بەغدا لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكان هۆشداری بە هەرێم دەدات

ئابوری

12/05/2022     ژمارەی بینراو 197

راچڵەكین –

وەزارەتی نەوتی عیراق لەبارەی گرێبەستە نەوتییەكان، هۆشداری بە هەرێمی كوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت، هەر هەرێمێك سەربەخۆ گرێبەستی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان بكات، پێچەوانەی دەستورە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی نەوتی عیراق، كە میدیاكانی عیراق بڵاویانكردووەتەوەو تایبەتە بە كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان، تێیدا هاتووە، كە سیاسەتی پەرەپێدانی نەوت و ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، تەنها لە دەسەڵاتی ئەو وەزارەتەدایە نەك هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی نەوت جەختی لەوەكردووەتەوە كە هەرێمەكان مافی ئەوەیان نییە تاكلایەنە گرێبەستی نەوتی لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكاندا بكەن، هەر هەرێمێكیش بەشێوەیەكی سەربەخۆ گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان بكالت بۆ هەناردەكردنی نەوت و غاز، پێچەوانەی دەستوورە.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی نەوتدا هاتووە، حكومەتی فیدراڵی مافی سەرپەرشتیكردنی ئەو كێلگە نەوتییانەی هەیە كە لە داهاتوودا دەدۆزرێنەوە، هاوكات سیاسەتی پەرەپێدانی نەوت و غازیش بە تەنها لە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵییە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن