مام حەمید رەشاش و یادەوەریی شۆڕش.. چۆن باسی مام جەلال دەكات

کەلتوور

21/01/2022     ژمارەی بینراو 543

راچڵەكین – 

حەمید رەشاش یەكێكە لەو پێشمەرگە قارەمانانەی كە لە سەرەتاوە وەك كادیرێكی چالاكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە نەهێنی لەناو سەربازگەكانی دوژمن كاری حزبایەتی ئەنجام داوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول بەشدارێكی چالاك بووە لەناو شۆڕش دا. مام حەمید لە درێژەی گێڕانەوەی‌ سەربوردەی‌ ژیان‌و خەباتی‌ خۆی‌‌و بیرەوەرییەكانی، پەنجە دەخاتەسەر دێڕەكانی‌ چەند لاپەڕەیەكی تری مێژووی خەباتی كوردایەتی و بەرخودان ‌و دەگێڕێتەوە: هێشتا سەرباز بووم لە فەوجی سێی سەر بە لیوای سێی پیادەی‌ سوپای‌ عیراق، زۆربەمان كورد بووین لەو فەوجەدا، سەرەتای ئەوەبوو  ئاڵوگۆڕ دەكرا لە نێوان كوردو عەرەب. واتە سەربازی عەرەبیان دەهێنا لە كوردستان جێنشین دەكران، ئەو كاتە ئەندامانی حیزب بیرو بۆچوون و لێكدانەوەی جیایان هەبوو، چونكە هەندێك لە عەشایرەكان خۆیان ئامادەكردبوو ، بۆیە باس لەوە دەكرا كە ئەو ساڵە لەوانەیە شۆڕش دەست پێبكات.

كوژرانی‌ سدیق بەگی‌ میران لە نێوان حوجران و كاوانیان

حەمید رەشاش، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو كۆمەڵە هاووڵاتییەی بەكوشتنی سدیق بەگ تاوانبار كرابوون فەرمانی گرتنیان بۆ دەردەچێت، ئەوانیش خۆیان نادەنەدەست و هەر هەموویان چوونە شاخی سەفین، پاش ئەوەی بۆ ماوەیەك لەوێ دەمێننەوە، میرەكانی شەقڵاوە هێزێكی زۆری خۆیان كۆكردەوە بۆئەوەی لە تۆڵەی سدیق بەگ هێرش بكەنە سەر شاخی سەفین. ئەو مەفرەزەیە ئەوێ جێدەهێڵن دەڕۆنە دۆڵەڕەقە لای عەباسی مامەند ئاغا، دوای ئەوە جێگای خۆیان دەگۆڕن و دەچنە لای ئاغاكانی پشدەرێ، لە دوای بۆ ماوەیەكیش دەچنە لای ئەحمەد شاباز ‌و لەوێ دەمێننەوە، دواتر ئەو هێزە گەڕانەوە شاخی سەفین و لە ئەشكەوتەكانی سەفین جێگیر بوون، هەندێكی تر لە خەڵكی ناوچەكە  پەیوندی بەو مەفرەزەیەوە دەكەن، لەوانەی كە پەیوەندیان پێیانەوە كرد منیش لەبیرم مابێ لەوانە پێكهاتبوون ( سەعید مەسیفی ، مام تەها رەشكە ، حەسەن ناسڕ، وەستا شێخ محەمەد خۆی و برازاكەی كە ناوی عومەر بوو، خالید ئاژگەیی ، مامۆستا جەوهەر هیرانی) ‌و بەشێكی تر لە خەڵكی كاوانیان چوونە پاڵ ئەو مەفرەزەیە لە شاخی سەفین،  ئەوانە هەر هەموویان حیزبی بوون و لەپەیوەندیدا بوون لەگەڵ حیزب ، بۆیە حیزب لە زۆر شت ئاگاداری دەكردنەوە ، تا ئەو رۆژەی شەمسەدین موفتی فەرمانی دەستگیركردنی دەردەچێت و ئەویش خۆی نادات بە دەستەوەو ئەوكاتە لە ئاقوبان و پونگینە بوون لەم ناوچانە دەسووڕانەوە، جار جارەش مامۆستا مەلا عەوڵا سەردانی دەكردن، بۆ زانین مەلا عوڵا بە مەلا ماتۆڕ ناسرابوو.

پەیوندیكردنی چوار پۆڵیسەكەی هەولێر بە مەفرەزەكەی سەفین.

لە چوارچێوەی بیروەرییەكانی لەبارەی پەیوەندیكردنی ئەو چوار پۆلیسە، حەمید رەشاش دەڵێ‌: سەرەتای مانگی تەموز بوو لەساڵی 1961 لیواكەی ئێمە هاتە گوندی (بەرزێوە) بۆ فەرزیات، دیار بوو حكومەت هەستی بەوە كردبوو كەوا خەڵكێكی زۆر پەیوندی بەو مەفرەزەیە دەكات، بەو هۆیەوە حكومەت شڵەژابوو. لەم سەروبەندەدا چوار پۆلیس بە فەرمانی حیزب پەیوندیان بەو مەفرەزەیە كرد. كە بریتیبوون لە ( عەریف سڵێمان ، ئەنوەرجۆخین، رەشید شۆرەو رەحمان مەلا قادر) ئەوانە بە فەرمانی حیزب پەیوەندیان كردبوو لە ئاقوبان لەگەڵ شەمسەدین موفتی یەكیانگرتەوە. پەیوەندیكردنی ئەو چوار پۆلیسە دەنگی دایەوە لەناو سەربازو و پۆلیسە كوردەكان. حكومەت بەجارێ شپرزە بوو، لەناو سەربازگاكان توندو تیژی پەیدابوو، باوەڕیان بە سەربازو پۆلیسە كوردەكان نەمابوو، لە كاتی پاسەوانیكردن هەر سەربازێكی كورد عەرەبێكیان لەگەڵ دادەنا، لەكاتێكدا بڕیار بوو سەربازو جاش هێرش بكەنە سەر ئەو مەفرەزەیەی‌ لە چیای‌ سەفین بوون. هەر لە هەمان رۆژدا هەشتا پۆلیس لە عەریف و نائب عەریف پەیوەندیان بەو مەفرەزەیەی شاخی سەفینەوە كرد، بە خۆیان و چەكەكانیانەوە تا مانگی ئاب ئەو مەفرەزەیە ژمارەیان بوو بە زیاتر لە دووسەد كەس.

پلانی‌ پەیوەندیكردن بە شۆڕشەوە

 حەمید رەشاش و هاوڕێكانی، كە لە گوندی بەرزێوە بوون، كەوتنە پلاندانان بۆ پەیوندی كردن بە شۆڕشەوە، مام حەمید رەشاش، لە گێڕانەوەی‌ ئەو بیرەوەرییەدا دەڵێ‌: پلانەكەمان ئەوە بوو كە دەستبەسەر هەموو لیوای سێ دا بگرین، بە چەك تەقەمەنیەوە. ئاسانیش بوو ئەو كاتە هەر هەموو لێپرسراوی كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی كورد بوون و حیزبی بوون، ئێمە شەوان كۆگاكانمان بەكلیلی حیزب دادەخست پلانێكی زۆر تۆكمەمان دانابوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەربازگەكە. داوامان لە حیزب كردبوو لەشكر كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەرمان‌و ئێمەش لیواكە بە دەستەوە بدەین، جگە لە چەك‌و جبەخانە ئێمە سێسەد وڵاغمان لابوو، هەر هەموویمان ئامادە كردبوو. لە دوای هەر هەموو ئەوانە كەوتینە پەیوندیكردن بە وەهاب ئاغای جوندیان كە لە بارزانییەوە زۆر نزیك بوو نهێنیمان پێدان، ئەوانەی لەم پلانە ئاگادار بوون تەنیا 10 كەس بووین. لەوانە ئێستا تەنیا سێ كەسمان لە ژیاندا ماوین كە بریتین لەوانە (حەمید رەشاش ، خورشید شێرە ، رەحمان بێتووشی) لەرێگای وەهاب ئاغای جوندیان دەقی پلانەكەمان گەیاندە مەلا مستەفا بارزانی، پاش ماوەیەك وەڵامی داینەوە گوتی: بارزانی دەڵێ‌: جارێ زووە و خۆمان ئامادە نەكردووە بۆ شۆڕش، جارێ بە تەمای شۆڕش نین، با كەسیش دەست لەخۆی نەدا.

مام جەلال ‌و 17 پێشمەرگە

حەمید دەڵێ: لەدوای بڵاوەپێكردنی لەشكری عەشائیری، مام جەلال تاڵەبانی خۆی و تەنیا 17 پێشمەرگە هاتنە چەمی رێزان، زۆربەی پێشمەرگەكان بێ چەك بوون. مام جەلال شوكر قادرو پێشمەرگەیەكی تری نارد بۆ شاخی سەفین، كە هەندێ چەكمان بۆ بنێرن لەو چەكانەی لە جبەخانەی هەولێرەوە هاتبوون بۆ شاخی سەفین. ئەوەبوو سیانزە لەو چەكانەیان بۆ ناردبوون. لەوكاتەدا بوو كە هەندێك لە كادیرانی حیزب لەشارەوە هاتبوونە دەرەوە بۆ چەمی رێزان، لەوانە (مامۆستا برایم ئەحمەد، كە سكرتێری حیزب بوو ، مامۆستا نوری شاویس ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو، مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا ئەویش ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو). ئەوەبوو ئەو شەوە مام جەلال من و عەریف عەلی بانگ كرد ووتی وەرن با مەكتەبی سیاسیتان پێ بناسێنم، ئێمەش چووین ‌و زۆر رێزیان لێگرتین، ماوەیەك لەلایان دانیشتین و رۆیشتین. لەدوای دوو رۆژ مام جەلال بەدوای منیدا نارد‌و ووتی: دە كەس لە هێزەكەی خۆت دیاری بكە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی سەفەرمان هەیە، تۆ سەرپەرشتی ئەو هێزە دەكەی، منیش گووتم بەسەر چاو، هێزەكەم لە دە پێشمەرگە پێكهاتبوو بۆ بەیانییەكەی بەڕێكەوتین.

سەفەر بۆ لای‌ مەلا مستەفا بارزانی

ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەڕێكەوتن بۆلای جەنابی مستەفا بارزانی، ئەو كاتە بارەگاكەی بارزانی لە حاجی ئۆمەران بوو، لەوێ ئەو هێزەی لەگەڵ بارزانی دا بوون، گەمارۆی مەخفەرەكەی رایات-یان دابوو، بۆماوەیەكی زۆر ئەم مەخفەرە خۆی نەدا بەدەستەوە، نزیكەی چل رۆژی پێچوو، ئەو ماوەیە ئێمە هەر بەڕێوەبووین، بە قۆناغ دەڕۆیشتین ، ئەوەبوو رۆژێكیان لە گوندی شێخ وەتمان، لەبیرمە زەردەلوو (هەڵوژەی‌ زەرد) پێگەیشتبوو چلەی هاوین بوو، لەبن داری زەردەلوو جێگایان بۆ راخستین ئەو ناوە هەر هەمووی زەردەلوو بوو هەڵوەری بوو. برادەران هەمووی خەریكی زەردەلوو خواردن بوون لەوێ كۆیان دەكردەوەو دەیانخوارد، مەلا عەوڵا بەسەر دارە زەردە لووەكە كەوت ، مامۆستا برایم ئەحمەد توڕەبوو ووتی: ئەو هەموو زەردەلووە لێرە هەڵوەریوە تۆ بۆ بەسەر ئەو دارە كەوتی، ئەویش بەبێ دەنگی هاتە خوارەوە.

من لەوێ‌ نەمامەوە، چونكە جەنابی‌ مام جەلال بەدوایدا ناردم بچم بۆ گوندی خۆشكان، چونكە سێ ئەفسەر پەیوەندییان بە مام جەلال-ەوە كردبوو، دەبوایە من بچم بیانهێنم. منیش بەرێكەوتم خۆم و چەند پێشمەرگەیەك، كە گەیشتمە ئەوێ بینیم یەك لە ئەفسەرەكان موقدەم عەزیز عەقراویە ، ئەوەی تریشیان رەئیس بەكر عەبدولكەریم (ناسراو بە بەكر ئاغا) ، ئەوەی‌ تریشیان عەزیز ئەتروشی بوو. هەر سێ ئەفسەرەكەم وەرگرت لەگەڵ نامەیەك. بەڕێكەوتمەوە بۆ لای ئەندامانی مەكتەبی سیاسی. ئەوە بوو لە رایات پێك گەیشتینەوە، شەوبوو شەڕیش تەواو ببوو ئەوانەی لە مەخفەرەكە بوون خۆیان دابوو بە دەستەوە، هەروەها كە گەیشتینە ئەوێ، مەلا مستەفا بارزانیش لەوێ بوو. نامەكەم دایە دەست بارزانی خۆی، پێم ووت ئەوە ئەو سێ ئەفسەرەیە كە پەیوەندیان بە شۆڕشەوە كردووە، لەسەر داوای خۆمان ئەو مەفرەزە پێشمەرگەیە.

لە هەلێرەوە بۆ هەڵەدن

مام حەمید رەشاش لەدرێژەی یادەوەرییەكانی دەڵێ: مام جەلال هێزێكی گەورەی كۆكردبۆوە لە هەڵەدن بۆ مەبەستی گرتنی چوارتاو باسنێ چەند رەبایەیەكی عەسكەری ئەو هێزە كۆكرابۆوە، ئێمە ئەو هێزەی ناوچەی هەولێر لە دۆڵە رەقە بووین، ژمارەمان حەفتاو پێنج پێشمەرگە بوو، شەهید حەمید كاوانی لێپرسراومان بوو، منیش جێگری بووم، مام جەلال بەدوامانی رەوانە كرد بۆ ئەوەی ئەو هێزەی ئێمەش بەشداری بكات لە چالاكییەكە. ئەوەبوو ئەو هێزەمان جوڵاند بۆ هەڵەدن بەڕێكەوتین هەر كە ئێمە گەیشتین، ژمارەی لەشكرەكەی مام جەلال سەرپەرشتی دەكرد كە لە هەڵەدن بوون بوو بە سەدو پەنجا پێشمەرگە. ئەوەبوو ئەو هێزە بەرێكەوت بۆ ماوەت، مام حەمید بۆ پێناسەی ماوەت هەر لەگەڵ گێڕانەوەی یادەوەرییەكانی لەگەڵ ئەم هێزە دەڵێت ئێمە كە هاتینە ئەو شارە ساڵی 1962 بوو بەڕاستی شارێكی خزمەتگوزار بوون ، ئەو ئێوارەیە كە گەیشتینە ماوەت مەخفەرەكەی پۆلیس هەر لە ماوەت مابوو ئەفسەرەكەی گوایە لەگەڵ حیزب بوو ناوی جەلالی حاجی عەلی بوو، پێش ئەوەی هێزەكەی پێشمەرگە بگاتە ماوەت، جەلالی حاجی عەلی دەرگای مەخفەرەكەی لەسەر پۆڵیسەكان داخستبوو ، ئەوەبوو مام جەلال هێزەكەی بەو ناوچەیدا بڵاوكردبۆوە، بۆ ماوەی پێنج رۆژ لێرە ماینەوە، هەموو ئەو گوندانەی ئەو هێزەی پێدا دەرۆیشت لەم گوندانەدا مام جەلال بە ووتارە ئاگرینەكانی تووانیبووی سەرنجی زۆربەی خەڵكی ئەم ناوچەیە بۆ پێشمەرگە‌و شۆڕش رابكێشێ و وایان لێباكات ببن بەهێزی پشتگیری‌و پاڵپشتی شۆرش بە چەكەكانی خۆیان بوونە پێشمەرگەو نۆرەدار واتە پانزە رۆژ پانزە رۆژ چەكیان لەگەڵ پێشمەرگە هەڵدەگرت.

دەست بەسەرداگرتنی چوارتاو شەهیدبوونی حەمید كاوانی

پلانی‌ گرتنی چوارتا مام جەلال پلانەكەی بۆ داڕشتبووین، كە لە شەوی نەورۆز چوارتا دەبێ ئازاد بكرێت، ئەوە بوو مام جەلال هێزەكەی دابەشكرد بۆ چەند قۆڵێك. حەمید كاوانی و هێزێكی رەوانەی تەگەران كرد، من و رەحمانە رووتە و وەسمان حوجرانی و برازایەكی لەگەڵ چەند نۆبەدارێك لە بەردی قەڵی ، بەرامبەر مەڵبەندی ناوەندی چوارتا دانابوو ، مام جەلالیش لەگەڵ عەریف عەلی لەناو چوارتا بوون، ئەوەبوو بۆ نیوەڕۆكەی لەسلێمانیەوە هێزێكی گەورە هاتبوو كە لەپۆڵیسی گەڕۆك پێكهاتبوون، لە تەگەران حەمید كاوانی و هێزەكەی بەرەنگاریان بوونەوە تاكو درەنگانی شەو شەڕ بەردەوام بوو. 
هێزەكەی حكومەت شكستی هێنا، بۆیە بەیانیەكەی هێزێكی تری گەورەتر لە سلێمانیەوە  هاتبوو ئەو جارەیان فڕۆكەی جەنگیشیان لەگەڵدا بوو، حەمید كاوانی هەڵدەستێتە سەر پێیان و تەقە لە فڕۆكەكان دەكا و بۆیە فڕۆكەكە دەگەڕێتەوە سەریان و حەمید كاوانی و  كاكۆ سەعیدیش شەهید دەكات. هەرچەندە لەو شەڕەدا ئێمە دەستكەوتی زۆرمان هەبوو، بەڵام لەبەر شەهیدبوونی ئەم دوو پێشمەرگە قەرەمانە، هێزەكانمان كێشایەوە دواوە بۆ سەرگەڵو، لەوێ بەرێز مام جەلال خەریكی‌ بەرزكردنەوی‌ ورە‌و حەماسی‌ خەڵك بوو.

لە گوندی دڕییەوە بۆ ئەشكەوتەكانی مالومە

ئەشكەوتەكانی مالومە ئەو شوێنە بوو كە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی لێبوو بۆماوەی دوو ساڵ.  لەو ئەشكەوتانە كاری سیاسی خۆیان بە ئەنجام دەگەیاند. مام حەمید رەشاش لەگەڵ كۆمەڵە پێشمەرگەیەك یاوەریان بوون‌و دەگێڕێتەوە دەڵێ: من وەكو لێپرسراوی پاسەوانەكانی مەكتەبی سیاسی لەم ناوچەیە بووم. سەرەتا كە هاتین ئەشكەوتەكانمان خاوێن كردەوە، لە خوار ئەشكەوتەكانیش خانووێكمان بۆ پێشمەرگەكان دروستكرد، ئینجا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هاتن لێرە جێگیر بوون، مالومە سێ ئەشكەوتی بەتەنیشت یەكەوە لێبوو. یەكێكیان بچووك بوو تەنیا جێگای سێ كەسی لێدەبۆوە، ئەوە بوو هەرسێ ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی لەوێ دەخەوتن  هەرچەندە سەرەتا كە هاتین تەنیا خۆمان‌و چەكەكانمان بووین، تەنیا مامۆستا برایم ئەحمەد نەبێ بەتانییەكی لابوو ئەویشی لە ئەشكەوتە بچوكەكە راخست و شەو لەسەری دەخەوت. بەراستی مامۆستا برایم پیاوێكی زۆر وورد بوو، هەتا بڵێی پاك و خاوێن بوو، ئەوەبوو ناوەوەی ئەشكەوتەكەی بە رۆژنامە داپۆشی بوو، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لەوێ ناوەكانی خۆیان گۆڕی هەریەكەو بە ناوێكی تر بانگ دەكران. مامۆستابرایم ئەحمەد ناوی ببووە مامۆستا قادر، هەروەها نوری شاویس ببووە مامۆستا رەسول، هەروەها عەلی عەسكەری ببووە مامۆستا شەریف.

مام حەمید رەشاش دەڵێ‌:  نهێنییەكمان هەبوو لە نێوان خۆماندا، هەر كە میوانێك بهاتبایە ئەوە یەكسەر پێشمەرگەیەك لە خوارەوە دەهاتەلای ئەشكەوتەكان‌و دەیگوت (دەنگی تەیارە دێ). یەكسەر ئەندامانی مەكتەبی سیاسی دەچوونە ناو ئەشكەوتە بچوكەكە. میوانەكانیان دەبردە ناو ئەشكەوتە گەورەكە، پێشمەرگەكان میواندارییان دەكرد. هەروەها مەكتەبی سیاسی سێ تەتەری هەبوو لەنێوان مەكتەبی سیاسی لە ماڵومە  و شاری سلێمانی، جگە لەوانەش چەندین تەتەری تر هەبوون لەنێوان مەكتەبی سیاسی و ناوچەكانی تر ئەركەكانی خۆیان بەجێ دەگەیاند. نامە نووسین چوكلێتی بوو ئەو نامانەی بۆ مەكتەبی سیاسی دەهاتن دووبەرگی هەبوو لەبەرگی یەكەم نووسرابوو حەمید رەشاش. هەر كە نامەكەم دەكردەوە لە بەرگی دووەم نوسرابوو (م س) منیش دەمگەیاندە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی.

مام حەمید رەشاش،  دەگێڕێتەوە كە مانگی‌ كانوونی‌ یەكەمی‌ ساڵی 1962 رۆژێك مامۆستا برایم ئەحمەد داوای سێ وڵاغی لێكردم، وتی پێویستمان پێیە. منیش هاتمە گوندی دڕی‌، سێ وڵاغم هێنا، ئەوەبوو عەلی عەسكەری و مامۆستا عومەر دەبابە لەگەڵ من واتە (حەمید رەشاش) بەرەبەیانی ئەو رۆژە بەڕێكەوتین بەرەو ماوەت، هێشتا خۆر هەڵنەهاتبوو گەیشتینە گوندی (ئاوكورتێ) ئەو شەوە لەماڵی مەلا ئەحمەد ماینەوەو رۆژی‌ دواتر بەڕێكەوتین بۆ سەرسنوور، تا گەیشتینە سەر سنووری‌ ئێران و عێراق. لەوێ كاك عەلی عەسكەری و مامۆستا عومەر دەبابە چەكەكانیان دایەوە من و ئەوان لە ئاوەكە پەڕینەوە بەرەو ئێران، تاكو گەیشتنە ناو مەخفەرەكەی سەر سنوور چاوم لێبوو ئینجا من گەڕامەوە، دوای 15 رۆژ ئەوان گەڕانەوە بۆ مالومە، دیاربوو هەندێك دیارییان هێنابوو،  بەڵام حكومەتی ئێران داوای سكرتێری حیزبیان كردبوو، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ بكەن، ئەوەبوو مامۆستا برایم ئەحمەد شێوەی خۆی گۆڕیبوو، خۆی ئامادەكرد، تا ئەو كاتەی پیاوێك هات برای عەوڵا ئاغا بوو هەر ئەو شەوە مامۆستا برایم و براكەی عوڵا ئاغا  بەڕێكەوتن بەرەو ئێران. ئەوانیش15 رۆژیان پێچوو و هاتنەوە.

 لەدرێژەی گێڕانەوەی‌ بیرەوەرییەكانی، مام حەمید ئاماژە بە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی دەكا لە ئەشكەوتی مالومە دەڵێ: ئەو دوو ساڵەی لە ئەشكەوتی مالومە بووین دوو كۆبوونەوەی‌ مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لێ ئەنجام درا.

شۆڕش ئەكادیمیای‌ سەربازی‌ دەكاتەوە

مام حەمید رەشاش، باسی گواستنەوەی مەكتەبی سیاسی دەكات لە ئەشكەوتی مالومەوە بۆ گوندی عیساوێ، لەو بارەیەوە دەڵێ‌: بەر لەوەی مەكتەبی سیاسی بگوازرێتەوە بۆ عیساوێ، هاتن چەند خانوێكی باشیان لێ دروستكرد، دیاریكردنی عیساوێ گرنگی خۆی هەبوو یەكێك لەوانە شوێنەكەی كەوتبووە سەر سنووری ئێران، هەروەها دوو شاخی بەرزیشی لێیەو بۆردومانی فڕۆكەش نایگرێتەوە. مەكتەبی سیاسی پاش ئەوەی بڕیاریان دا بچنە گوندی عیساوێ، من داوام كرد ماوەیەك بگەڕێمەوە چەند ناوچەیەكی‌ تر بە مەبەستی‌  جەولەی پێشمەرگایەتی. ئەوەبوو هاتمەوە گوندی حاجی قەڵا لە دەشتی‌ كۆیە، زۆری پێنەچوو مەكتەبی سیاسی بەدوای منیان رەوانەكرد بەزووترین كات بگەڕێمەوە بۆ مەكتەبی سیاسی لە عیساوێ. هەر لەگەل گەیشتنی نامەكە من گەڕامەوە، یەكسەر چوومە لای مامۆستا برایم ئەحمەد، ووتم داواتان كردبوو بگەڕێمەوە فەرموو ئەوە هاتمەوە، ئەویش ووتی: بەنیازین ئەكادیمیای عەسكەری بكەینەوە، تۆش شارەزایی سەربازی باشت هەیە، بۆیە ئێمە تۆمان دەستنیشانكردووە وەك بەڕێوەبەری ئیداری ئەكادیمیەكە و لە هەمان كات وەك مامۆستایەك بۆ مەشقی سەربازی. ئەوەبوو خولەكەمان كردەوە. سەرەتا چل خوێندكارمان وەرگرت لە بەشی زانستی، زۆرمان ماندوو دەكردن، جاری وا هەبوو خۆشمان بێزار دەبووین، جگە لە مەشقی سەربازیی شەوانیش وانەی سیاسیان بە خوێندكارەكان دەگووتەوە. خولەكە تەواو بوو، هەموو خوێندكارەكان بوون بە ئەفسەری پلە یەك.

مەكتەبی سیاسی كە لە عیساوێ بوو گەرمە گەرمی كوردایەتی بوو شۆڕش پیشكەوتنی باشی بەخۆوە بینیبوو، لەگەڵ ئەوەش دەنگۆی ئەوە پەیدا بوو كە گوایە مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ حكومەتی عەبدولسەلام رێككەوتووە ‌و یەك لایەنە راگرتنی تەقەی راگەیاندووە و نابێ كەس تەقە لە هێزەكانی حكومەت بكات، پاش ماوەیەك مەكتەبی سیاسیان نارد كە بەشداربن لەم گفتوگۆیە، ئەوەبوو مام جەلال‌و مامۆستا برایم ئەحمەد و نوری شاویس، منیش لەگەڵ مەفرەزەیەك پێشمەرگە بەرەو رانیە بەرێكەوتین، مەكتەبی سیاسی و مستەفا بارزانی نەگەیشتن بە یەك، ئەوەبوو لەناو هێزی پێشمەرگە سەنگەر گواستنەوە دەستی پێكرد، هەرچی باڵەكەی‌ بارزانی بوو بەلای حكومەتی عێراقی دەچوو، باڵی مەكتەبی سیاسیش دەیانووت: ئێمە چەند ساڵە خەریكی شۆڕشین بۆ خەڵك، بۆیە دەبێ هەموو شتێك بۆ خەڵك ئاشكرا بكەین. ئەوە بوو چەندین جار هاتووچۆ لە نێوانیان كرا، بەڵام بێ سوودبوو. دوای بەستنی كۆنفرانسی ماوەت ئەوەبوو مەكتەبی سیاسی بڕیاریدا بارزانی لەكارەكانی حیزب دووربخەنەوە، دوای ئەوە بارزانی وەفدێكی ناردە لای ئەندامانی مەكتەبی سیاسی كە پێك هاتبوون لە عەبدوڵڕەحمان گۆمەشینی و ساڵح شێرە، ئەوانیش بە نائومێدی گەڕانەوە زۆربەی ئەندامانی لیژنەی مەركەزی لای باڵی مەكتەبی سیاسی بوون بەشێكی كەمی لای بارزانی بوو. بارزانیش كۆنگرەیەكی بەست‌و بڕیاریدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە حیزب دەربكات. لێرەوە شۆڕشەكە بوو بە دوولەت. دوای ئەوەش خەڵكێكی زۆر هاتەوە بەینیان، بەڵام بێ سوود  بوو ئەوە بوو هێزەكان كەوتنە ئامادەباشی، مام حەمید رەشاش بڕیاری داوە باس لە شەڕەكان نەكات، چونكە وەك خۆی‌ دەڵێ‌: گێڕانەوەی‌ ئەو شەڕانە ئازاری دەدا‌و دەڵێ‌: دوولەت بوونەكە بووە ماڵوێرانی بۆ كورد.

مام حەمید دەگێڕێتەوە: دوای هەڵوەشانەوەو پارچەبوونی پارتی دیموكراتی بۆ دوو باڵ ، منیش لەگەڵ باڵی مەكتەبی سیاسی یەكێك لەو پێشمەرگانە بووم كە پەڕینەوە بۆ دیوی ئێران. كە پەڕینەوە لەسەر سنووری ئێران ئێمە چووین بۆ هەمەدان. دووساڵ لە هەمەدان ماینەوە.

لە شۆڕشی ئەیلول دوو یادی‌ نەورۆزمان زۆر بە شایستەیی‌ كردەوە، ئەوەی بێتواتە لەكاتی سەرەتای شۆڕش بوو، گوزەرانمان زۆر باش نەبوو، بەڵام ئەو ماوەی لە هەمەدان ماینەوە  نەورۆزێكی خۆشمان كردەوە، بەرلە مانگێك پێش نەورۆز ئامادەكارییمان كردبوو،  كۆچكردوو مامۆستا خالید دلێر، سەرپەرشتی ئاهەنگەكەی دەكرد، پرۆڤەیەكی باشمان كرد. ئەوكاتە من و شەهید جەعفەر عەبدولواحید هەردووكمان لە تیپی هەڵپەڕكێ بووین، لەم ئاهەنگە بەشداربووین. شۆڕش ئامادەكاری باشی كردبوو خەڵكێكی زۆریان بانگهێشت كردبوو. خەڵكی زۆری هەمەدانیش ئامادەبوون. مامۆستا خالید دلێر شیعرێكی نوێی بۆ نەورۆز هۆنیبۆوە كردبووی بەسروودێكی زۆر خۆش، من دوو دێڕیانم لەبیرماوە كە دەیوت (ساڵێكی تریش وا داهاتەوە... رۆژی نەورۆزی كورد هەڵاتەوە... ئێمەش لەدوور وڵاتەوە بەجلی سووری رێی خەباتەوە .... تاد). ئاهەنگەكە بەسروودی ئەی رەقیب دەستی پێكرد دوابەدوای سروودەكە، مامۆستا عومەر دەبابە ووتارێكی بەزمانی فارسی لەدوایش بەزمانی كوردی خوێندەوە. جگە لە پێشمەرگە خەڵكێكی زۆر ئامادە ببوون، خواردنێكی زۆرمان دروستكردبوو، بەڵام بە داخەوە لەم رۆژەدا پێشمەرگەیەكمان لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركەكانی، سووتا و شەهید بوو بەناوی (كاكە رەش هەرزانی) . 

لەو ماوەیەی كە لە هەمەدان دوو پێشمەرگەمان تۆرابوون لێمان و جیاببونەوە. ئیشیان بۆ ساواكی ئێرانی دەكرد، پڕوپاگەندەی‌ ئەوەیان لە دژی‌ ئێمە كردبوو گوایە ئێمە كۆمۆنیستین‌و لە دژی حكومەتی شای ئێران كاردەكەین. ئەوە بوو بۆ ماوەی دوو مانگ ئێمە پێنج پێشمەرگە بووین پێك هاتبووین لە(بەندەو دكتۆرحەسەن و ئەنوەرجۆخین و شێخ عەزیز و خالید ئاژگەیی) لەبەر ئەوەی‌ قاچاغی وڵاتی ئێران و عێراق‌و پارتیش بووین، لەسەر سنووری ئێران - عێراق  لەگوندی (موسەك) دوو مانگ لەو ناوچە ماینەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی هێزەكانمان بۆ عێراق، ئێمەش گەیشتینەوە ناو هێزەكانمان. ئەوەبوو هێزەكان بەدوو قۆڵ گەڕانەوە، یەكیان بە مەرزی حاجی ئۆمەران ئەوەی تریان بە زڕگوێز دا. ئەوەی حاجی ئومەران سەركردەكانی لەگەڵ بوو لەوانە (عەلی عەسكەری و عومەر دەبابە و رەئیس كەمال موفتی ) ئێزگەكەشیان لەگەڵ خۆیان هێنابۆوە.

ئێزگەكە كێشەی نایەوە

مام حەمید رەشاش لە درێژەی یادەوەرییەكانی خۆی لەهەمەدان، ئاماژە بەو ئێزگەیە دەكات‌و دەڵێ : كە لە هەمەدانەوە بووین خوالێخۆشبوو (عەبدولخالق مەعروف)یش لەوێ بوو، بەڕاستی لەبواری تەكنیكاری زۆر بە سەلیقەو شارەزابوو، لە بواری رادیۆش پسپۆڕ بوو، رۆژێك لەبازاڕی هەمەدان رادیۆیەكی كۆنی بەرچاو دەكەوێت دەیكڕێ‌و دەیهێنێتەوە بۆ بارەگاكانی‌ خۆمان لەهەمەدان. لەژووری ناوچە داینابوو ئیشی لەسەركرد تاوەكو كردیە ئێزگەیەكی بچووك كە لەناو هەموو هەمەدان دەتوانی گوێی لێبگری. بۆ ناوخۆی هەمەدان پەخشێكی باشی هەبوو. بۆ چالاكی هونەریی كۆڕو كۆبوونەوەكان زۆر سوودمان لێوەرگرتبوو، جارجارەش گۆرانی پەخش دەكرد، خەڵكێكی‌ زۆری‌ لە دەوری‌ خۆی‌ كۆكردبۆوە. پاش ماوەیەك ئاشكرا بوو، حكومەتی ئێران هاتن چواردەوەرەیان گرت ئێزگەكەیان دەستبەسەرداگرت‌و بردیان.

  مام جەلال لە بۆسەكە رزگاری‌ بوو

  مام حەمید رەشاش، ئاماژە بە چۆنیەتی رزگاربوونی هەڤاڵ مام جەلال و هەڤاڵەكانی دەكات لە بۆسەیەك و دەڵێ: پاش گەڕانەوەی هێزەكانمان  لەهەمەدان ئێمە لە دۆڵە رەقە جێگیربووین، لەوێ سێ لە سەركردەكانمان لە هێزەكەی ئێمە جیابوونەوە ئەویش ئەوانەبوون، نوری شاویس و عەلی عەبدوڵلا ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوون و نوری  ئەحمەد تەها ئەندامی سەركردایەتی بوو. لەدوای جیابوونەوەی ئەو سێ كەسە، ماوەیەكی كەمی بەسەرداچوو بوو، كاتێك مام جەلال و هەڤاڵەكانی لەمیوانداری دەبن لە گوندی  نۆرێ، شەو مەفرەزەیەك دێتە سەریان، بەڵام عەباسی مامەندە ئاغا فریایان دەكەوێ و مەفرەزەكە غافڵگیر دەكاو تاوەكو لەلایەكی ترەوە مام جەلال و عەلی عەسكەری‌ و عومەر دەبابە و كاك حیلمی خۆیان دەرباز دەكەن و دەچنە گوندی خدران و لەوێشەوە بۆ گەورەدێ و لەوێشەوە خۆیان دەگەێننە ناو شاری سلێمانی، ئەو كاتە مەحەمەدی حاجی تاهیر لێپرسراوی ناو شاری سلێمانی بوو. ئەوەبوو مام جەلال هاتە ناو شاری سلێمانی لە هێزەكەی ئێمە كە دووسەد پێشمەرگە بووین دابڕا ، ئێمە لە دۆڵە رەقە ماینەوە، بە راستی بە دابڕانمان لە مام جەلال هێزەكەی‌ ئێمە پەشۆكا.

دواتر نامەیەكی مام جەلال‌و هەڤاڵەكانیمان پێگەیشت كە بۆ من و عەریف سلێمان هاتبوو. لێی نووسرابوو: ئێوە هێزەكانتان با هەر لای عەباس ئاغا  بمێنێتەوە تاوەكو ئێمە ئاگادارتان دەكەینەوە.

 لەو سەروبەندەدا، مام جەلال و هەڤاڵەكانی لەسلێمانی كەوتبوونە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی‌ عیراق لەسەر بەیاننامەی حوزەیرانی ساڵی 1966، لەم بەیاننامەیە هاتووە كە بارزانیش بەشدار دەبێت لەم گفتوگۆیەدا، ئەوە بوو بارزانی رازی نەبوو بەو رێككەوتنەی بیست و نۆی حوزەیران. مام حەمید رەشاش لە درێژەی بیرەوەرییەكانی ئاماژە بەوە دەكات كە دووبارە ئەم دوو باڵەی پارتی زیاتر لێكترازان، ئەوەبوو باڵی مەكتەبی سیاسی هێزێكیان كۆكردەوە و بۆ لای گوندەكانی قەواری و زەردە لیكاوو تیمار رۆیشتن  لەوێدا كۆنفرانسێك بەستراو  هێزێك پێكهات بە ناوی هێزی رزگاری لە ژێر فەرماندەیی هەڤاڵ مام جەلال، بوو لە بەكرەجۆ جێگیر بوون.  ئێمەش لەگەڵ رەئیس حەمەدەمین‌و شێخ جەنگی و عەریف سلێمان ئەو كاتە لە قەڵادزێ بووین، بەڕێكەوتین بۆ بەكرەجۆ، هەر كە گەیشتین لەگەڵ هێزی رزگاری گەشتینەوە یەك ئەوەبوو  هێزەكە گەورەتر بوو. مام جەلال فەرماندەیی هەموو هێزەكەی دەكرد. من بوومە ئەندامی ناوچەی پێشمەرگە و لێپرسراوی ئیدارەو جبەخانەی پێشمەرگە. مام جەلال بەكرەجۆی كردبووە گۆرەپانێك بۆ جۆشدانی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی‌‌و پەیوەندی بەستن بە شۆڕشەكانی جیهانەوە. ئەوەبوو جەندین شۆڕشگێری ئەریتیری هاتبوون لە بەكرەجۆ لای ئێمە مەشقی سەربازییان دەكرد، من یەكێك بووم لەوانەی سەرپەرشتیم دەكردن و فێری بەكارهێنانی جۆرەها چەكمان دەكردن. دوایی گەڕانەوە بۆ ووڵاتی خۆیان.

 
 مام جەلال لە بەكرەجۆ وك رەخساندنی‌ دەرفەت بۆ خستنەڕووی‌ سەرنج‌و رەخنە لەبەردەم بارەگاكەی خۆی لە بەكرەجۆ تابلۆیەكی هەڵواسی بوو، هەركەسێك رەخنە یاخود پێشنیاری هەبێ دەیتوانی زۆر بەئازادانە رەخنەكەی خۆی لەم تابلۆیەدا هەڵبواسێ، بۆئەوەی بگاتە مام جەلال بۆ ئەوەی بوو رای زۆرترینی خەڵكەكە لەسەر بابەت‌و گۆڕانكارییەكان وەربگرێ. بۆ نموونە جارێكیان من لەسەر سەفەرێكی مام جەلال رەخنەم لێگرت، لەسەر ئەوەی كە هاتەوە هەرچی كادیری عەسكەری هەبوو لەگەڵیان كۆبۆوە قسەی بۆ كردن، بەڵام لەگەڵ رابەرە سیاسیەكان هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەدا، منیش لەسەر ئەوە رەخنەم لێی گرت و پێم ووت جەنابی مام جەلال من رەخنەم لەجەنابت هەیە، وەك عەسكەر لە بەرامبەرم وەستاو ووتی فەرموو رەخنەكەت چییە، ووتم جەنابت دەڵێی بناغەی شۆڕش و پێشمەرگایەتی رێكخستنە ، كەچی لەگەڵ هەر هەموو عەسكەرییەكان كۆبوویەوەو تەنیا رابەر سیاسییەكان نەبێ هیچ لێدوانت بۆیان نەبوو، گووتی تۆ راست دەكەی‌و داوای لێبوردنی لێكردم. بەوەش هێندەی‌ تر مەزنی‌ ئەو پیاوەم بینی، نەك من پێویستە هەموو كورد شانازی بەو پیاوە مەزنە بكات.

PUKmedia كورستانی نوێ
--------

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن