێت و دوای چەند مانگێك ئازاد كرا.

لەئێستادا هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا كە بەهۆی تەمەنی یاسایی، خانەنشین بووەو ماڵئاوایی لە شوێنی كارەكەی دەكات، بەم بۆنەیەشەوە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هونەرمەندان و كەسوكارەكەی، لە رێورەسمێكدا رێزلێنانی وەزارەت و چەپكەگوڵی وەفاداری پێ بەخشی.

لە وتەیەكدا، هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا وتی: "دوای ٦٣ ساڵ تەمەن، خاوەنی باخچەیەك و كتێبخانەیەكم لەماڵ و لەگەڵ خێزانەكەم خزمەتییان دەكەین و هیوادارم هەمووتان لە ماڵەوە باخچەیەك و كتێبخانەیەكتان هەبێت".

هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا خدر، لە ساڵی ١٩٥٨ لە گەڕەكی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایك بووە، قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەولێر خوێندووە و بەشی كارەبای لە ئامادەیی پیشەسازی ھەولێر تەواوكردووە.

لە ساڵی ١٩٧٢ بۆیەكەمجار بەشداری شانۆگەرییەك دەكات بەناوی "ئەنجامی پوڵپەرستی"، هەروەها بەشداری دەیان شانۆگەریی و دراما و فیلمی سینەمایی كردووە.

جگە لە كاری هونەری لە ناوەڕاستی حەفتاكانەوە دەستی بە چیرۆك نووسین كردووە و كۆمەڵە چیرۆكێكی بەناوی "خەرەند" بڵاوكردووەتەوە.

لە ساڵی ١٩٨٠ ژیانی هاوسەری لەگەڵ شیرین سابیر پێكدەهێنن و بۆ یەكەمجاریش لەساڵی ١٩٨٤ دەستی هاوسەرەكەی دەگرێت و دەیباتە سەر تەختی شانۆ و دواتر لە چەندین دراما و فلیمدا بەیەكەوە رۆڵ دەبینن.

هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا خاوەن سێ كوڕ و دوو كچە.

هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا بەشداری دەیان شانۆگەریی و درامای كردووە كە دیاترینییان درامای "هەبوو نەبوو" بوو كە یەكێكە لە كارە جوانەكانی و زۆر كاردانەوەی گەورەی لەنێو خەڵكدا ھەبوو، ھاوكات كۆمەڵێك ھونەرمەند لە رێگای ئەم كارەوە چوونە نێو خەڵك، لەوانەش زاھیر عەبدوڵڵا بوو كە بە رۆڵی عومەر چاوچنۆك بەشداری ئەم كارەی كردووە.

لە ساڵی ١٩٨٩ بەشداری لە تەمسیلی "كەونە دەركە" دەكات و لە ساڵی ١٩٩١ یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی تەلەفیزیۆنی گەلی كوردستان كەناڵی ھەولێر و لە ساڵی ١٩٩٣ بەشداری زنجیرە تەمسیلی "كەوەكانی قەرەچووخ" دەكات كە رۆڵی كوڕی ئاغا دەبینێت و ستەم لە دانیشتوانی گوندەكەی دەكات، لە ساڵی ٢٠٠٧ بووەتە بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتیی ھەولێر و ماوەی شەش ساڵ لەم پۆستەدا خزمەتی كردووە.

هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ساڵی ٢٠١٩ كتێبێكی بیرەوەریی بڵاوكردەوە بەناوی "تەیراوە هەربە پیاسە" كە تیایدا باسی سەردەمی منداڵی خۆی دەكات تا رۆژی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و لەم كتێبەدا هەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە و لە ئێستاشدا دوای خانەنشینبوونی خەریكی نووسینی رۆمانێكە بەناونیشانی "رەحەتی لوقم" كە لە ماوەیەكی نزیكدا بەچاپی دەگەیەنێت.

 

 

 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن