بەهار مەحمود: دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەران لەدەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا نییە

چاوپێکەوتن

03/04/2020     ژمارەی بینراو 269

راچڵەكین-

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەران بەپێی دەستوور لەدەسەڵاتی حكومەتی بەغدایە نەك هەرێمی كوردستان.

د. بەهار مەحمود، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە، دەڵێت" لەبەر ئەوەی هێشتا بودجەی 2020 پەسەند نەكراوە، وە ڕاست بڵێیین خەتایەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان-یشی تێدایە چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا پابەند نەبووە بەو بڕگەیەی بۆی دانراوە كە بریتیە لە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕادەست سۆمۆ بكردایە چونكە دەمێكە ئەندام پەرلەمانە عەرەبەكان دەیانوت ئەوەی لە 2019 بۆ هەرێم چووە سەر نابێت لە 2020 بەهەمان شێوە بێت هەتا هەرێم نەوت ڕادەست دەكات، لەلایەكەوە حەقیشیانە پێیان وابوو نابێت ئێمە لەلایەكەوە نەوت نەنێرین و بودجەشمان بۆ بێت."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عیراق ئەوەشی وت:" دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و دابەزینی نرخی نەوت ئەوانە هەمووی كاریگەری هەبووە، وە عیراق خۆی ئێستا لەبەردەم ئەوەدایە كەنەتوانێت موچەی فەرمانبەرانی بدات بەڵام عیراق خۆی یەدەگی هەبووە لەبانكی ناوەندی."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەدوری زانی عیراق دەستكاری موچەی فەرمانبەرانی خۆی بكات لەم كاتەدا و وتی:" من وای بۆناچم لەم كاتەدا كاری وابكات چونكە عیراق دەوڵەتە وە یەدەگی هەیە لەبانكی ناوەندی بۆیە زۆر بەدوری دەزانم لە ئێستادا دەستكاری موچەی فەرمانبەران بكات بەڵكو دەستكاری موچەی وەزیر و پەرلەمانتار و پلەتایبەت هەتا بەڕێوەبەرە گشتیەكان دەكرێت و لە 25% ی موچەی ئەوانە دەبڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە كۆرۆنا."

ڕونیشیكردەوە:" ئەگەر عیراق دەستكاری موچەی فەرمانبەرانی خۆی بەیاسا بیكات، من دڵنیام حكومەتی هەرێم ئەوكات ئەو یاسایە جێبەجێدەكات لەڕێگای پەرلەمانی كوردستانەوە چونكە لەشتە باشەكاندا حكومەتی هەرێم لەكوردستان جێبەجێی ناكات بۆ نمونە عیراق یاسایەكی خانەنشنی باشی هەیە كە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیر وەك خانەنشینی ئاسایی وایە لەوكاتەوەی من لەپەرلەمانی كوردستان بووم داوامان كردووە ئەو یاسایە جێ بەجێ بكرێت لەكوردستانیش بەڵام چونكە زیانی خۆیانی تێدایە جێ بەجێی ناكەن،بەڵام بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسای عیراق دەستكاری كردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناهەقیەكە بەرامبەر فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت و نایاساییە چونكە ڕێكخستنی موچە لە دەسەڵاتە "حصرییەكانە " كە لەدەستوری عیراقیدا هاتووە واتە ئەوەی لەدەسەڵاتی حكومەتی عیراقیدایە بریتیە لە سیاسەتی دارایی بەڕای من موچە بەشێكە لە سیاسەتی دارایی ."

د.بەهار مەحمود دەشڵێت:" ئەگەر حكومەتی هەرێم دەڵێت بەهۆی كۆرۆناوە داهاتی ناوخۆ كەمیكردووە ئەوا با پابەندبن بە ڕادەستكردنی نەوتەكە، بۆ پێشتر كە بەرمیلێك نەوت بووە 100$ هیچ "موكافەئە"یەكیان دا بەفەرمانبەران بۆ كە نەوت لە 50$ دەبێتە 25$ خێرا لەموچەی فەرمانبەرانی دەبڕن؟! حكومەت بریتی نیە لەوەی ئەمڕۆ هەتبێت بەیانی قەیناكە، حكومەت بریتیە لە پلان و ستراتیژ ئەم حكومەتە لە بیست و نۆساڵی پێشوودا تراتیژێكی نەبووە ژێرخانی خۆی پێبگەیەنێت كە كەوتە دۆخێكی واوە هیچ نا بتوانێت شەش مانگ ئیدارەی میللەتێكی پێنج ملیۆنی بدات ئەمانە هەمووی ئەنجامە كەئێمە تێی كەتوین بۆیە پێویستە خۆیان تەحەمولی ئەنجامی ئەوكارانەیان بكەن نەك فەرمانبەر."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەشی وت:" من ئاگام لەداهاتی هەرێم نیە چونكە شەفاف نیە تا بڵێم ئەو بودجەیەی لەعیراقە دێت بەشی هەموو موچەی فەرمانبەران دەكات یا نا بەڵام بەپێی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێم بەڵێ ئەو بودجەیەی مانگانە لەبەغدادەوە دێت بەشی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات."

د.بەهار مەحمود دەشڵێت:" بەڕاستی مرۆڤ دەبێت بەویژدانەوە قسەبكات حكومەتی هەرێم لەمەسەلەی ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنادا یەكێكە لەو حكومەتانەی كە زۆر بەسەركەوتوو دەژمێردرێت لەسەر ئاستی وڵاتانی دنیا ناوی دەهێنرێت ڕێ و شوێنەكانیان لەكاتی خۆیدا بوو خۆی مەسەلەی كۆرۆنا لەهەموو دنیا پەیوەندی بەدۆخی ئابورییەوە هەیە بەڵام هیچ حكومەتێكی دنیا نەیوتووە لەبەر كۆرۆنا موچەی فەرمانبەر دەبڕم بەپێچەوانەوە هاوكاری هاوڵاتیانی خۆیانیان كردووە، بۆیە نابێت كۆرۆنا ببێتە هۆی ئەوە، دەبێت حكومەت بیر لەڕێگا چارەی تر بكاتەوە نەك لەبڕینی موچەی فەرمانبەران بڕینی موچەی فەرمانبەران شتێكە نایاساییە، ناشەرعیە، نائابورییە، نا هەموو شتێكە، ناهەموو شتێكی خراپە."

هەروەها ڕایگەیاند:" هەموو مانگێك لەبەغدادەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاتووە، كەدەوترێت دوو موچە هاتووە لەمانگی سێ-دا ، ڕاستە لەماوەی بیست و سێ ڕۆژا دوو موچە هاتووە ، لە 3/3 موچەیەك هاتووە كە لەبەغداد هی مانگی دوو بوو حكومەتی هەرێم موچەی مانگی یانزەی پێدا، وە لە 26/03 -ێشدا موچەیەك هاتووە كە لەبەغداد هی مانگی سێ بوو بەڵام حكومەتی هەڕێم موچەی مانگی دوانزەی پێداوە."

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عیراق وتی" هیوادارم حكومەتی هەرێم بیر لەدەستكاری كردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەكاتەوە، هەرچەندە نازانم هەڵوێستی بەغداد چی دەبێت چونكە ئەوكات پێویستە سكاڵا لەدادگای فیدراڵی تۆماربكرێت دواتر دادگا بڕیاردەدات ئەوە یاساییە یا نایاسایی ئەوكات دەكەوێتە سەر ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیارەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە یا نا، بەڵام بەغداد زۆر زۆر هەڵوێست بنوێنێت ڕەنگە بیر لە بڕینی بەشەبودجە و موچە هەرێم بكاتەوە چونكە ئەوكات دەڵێت من بودجە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرم تۆ نایدەی بەفەرمانبەران بۆیە هیوادارم هەرێم بیر لەڕێگاچارەی تر بكاتەوە نەك لەدەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن