ئەمشەو خۆشترین یاری بەبێ رۆناڵدۆ بەڕێوەدەچێت

وەرزش

19/04/2022     ژمارەی بینراو 161

راچڵەكین –

بەهۆی مردنی یەكێك لە دووانە تازە لەدایكبووەكەی، كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی ناوداری یانەی مانچستەر یونایتد لە یاری ئەمشەو بەرامبەر بە یانەی لیڤەرپوول بەشدار نابێت.

ئیدارەی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، لە پەیامێكدا ئاشكرایكرد كە رۆناڵدۆ لە یاریی ئەمشەو بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول بەشداری ناكات و تێیدا هاتووە، خێزانی هەر یاریزانێكی یانەكە لە پێش هەموو شتێكەوەیەو پێویستە رۆناڵدۆ لەو ساتە هەرە خەمناكەدا لەلای خێزانەكەی بێت و دڵنەوایی بكات.

یانەكە راشیگەیاندووە كە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو "كارەساتە جەرگبڕە"، وەكو دەستەی كارگێڕیی، رایدەگەیەنین كە یاریزانی ئەستێرە، كریستیانۆ روناڵدۆ لە یارییەكەی ئەمشەوی یانەكەمان لە خولی پرێمەرلیگ بەرامبەر بە یانەی لیڤەرپوول ئامادە نابێت. هاوكات سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی یاریزانی ناوبراو دەكەین.

جگە لە یانەی مانچستەر یونایتد، دەستەی كارگێڕیی هەریەك لە یانەكانی ریال مەدرید و یۆڤانتۆس-یش پەیامی سەرەخۆشییان ئاراستەی ئەستیرەی پرتوگالی، كریستیانۆ روناڵدۆ كرد.

كریستیانۆ روناڵدۆ و جۆرجینا رۆدریگزی هاوسەری، دوێنێ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو ئاشكرایان كرد یەكێك لەو دوو منداڵەی بە دووانە لەدایك ببوون، گیانی لەدەست دا و رایانگەیاند: "بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی مردنی یەكێك كوڕەكەمان رادەگەیەنین. وەكو دایك و باوكێكی جەرگسووتاو لە هەستێكی زۆر خەفتناكداین. تاكە شت كەتۆزێك لەو ئازارەمان كەم دەكاتەوە لەدایكبوونی كچكەمانە. كوڕەكەمان! لە یادت ناكەین".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن