حوكمڕانی وانابێ ....

محەمەد ناوەندی


03/08/2020

 هەموو ئەوانەی لەمن نزیكن و یان لانی كەمی ئاگاداری تێڕامانی تایبەتی منن، هەموویان دەزانن من هەرگیز لەدوربینی حیزبایەتییەوە تەماشای كارەكانی حكومەتی هەرێمم نەكردووەو هیچ كاتیش و ئێستاو ئایندەش جگە لەهیواو ئومێدی زۆرم بەوحكومەتەو خۆشەویستییەكی كوردانەم بۆحكومەتی كوردستان، شتێكی ترم نەبووەو نابێ، حكومەتی هەرێم بەباوەڕی من وەك مناڵی تاقانە وایە دەبێ جگە لەخۆشەویستی زۆر پشتیوانی زۆری بكەین و چاوپۆشیش لەهەندێك هەڵەی بكرێت...

بەڵام شێوازی مامەڵەی حكومەت لەسەرەتاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنا هەڵە بووەو ئێستاش لەسەر هەمان ڕێكارو سیاسەتی هەڵە دەڕۆن و ئەزموونی وڵاتانی جیهان و واقیعی كۆمەڵگای كوردەواری و ژیانی هاووڵاتیان لەبەرچاو ناگرن، سەرەتا ڕێكارو ڕێگرییەكی زۆر توندوتۆڵ كراو ڕاگەیاندن خرایە خزمەتی ئەو نەهامەتییە، پاش نزیكەی مانگێك هەرێمی كوردستان بووە بانێك و چەند هەواو شارچێتی و ناوچەگەری وحزب حزبێنە خزانە نێو ڕێكارەكان و بەخشینەوەی تۆمەت و بەرپرسیارێتی تەشەنەكردنی كۆرۆنا دەستی پێكرد، شوكر زوو لە ترسناكی ئەو شەپۆلە تێ گەیشتن و وەستاندیان ، ئێستا نەخۆشی یان ڤایرۆسی كۆڕۆنا لەوە تێپەڕیوە بە كەرەنتینەو داخستنی ڕێگاوبانەكان پاشەكشەی پێ بكرێت، بەڵكو كاتی ئەوەیە لەهەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كار لەسەر ووشیاركردنەوەی زیاتری تاك بكرێت و ڕێكاری چاودێری وپێ بژاردن بكرێنە بنەماو زۆر بەوردی كار لەسەر جێ بەجێ كردنیان بكرێت ....

ڕێگای سلێمانی و دهۆك و هەولێر دابخەن، بەڵام لەناوخۆی شارو شاۆچكەكان تێكەڵاوبوون و هاتووچون بەردەوامە، كەواتە چی دەگۆڕێت، ئەگەر بارودۆخ هێندە خراپە ئەی بۆچی لەڕۆژانی جەژن ڕێگەدرا ئەو هەموو بەریەككەوتنە هەبێت بەكردنەوەی ناوچە گەشتیارییەكان و نێوان پارێزگاكان، ئەو ڕێكارە تازەیەی  حكومەتی هەرێم جگە لەزیادكردنی ترس و دڵەڕاوكێ بەولاوە هیچی تر ناگۆڕێت و بەدڵنیایی بڕیارێكی هەڵەیە، ئەوەی تائێستا باسی لێوە دەكرێ پێ دەچێت ڤاكسین لەكۆتایی ئەمساڵ بەرهەم بێت و كۆڕۆناش ببێتە پەتایەكی بەردەوام و بمێنێتەوە، لە بارودۆخێكی ئاوادا دەبێ كار لەسەر ڕاهێنانی هاوڵاتی بكرێت بۆ خۆگونجاندن و بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە نەوەك داخستنی ڕێگاوبان، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆڕۆنا پێ ناچێت بەوردی ئاگاداری ژیانی هاوڵاتی و گیرفانی بەتاڵیان بن، بۆیە حكومەتیان ناچاری بڕیارێكی لەوجۆرە كردووە ، بەڕێز سەرۆك وجێگری سەرۆكی حكومەتی كوردستان ( قوربان حوكمڕانی وانابێ ).