( ئازۆڤستال) سومبولی بەرەنگاربوونەوەی سوپای رووسیا لە ماریۆپۆل-ی ئۆكراینا

ڕاپۆرت

21/04/2022     ژمارەی بینراو 573

راچڵەكین- ئاسۆ شەیدا

رووسیا لەزاری سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، كۆنترۆڵكردنی شاری ستراتیژی ماریۆپۆل-ی ئۆكراینی راگەیاند جگە لەناوچەی پیشەسازی ( ئازۆڤستال) لە خۆرهەڵاتی شارەكە. ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆكی رووسیا، فەرمانی بەیەكە سەربازییەكانی وڵاتەكەی كرد، هێرش نەكەنە سەر ئەو ناوچەیە بەڵكو گەمارۆیەكی توندی بخەنە سەر بەجۆرێك رێگا بە تێپەڕوونی " مێشوولە"ش نەدەن. 

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئۆكراینا ئاماژەیان بەوەكردووە كە زیاتر لە هەزار هاوڵاتی مەدەنی ئۆكراینی بۆ پارێزگاریكردن لەخۆیان روویان لە ئازۆڤستال كردووە، بەڵام وەزیری بەرگری رووسیا دەڵێت، لەو ناوچە پیشەشازییە كە دەووترێت شارێكە لەناو شارێكی تردا، زیاتر لە 2 هەزار سەربازی ئۆكراینی گەمارۆدراون، لەئێستاشدا ئازۆ ڤستال وەك دوا پێگەی بەرەنگاربوونەوەی ئۆكراینییەكان بەرامبەر رووسیا لەشاری ماریۆپۆل تاماشا دەكرێت.

ناوچەی پیشەسازی ( ئازۆڤستال) بایەخێكی ستراتیژی گرنگی هەیە كە تیایدا چەندین كارگەی تایبەت بە دروستكردنی هێڵی ئاسمانی شەمەندەفەر و بەرزكەرەوەو چەندین جۆر لەكەرەستەی كانزایی قورس لەخۆ دەگرێت. گرنگییەكەشی بۆ رووسیا لە دوو خاڵدا خۆی دەبینێتەوە:

یەكەم/ یەكێكە لەگەورەترین كارگەی كانزایی لە ئەوروپا.
دووەم/ بووەتە سومبولی بەرەنگاربوونەوەی سوپای رووسیا كەوایكردووە مۆسكۆ نەتوانێت بەفەرمی كۆنترۆڵكردنی ماریۆپۆل رابگەیەنێت.

ناوچەی پیشەسازی (ئازۆڤستال) لەسەر رووبەری 11 كیلۆمەتر چوارگۆشە دروستكراوە، ئەوەش وایكردووە سوپای ئۆكراینا وەك شوینێكی پارێزراو بەكار بهێنێت و ببنە هۆی سەرئێشە بۆ سوپای رووسیا.

شارەزایانی سەربازی رایانگەیاندووە، ناوچەی پیشەسازی (ئازۆڤستال) شارێكە لەناو شارێكی گەورەتردا، چەندین تونێل لەخۆدەگرێت كە سەرجەمیان 20 كیلۆمەتر دەبن و قوڵی هەندێكیان 30 مەتر دەبێت و لەسەردەمی یەكێتی سۆڤێتی جاراندا بونیاتنراون، ناتوانرێت لەئاسمانەوە هێرشی بكرێتەسەر، بەڵكو دەبێت لەژێر زەویەوە كۆنترۆڵ بكرێت ئەوەش ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت.

ئەلیكساندەر گرین بێرگ، شیكەرەوە لەپەیمانگای قودس بۆ ئاسایش و ستراتیژی دەڵێت، دزەكردنە نێو ئەو تونێلانە لەلایەن سوپای رووسیاوە زۆر ئەستەمە. دەشڵێت دەتوانن هەوڵی دزەكردن بدەن بەڵام بەئاسانی لەناو دەبرێن و كۆتاییان پێدەهێنرێت لەبەرئەوەی بەرگریكارانی تونێلەكە خەسڵەتێكی تەكتیكی تەواویان هەیە و تێپەڕاندیان ئاسان نییە.

رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە، رووسیا پێشنیاری ئاگربەستی بۆ سەربازانی نێو ناوچەی (ئازۆڤستال) كرد بەجۆرێك تەواوی یەكەسەربازییەكانی ئۆكرایناو ئەو ميلیشیا چەكدارانەی لەوێن خۆیان رادەست بكەن و روو لە ناوچەی (دۆنیتسك)ی ژێر كۆنترۆڵی رووسیا بكەن، بەڵام هەر زوو ئەو پێشنیارەی رووسیا لەلایەن ئۆكرایناوە رەتكرایەوە.

ناوچەی (ئازۆڤستال) لەساڵی 1930 لەلایەن رووسیاوە بونیاتنراوە، بەكەناڵێك لەگەڵ بەندەری ماریۆپۆل-دا بەستراوەتەوە، لەساڵی 1933 دا بەفەرمی كاركردن تیایدا دەستیپێكرد، لەجەنگی دووەمی جیهاندا سوپای ئەڵمانیا دەروازە سەرەكییەكانی ناوچەكەی خاپور كرد دوای پاشەكشەكردن لێی، بەڵام جارێكی تر بونیاتنرایەوە. 

خاوەندارێتی كارگەكە دەگەڕێتەوە بۆ گروپی (Metinvest) كەلەلایەن رینات ئەحمەدۆڤ دەوڵەمەندترین كەس لە ئۆكراینا بەڕێوەدەبرێت، پێشتریش ئەحمەدۆڤ بەڵێنی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ماریۆپۆل-ی دابوو.  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن