راچڵەکین-
قژ هەڵوەرین یەکێکە لەو گرفتە گەورانەی کە ژنان و پیاوان پێوەی دەناڵێنن و کاریگەری دەروونیشی هەیە لەسەریان و هەموو رێگایەک بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی هەڵوەرینەکە رابگرن.
د.گەشین کەمال، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری باس لە هۆکاری قژ هەڵوەرین و چارەسەرەکانی دەکات و دەڵێت:"بە شێوەیەکی سروشتی رۆژانە ٥٠-١٠٠ تاڵی قژ هەڵبوەرێت ئاساییە و گەر لە ١٠٠ تاڵ زیاتر وەری ئەو کاتە کێشەیەک بوونی هەیە".
هۆکارەکانی هەڵوەرینی قژ
کۆمەڵێک هۆکار هەیە بۆ هەڵوەرینی قژ، بەڵام گرنگترین و کاریگەرترینییان ئەمانەن:
- دڵەڕاوکێ و هیلاکی زۆر/ وەک ئەنجامدانی نەشتەرگەری و دابەزاندنی کێشێکی زۆر و منداڵبوون و خەفەتی زۆر.
- توشبوون بە نەخۆشی/ وەک تای بەرز و یان توشبوون بە ڤایرۆس و فایرۆسی کۆرۆنا و بەدخۆراکی و نەخۆشییەکانی پێستی سەر.
- بەکارهێنانی هەندێک دەرمان/ وەک دەرمانەکانی شێرپەنجە و دەرمانی هەوکردنی جومگەکان و راگرتنی لەناکاوی حەبی رێگری لە منداڵبوون.
- بە هەڵە مامەڵەکرد لەگەڵ قژدا/ وەک بەستنی قژ بە توندی و بە شێوەیەکی بەردەوام.
شێوازەکانی راگرتنی هەڵوەرینی قژ
سەرەتا دەبێت و گرنگە سەردانی پزیشکی پێست بکەیت و پشکنینی بۆ بکات و دەستنیشانی هۆکارەکان بکات ئەوکاتە چارەسەر وەربگریت کە گرنگترینییان ئەمانەن:
- شێلانی پێستی سەر کە وا دەکات خوێن بە خێرایی جوڵە بکات و چالاک ببێتەوە.
- بەکارهێنانی رۆن و تەڕکەری چارەسەر بە تایبەت ئەوانەی پزیشکی پسپۆڕی پێست دەستنیشانی دەکات بە پێی شێوازی پێست و قژەکە و هۆکارەکانی بەکاردەهێنرێت.
- خواردنی بەسود کە هاریکارن بۆ بەهێزبوونەوەی پێست و قژ وەک سەوزە و میوە و خواردنەوەی ئاو.
- وەرگرتنی ڤیتامینەکان ئەویش دەبێت پزیشک دوای ئەنجامدانی پشکنین دەستنیشانی بکات
- دوورکەوتنەوە لە گەرما و توندبەستنی قژ.
- بەکارهێنانی پلازما بۆ بەهێزکرنەوەی پێست و خانەکانی قژ .