*عیسمەت شەریف وانلی، ئەو كوردەی 50 ساڵ خەباتی بۆ كورد كردو تەنیا 1 ساڵ لە كوردستان ژیا!

کەلتوور

15/01/2022     ژمارەی بینراو 448

راچڵەکین-

*پێش 47 ساڵ و لە لووتكەی هەرەسدا داوای (فیدراڵیی) بۆ كورد كرد!

ئەو، كوردێكی عەیار 24 بوو، لە تەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، كەچی بەهەموو تەمەنی یەك ساڵی تەواو لە كوردستان نەژیاوە، دكتۆر عیسمەت شەریف وانلی ناوێكی پڕشنگداری بزووتنەوەی كوردایەتییەو هەرچەندە ساڵانی منداڵی و هەرزەكاری و لاوێتی لە شام بەسەربردووە و سێ‌ لەسەر چواری ساڵانی تەمەنیشی لە وڵاتی سویسرا ژیاوە، بەڵام زیاتر لە 50 ساڵ بێ‌ وچان بەچەندین شێواز كوردایەتی كردووەو بەرگریكارێكی سەرسەختی بزووتنەوەی كوردایەتی بووە لە هەموو پارچەكانی كوردستان.
ئەو دكتۆر عیسمەتە، من بە دوو هەڵوێستی زۆر سەرسامم و هەوڵدەدەم بۆ ئێوەشی بگێڕمەوە، یەكێكیان لەساڵی 1960 كاتێك وەكو سەرۆكی كۆمەڵەی خوێندكارانی كورد لە ئەوروپا، بەشداری كۆنگرەی قوتابیانی جیهان دەكات كە ئەوسا لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و لەلایەن خودی عەبدولكەریم قاسمەوە پێشوازییان لێدەكرێت، لە وتارەكەیدا بە زمانی فەرەنسی پێشكەشی كردووە، رەخنەیەكی زۆر لە دەستوری عیراق و دەسەڵاتەكەی دەگرێت كە مافی كوردی وەكو پێویست نەداوە، ئەم وتارەی رۆژی دواتر لە رۆژنامەی (خەبات)ی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاودەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هەڵایەكی گەورە لە ناوەندە عیراقییەكان و كێشەی نێوان پارتی و حكومەتەكەی عەبدولكەریم قاسم قوڵتر دەكاتەوە، تەنانەت عیراق (بەزۆر) د.عیسمەت وانلی لە عیراق دەركردو لەمبارەیەشەوە، وانلی لە گێڕانەوەكانیدا دەڵێت: كاتێك منیان بەرەو فڕۆكەخانەی بەغدا برد بۆ ئەوەی دەرم بكەن و بمنێرنەوە سویسرا، ئەو ئەفسەرەی لەگەڵیان ناردبووم بە هێواشی پێی وتم: من لە جێگای تۆ بم هەرگیز جارێكی تر سەردانی عیراق ناكەمەوە !.
رووداوێكی تر كە بۆ من جێگای سەرنج بوو، ئەو یاداشتەیە كە د.عیسمەت شەریف وانلی لە 1/12/1975 بۆ سەركردایەتی كوردی نووسیوەو بەپێی زانیارییەكانیش نوسخەی دراوە بە هەریەك لە مەلا مستەفای بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی، یاداشتەكە دوای رێكەوتنی شوومی جەزائیر نووسراوە شۆڕشی كورد بە تەواوی هەرەسی هێنابوو، بەڵام تەنیا تروسكاییەك كە خەریك بوو سەری هەڵدەدا ئەو جموجۆڵ و كۆبوونەوەو بڕیارانەبوو كە مام جەلال و هاوڕێكانی دەیانكرد و دەریاندەكرد بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، دیارە (د. وانلی)یش شتێكی بیستووە بەو پێیەی دۆستی نزیكی مام جەلال و د. كەمال فوئاد بووە كە هەردووكیان ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتین لەو كاتەدا واتە 1/6/1975.
بۆیە یاداشتەكەی بە زمانی عەرەبی بە ناونیشانی (طریقنا فی النضال من أجل التحرر الوطنی الكردی – الاشتراكیة) دەنووسێت و سەرەتا رەخنەیەكی زۆر لە حزبە كوردییەكان دەگرێت بەتایبەت (پارتی)یەكانی هەموو پارچەكانی كوردستان كە نەیانتوانیوە وەكو پێویست خەباتی تەندروست بكەن و پێی وابوو ئەوان بە كەرەستەی كۆن و نەتەوەپەرستییەوە كاریان كردووە بۆیە شۆڕشەكانی كورد وای بەسەرهاتووە، د.عیسمەت شەریف وانلی لەمبارەیەوە دەنووسێت:
ئەم قۆناغە پێویستیی بە بیركردنەوەیەكی سیاسیی پێشكەوتوو هەیە و نابێت هیچ خەوشێكی هەبێت، ئەویش بیركردنەوەی (سۆشیالیستییە) هەروەها دروستكردنی چەند رێكخراو و حزبێكی نوێی سۆشیالیستییە لە پارتە كوردی و كوردستانییەكان.
پێشی وایە: حزبی نەتەوەیی لە هەموو پارچەكانی كوردستان شكستی هێناوەو دەبێت روو لە سۆشیالیستیی بكەن، چەند هۆكارێكیشی دیاری كردووە بۆ ئەوەی پارتە كوردییەكان رەچاوی بكەن و لەمبارەیەوە لە یاداشتەكەدا نووسیویەتی:
بزووتنەوەی نیشتمانیی كوردیی ناتوانێت سەر بكەوێت ئەگەر پشت بە سەركردایەتییەكی (عەشایەری) ببەستێت، بەڵكو دەبێت خۆی لە داوی ئەم جۆرە سەركردایەتییە رزگار بكات و سەركردایەتییەكی بە كۆمەڵ یان مۆدێرنی سۆشیالیستیی بۆ خەباتكردن هەڵبژێرێت.
لە خاڵێكی تردا، زۆر راشكاوانە دەستنیشانی ئەوە دەكات كە (حوكمی زاتی) باوی نەماوەو دەبێت كورد داوای (فیدراڵی) بكات، دیارە د.عیسمەت وانلی تەجروبەی سویسرای بینیوەو تێیدا ژیاوە، ئەوەندەی من موتابەعەم كردووە تا ئێستا كەس بەمشێوە تەفصیلیە پێش 47 ساڵ بەر لەئەمڕۆ باسی لە گرنگیی (چارەسەری فیدراڵیی) بۆ مەسەلەی كورد نەكردووەو زۆر راشكاوانە دەنووسێت:
چارەسەری (حوكمی زاتی) بۆ كوردستان چارەسەرێكی بەس نییە، ئەگەر هاتوو حوكمی زاتی وەك خۆشی جێبەجێ بكرێت هەر گونجاو نییە بۆ مەسەلەی كورد، چونكە چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانی كورد ناكات و ناتوانرێت كورد بەشداری پێبكات لە دەسەڵاتی عیراق، و دیكتاتۆریەتیش لەسەر كوردستان هەر دەمێنێت و زۆرتریش دەبێت. بۆیە چارەسەری راستەقینەی مەسەلەی كورد (فیدراڵییە) و دەبێت عیراق ببێتە دەوڵەتێكی ئیتیحادی دیموكراسیی كە نەتەوە سەرەكییەكانی عیراق تێیدا بەشداریی دەسەڵات بكەن لە نێویشیاندا (كورد)، جگە لەمەش كورد لە جێگای نفوسی خۆی دەبێت خۆی حوكمی خۆی بكات و پابەندبێت بە حكومەتێكی ناوەندیی ئیتیحادی.
د.عیسمەت شەریف وانلی، كاتێك قەڵەمەكەی خستۆتە گەڕو بە سەركردایەتی كورد دەڵێت دەبێت لە (فیدراڵی) كەمترتان نەوێت، كورد لە لووتكەی هەرەس و ماڵوێرانیدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێی وابووە كورد نەتەوەیەكی نەمرەو هەر دێتەوە مەیدان، بۆیە بە رۆحیەتێكی كوردانەوە یاداشتەكە دەنووسێت و نەوەكو لە مەسەلەی (فیدراڵی)یش هەڵە تێبگەن، بۆیە بەشێكی یاداشتەكەی تەرخانكردووە بۆ شیكردنەوەی چەمكی (فیدراڵیی) بۆ سەركردایەتی كوردی ئەو كات.
لە یاداشتەكەیدا، كە بە دووردرێژیی نووسیویەتی، لە خاڵێكی تردا ئامۆژگاری سەركردایەتی كورد دەكات و بێ‌ جیاوازیی دەڵێت:
دەبێت سەركردایەتی كورد واز لە نەتەوەپەرستی بێنێت و خەبات بۆ مانەوەو خۆشگوزەرانی خەڵك بكات، نەك بە دروشمیی نەتەوەپەرستی شۆڕشەكان هەرەس پێبێنێت و نەگات بە مافەكانی خۆی.
د.عیسمەت، پێشی وایە نابێت پارت و حزبە كوردییەكان پشت بە وڵاتێكی تر ببەستن دژی وڵاتێكی تری ناوچەكە، لە كاتێكدا هەردووكیان بەشێكی پارچەی كوردستان دەكەوێتە ناویانەوەو بۆیە دەنووسێت:
نابێت بزووتنەوەی كوردایەتی پشت بەم وڵاتانە ببەستێت، تەنیا مەگەر وڵاتەكە (ئیشتراكیی) بێت، كە ئەمەش لە ئێستادا لە ناوچەكەدا بوونی نییە.
لە كۆتایی یاداشتەكەیدا، پێشنیازی ئەوە دەكات، ئەگەر بكرێت (یەكێتیی حزبە سۆشیالیستییە كوردیی و كوردستانییەكان) دابمەزرێت، بۆ ئەوەی ببێتە كۆكەرەوەی هەموو حزبە سۆشیالیستییەكانی پارچەكانی كوردستان و هاوكار و هەماهەنگی یەكتر بن بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی سۆشیالیزم لە كوردستان.
د.عیسمەت شەریف، لە ساڵی 1965 بە دواوە دەبێتە نوێنەرو باوەڕپێكراوی مەلا مستەفا بارزانی لە ئەوروپاو هەندێك وڵاتی ناوچەكە، بەڵام بێ‌ ئەوەی هۆكارەكەی دیار بێت هەر زوو مەلا مستەفا پەشیمان دەبێتەوەو نوێنەرایەتییەكەی لێوەردەگرێتەوە، بەڵام بەپێی قسەی هەندێك كەسایەتی ئەو سەردەمە وەكو (سەڵاحەدین بەدرەدین) پێی وایە مەلا مستەفا لەبەر هێڵی حزبایەتی و باوەڕی د.عیسمەت نوێنەرایەتییەكەی لێوەردەگرێتەوە، چونكە ئەو باوەڕی بە سۆشیالیزم هەبووەو پارتی-یش وەكو حزبی سەرەكی لە كوردستانی عیراق حزبێكی نەتەوەیی بوو.

 مەریوان مەسعود
*وێنەكە:
بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە تاران- 1964
لەراستەوە: نوری ئەحمەد ، عەزیز شەمزینی ، عیسمەت شەریف وانلی، ئیبراهیم ئەحمەد، مام جەلال تاڵەبانی، نەناسراو، حیلمی عەلی شەریف
* بۆ ئەم نووسینە سوودم لە كتێبی من مذكرات عسمت شریف وانلی كە لەبنكەی ژین چاپكراوەو چەند بابەتێكی گۆگڵ وەرگرتووە كە بڵاوكراونەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن