پڕۆژە یاسایی میدیای ئەلكترۆنی و پەیڤێك

مافپەروەر كامۆ خدر


17/08/2020

یەكێك لە كێشە و گرفتەكان كە بەرۆكی تاكی كوردی گرتووە ئەوەیە كەوا ڕاهاتووین یان فێركراوین تەنها مانشێت یان سەرەدێرێك دەخوێنینەوەو بریار دەدەین بێ ئەوەی لەناوەڕۆكەكەی تێ بگەین، كە ئەمجارە بەشێك لە ئەندام پەرلەمانەكانی  كوردستانیشی  گرتووە لە كاتێكدا واژۆیان لەسەر پرۆژە یاساكە كردبوو، بەڵام دوا بەدوای كاردانەوەكان پاشگەزبوونەوە لە واژووی خۆیان، لەكاتێكدا خوێندنەوەی یەكەمی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ كراوەو هیچ بڕگەو ماددەیەك نییە كە واژۆت لەسەر پرۆژە  یاسایەك كردو خوێندنەوەی بۆ كرا بڵێی واژۆكەم دەكێشمەوە، ئەوە كارەساتە قەدری واژووی خۆت نەگریت یان بێ تێگەیشتن لە ناوەڕۆك واژۆ بكەی، بە تایبەت لە شوێنێكی گرنگی وەك پەرلەمان، دەكرا لەكاتی دەنگداندا ئەو  بڕگەو مادانەی لە خزمەتی گشتی دا نین دەنگی پێنەدرێت.

بەداخەوە لەم چەند ڕۆژەدا لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسایەكی ئامادەكردبوو بەناوی یاسایی میدیایی ئەلكترۆنی، كە چەند بڕگەو مادەیەكی یاساكە بڵاوكرانەوە و كاردانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بێ ئەوەی لە ناوەڕۆكەكەی بگەن و باشی و خراپی پرۆژە یاساكە هەڵبسەنگێرێت.

ئەگەر سەیری ناوەڕۆكی پرۆژە یاساكە بكەین بە بڕوایی من ئەگەر چەند بڕگە و مادەیەكی لەكاتی پەسنكردندا گۆڕانكاری تێدا بكرێت ئەوە پرۆژەیاسایە خزمەتێكی باشی ڕۆژنامەنووسان دەكات، گەر چاوێك بخشێنینەوە بە یاساكانی ڕابردوو بۆمان دەردەكەوێت چ یاسایی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و چ یاسایی ڕۆژنامەگەری كە وەك پێویست كاری پێ ناكرێت زۆر لە دژی ڕۆژنامەنوسان و تەسككردنەوە بیڕو ڕایی ئازاد بەكارهێنراون بەجۆرێك ڕژنامەنوسان زۆر بەهۆی یاسای بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی زیندانی كراون و تووشی زۆر سەرئێشە و كێشەو گرفت كراون، بۆیە پرۆژە یاسای میدیایی ئەلكترۆنی تا رادەیەك ئەو كێشەو گرفتانە لەسەر رۆژنامەنووسان كەم دەكاتەوە و كەمتر تووشی سزایی یاسایی توند دەبن لە پرۆژە یاسایی میدیایی ئەلكترۆنی كار ئاسانی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنوسی ڕاستەقینە كراوە.

بەداخەوە لە كوردستان بەشی زۆری ئامێرەكان و مێدیا ئەلكترۆنیەكان بە ئاقارێكی خراپدا دەبرێن، بەجۆرێك لەجیاتی ببنە سەرچاوەی زانیاری راست و دروست، زۆربەی دەبنە هۆكاری توندوتیژی و تەشهیر و دڵەڕاوكێ، چونكە هیچ یاسایەك نەیتوانیوە كاریگەری لەسەریان دابنێت.

پێویستە خەڵك وا ڕا بهێنرێت لەجیاتی تەشهیر كردن و جنێودان و سوكاتی كردن بەخەڵك لە ڕێگەی پۆستی ئەلكترۆنی و كۆمێنتی تۆڕەكۆمەڵاتیەكان ڕێگایی دادگا بگرنە بەر،  ئێمە هەموومان كە لەخەمی بەرژەوەندی گشتین پێویست ناكات تۆڕە كۆمەڵاتیەكان بكەینە جێگایی یەكلایكردنەوە كێشەكان لەجیاتی ئەوەی  سوكایەتی و ناوزراندن لەتۆڕە كۆمەڵاتیەكان دەتوانین لەڕێگایی دادگا تایبەتمەندەكان بەڵگە پێشكەش بكەین و خۆیان بەدواداچونی تێدە دەكەن ئەگەر چی پرۆسەیەكی خاویش بێت بەڵام باشترە و نەتیجەی كاریگەر ترە لەچاو بە شێوەی تەشهیر و ناشیرین لە تۆرەكۆمەڵاتیەكان بڵاو بكرێتەوە.

بۆیە بەڕوایی من گەر پڕۆژەیاسایی میدیایی ئەلكترۆنی چەند بڕگە و مادەیەك گۆڕانكاری تێدابكرێت و بەدیلی یاسایی خراپ بەكارهێنانی ئامیرەكانی پەیوەندی بێیت ئەوە خزمەتێكی باشتر دەكات بە ڕۆژنامەنووسان و سنورێكش دەبێت بۆ ئەو هەموو جنێو و تەشهیر و پۆستە خراپانەی لە تۆڕە كۆمەڵاتیەكان ئاراستەی خەڵك دەكرێن.