ململانێ‌و ئەركەكان.. لەبەر رۆشنایی راگەیەندراوی یەكێتی-پارتی

مەلا بەختیار


12/08/2020

رۆژی 11/ی ئابی 2020، یەكێتی‌و پارتی، كۆبونەوەیەكی تریان ئەنجامدا.

 وادیارە ئەم كۆبونەوەیەش، هێشتا، لەلایەن پارتیەوە، بۆ زەمینەخۆشكردنی كۆبونەوەی باڵایە.. كە تیایدا متمانەی پەیوەندی سیاسی هەردوولا هاتبێتەئاراوە. كە بەداخەوە، ئەو متمانە سیاسییە، بە موزایەدەی سیاسی‌و هەلپەرستی، لەدەست درا.

جگەلەوەی راگەیەندراوەكە، هەڵەی رێزمانی جۆراوجۆری تیایە. ناوەرۆكەكەشی، لەدوای لێكدابڕانی نێوان هەردوولاو پروپاگەندەكانیشیان بەرامبەر یەكتر لە ساڵی رابوردوەوە.. كە بە دوو ئاڕاستەی جیاوازی سیاسی، ناكۆكیەكانیان قوڵدەكرد:

- ئاڕاستەی یەكێتی.. هەر لە كێشەی زینۆی وەرتێوە، بۆ باسكردنی لامەركەزی ئیداری.. تا دەگاتە هەڕەشەی گۆڕینی حكومەت، گوایە یەكێتی چیكە، بە سیاسەتی پێش چوارەمین كۆنگرە، لەو پەیوەندییە ناهاوسەنگییەی لەتەك پارتی رازی نابێ‌.. تاد.

- ئاڕاستەی پارتیش.. داكۆكی لە حكومەتی سەرانسەری هەرێم‌و پاراستنی حكومەت‌و دووركەوتنەوە لە راگەیاندنی زبرو گرژو یەكهەڵوێستی لە پەرلەمان.. تاد.

راگەیەندراوی هاوبەشی دوێنێ‌، بەزۆری، بۆچونەكانی پارتی تیایدا رەنگی سیاسی داوەتەوە. ئەوەی لە كۆبونەوەكەو راگەیاندراوەكەدا باسنەكراوە، ئەمانەی خوارەوەن:

- چارەسەركردنی كێشەی زینۆی وەرتێ‌.

- لامەركەزیەتی ئیداری.

- هاوسەنگی حوكمڕانی.

- توخنی نەهێشتنی گەندەڵی.. نەكەوتون.

- باسی كۆنترۆڵكردنی گومرگەكان نەكراوە.

- قسە لە نەوتی بەقاچاخ براو لەئارادا نەبووە.. تاد.

لە هەموو حاڵەتێكدا.. بەبێ‌ ئەوەی گوێ‌ بدەمە موزایەدەو پروپاگەندەی هەلپەرستە مشەخۆرەكان، بەندە، وتومەو دەیڵێم:

سەرەڕای جیاوازیەكان، نەك پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی بە ئەرك دەزانم.. بەڵكو چارەنوسسازیشە. هاوكات، پەیوەندی هەردوولاو بزوتنەوەی گۆڕان، بە بناغەی حوكمڕانی ئەم قۆناغە دادەنێم. هەروەها، پەیوەندی مەدەنی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەشدا، گرنگە.

ئەم پەیوەندییە، دوور لە روانگەی حوكمڕانی زۆرینەی پارتی‌و سیاسەتی دووفاقی یەكێتی (دەسەڵات-ئۆپۆزسیۆن) پێویستی بە لێكدانەوەیەكی هەمەلایەنەی هاوچەرخە.. لەبەر رۆشنایی گۆڕانكاریەكان.  لێكدانەوەی هاوچەرخ واتا:

یەكەم: سیستەمی حوكمڕانی گۆڕانكاری ریشەیی بەسەردا بێت.

دووەم: لەماوەی 6 بۆ 12 مانگ، دەستوری هەمیشە دیموكراسی-مەدەنی گەلپەسەند، پەسەند بكرێ‌.

سێهەم: شەفافیەت لە تەواوی سەرچاوەكانی داراییدا هەبێ‌.

چوارەم: گەندەڵی ریشەكێش بكرێ‌‌و هەر لایەك‌و كەسێك، كۆن‌و نوێ‌ گەندەڵی لەسەر بسەلمێندرێ‌، سامانی حكومەتیان لێبسەندرێتەوەو دادگایی بكرێن.

پێنجەم: ستراتیژی گەشەپێدانی مرۆیی، لە زانكۆكاندا بە بودجەی تەواوەوە، بە سەربەخۆیی زانكۆكانەوە، پەرلەمان یاسای بۆ دەربكات.

شەشەم: ئاسەواری دوو ئیدارەیی نەمێنێ‌‌و هێزە چەكدارەكان.. بە پرۆژەیەكی گشتگیرو بە دەستور یەكبخرێتەوە. بە ئاساییشەوە.

حەوتەم: ژێرخانی ئابوری بەرهەمی فرەچەشن؛ پیشەسازی، نەوت، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار.. پتەو بكرێ‌.

هەشتەم: یاسای سۆسیال-دادپەروەری بچەسپێندرێ‌.

نۆهەم: ژنان.. یەكسان لەتەك پیاوان، ئەرك‌و مافیان بە كردەوە هەبێ‌!

دەهەم: ئەنجومەنی سەنا (پیران) بۆ تەكنۆكرات‌و شارەزاو شایستەكان، هەڵبژێردرێ‌.

یانزەهەم: حكومەتەكان.. نیوەی كەمتریان، تەكنۆكرات‌و پسپۆڕ نەبن.

دوانزەهەم: نەخوێندەوارو دەرچوی خوێندنی سەرەتایی-ناوەندی، لە پەرلەماندا، قبوڵ نەكرێ‌.

سیانزەهەم: بەپێی رێژەی كوردو پێكهاتە رەسەنەكانی تر، لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، كاندیدیان لە پەرلەمانی كوردستان‌و حكومەتی هەرێمدا هەبێ‌.

ئەو بنچینانە.. و ئەركی دیكەش، پێویستن‌و دەشبێ‌ بكرێنە پرۆژەی ستراتیژی هاوچەرخ، بۆ حوكمڕانی دیموكراسی-مەدەنی.. ئەگینا، بەدڵنیاییەوە، ئەم شێوە حوكمڕانییە-حیزبییە گۆشەگیرییەی ئێستای هەرێم، زیانی بە ئەندازەی ئەقڵیەتی تایفەگەری، بۆ سیستەمی دیموكراسی هەیە.

12/8/2020