فرە کیسی هێلکەدان هۆکار و چارەسەری

تەندروستی

15/11/2021     ژمارەی بینراو 1016

راچڵەکین-

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون و نەزۆکی باس لە فرە کیسی هێلکەدان و نیشانە و هۆکار و چارەسەرەکانی دەکات.

د. میدیا عەبدوڵڵا بەرزنجی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون و نەزۆکی دەڵێت، فرە کیسی هێلکەدان بریتیە تێکچونی هۆرمۆنەکان لە ئافرەتاندا، بەگشتی لەتەمەنی ۱٥ بۆ ٤٤ ساڵیدا روودەدات، ئەو ئافرەتانەی توشی فرەکیسی هێلکەدا ئەبن ڕەنگە لەکاتی خۆیدا نەکەونە سوڕی مانگانەوە و دوابکەوێت ، وە قورستر دەبێت بۆیان تا دووگیان ببن.

هێلکەدان ئەکرێ توشی کۆمەڵێک کیسی ورد بێت کە بە شلە پڕکراوەتەوە و لەم کاتەدا کرداری هێلکە تەقاندن لە هێلکەدانەوە ڕوونادات، لە ٪۷۰ ی ئەو ئافرەتانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە هیچ نیشانەیەکیان نیە و نازانن.

** نیشانەکانی تووشبوون بە فرەکیسی هێلکەدان:
🔹ناڕێکی سوڕی مانگانە: 
دواکەوتن و ناڕێکی لە سوڕی مانگانەدا یەکێک لە نیشانە هەرە باوەکان، بۆنمونە ئەگەر سوڕی مانگانەکانت ۳٥ ڕۆژیان زیاتری بەین بێت، لە ساڵێکدا لە ۹ جار کەمتر بکەویتە سوڕی مانگانە، وەخوێنی سوڕی مانگانەت زۆربێت.
🔹بەرزی رێژەی ئەندرۆجین:
بەرزبوونەوەی ڕێژەی هۆرمۆنی نێرینە ، کە ڕەنگە ببێتە هۆی دەرکەوتنی هەندێک نیشانەی جەستەیی وەکو، زیادبوونی مووی لەش و دەموچاو، دروستبوونی زیپکەیەکی زۆر، ڕوتانەوەی قژ.
🔹دروستبوونی چەند کیسێک لە هێلکەدان
هێلکەدانەکان ڕەنگە گەورە ببن و کیسی تێدا دروست ببێت کە دەوری هێلکەکان دەدەن، سەرەنجام هێلکەدان بەباشی کاری خۆی ناکات.
وەنیشانەکان بەگشتی قورستر و توندتر دەبێت ئەگەر کەسەکە کێشی زۆربێت.
**هۆکارەکانی توشبوون بە کیسی هێلکەدان
هۆکارە سەرەکییەکەی نەزاندراوە ، بەڵام لەو فەکتەرانەی کە ڕەنگە ڕۆڵیان هەبێت:
🔹زۆر ڕژانی ئەنسولین لە لەش کە هۆرمۆنێکە لە پەنکریاس دروست دەبێت  و ڕێگە بە خانەکان دەدات شەکر بەکاربهێنن، ئەگەر خانەکان بەرگریکار بوون بەرامبەر کاری انسولین ڕێژەی شەکر لە خوێندا بەرز دەبێتەوە و ئەمەش وادەکات لەش بڕێکی زیاتر لە انسولین دروست بکات، کە ئەم ڕێژە انسولینە بەرزە دەبێتە هۆی زیادبوونی دروستکردنی ئەندۆجین، بەمەش کێشە لە کرداری تەقاندنی هێلکە لە هێلکەدان دروست دەبێت. 
🔹هەوکردنێکی کەم بۆ ماوەیەکی درێژ
ائەمە ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خڕۆکە سپیەکانی خوێن و بەرزبوونەوەی مارکەرەکانی بەرگری لە لەش، ئەمەش هانی خراپترکردنی لایەنەکانی تری کیسی هێلکەدان ئەیات و ڕێژەی دروستکردنی ئەندۆجین زیاتردەکات، کە ڕەنگە ببێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێن.
🔹بۆماوەیی، هەندێک تاقیکردنەوە دەریان خستووە کە بوونی هەندێک جینات ڕەنگە ببێتە هۆی کیسی هێلکەدان
🔹بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەندرۆجین
هێلکەدانەکان بەشێوەیەکی ناسروشتی ڕێژەیەکی بەرز لە هۆرمۆنی نێرینه دروست دەکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی زیپکە و زیادبوونی موو
**کاریگەییە خراپەکان کە PCOS لەسەر لەش دروستی دەکات
🔹دواکەوتن و بە زەحمەت دووگیانبوون، توشبوون بە شەکرە و زەخت بەرزی لەکاتی دووگیانی.
🔹 منداڵ لەبارچوون، یا منداڵبوونی پێشوەخت.
🔹 هەوکردنی جگەر کە بەهۆی کۆبونەوەی ڕێژەیەکی بەرز لە چەوری لە جگەردا ڕودەدات.
🔹 بەرزبوونەوەی زەخت و شەکرە و چەوری کۆلیسترۆل و چەوری سیانی کە ئەمەش مەترسی توشبوونت بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەی جۆری ۲ زیاتردەکات.
🔹 تەنگەنەفەسی لەکاتی خەوتندا
🔹خەمۆکی، قەلەقی و گۆڕانکاری لە شێوازی نان خواردندا 
🔹بوونی خوێنێکی ناسروشتی لە منداڵدانەوە و دروستبوونی کێشەکانی منداڵدان.
 چی کاتێک پێویستە سەردانی دکتۆر بکەیت؟
پێویستە دکتۆر بتبینێت کاتێک گۆڕانکاری و ناڕێکیت لە سوڕی مانگانەدا بەدی کرد، وە کاتێک کە دووگیان بوونت دواکەوت و کێشەت هەبوو، وە هەرکاتێک نیشانەکانی بەرزی ئەندرۆجین هەبوو وەکو زیپکە، مووی زیادە، قژ ڕوتانەوەیەکی زۆر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن