عێراقی عەرەبەکان

عارف قوربانى


پێش 3 هەفتە

 
بەپێی بڕیاری کۆمەڵەی گەلان کە لە کۆتایی ساڵی 1925 چارەنووسی ویلایەتی موسڵ و باشووری کوردستانی بە عێراقەوە بەستەوە، دەبوو دەوڵەتی تازە دامەزراوی عێراق نیشتمانی هاوبەشی کورد و عەرەب بێت. هەروەها بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و بەریتانیا لەهەمان ناوەندی ئەوکاتی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا دەربچێت، مافی کورد و هاوبەشییان لە بەڕێوەبردنی وڵات مەرجێکی سەرەکی ئەو پەیماننامەیە بووە.
 
لە ناوخۆی عێراقیشدا لە یەکەم ئاڵوگۆڕی سیستەمی پاشایەتی بۆ کۆماری، دەستووری عێراق پابەندێتی ئەوەی بۆ حوکمڕانانی وڵات دروستکردووە کە عێراق لە هەردوو گەلی کورد و عەرەب پێکهاتووە. لە دەستووری هەمیشەیی عێراق لەدوای رووخانی سەددام، رێوشوێنی مافەکانی کورد و سیماکانی هاوبەشی لە بەڕێوەبردن زیاتر رەنگی داوەتەوە. بەڵام هیچکام لەم پابەندێتییە نێودەوڵەتی و دەستوور و ڕێسا ناوخۆییانەی عێراق نەیانتوانیوە نەک دەرگایەک بۆ هاوبەشی کورد لە عێراق بکەنەوە، بەڵکو بەهەموو ئەمانەش نەتوانراوە رێگە لەوە بگیرێت عێراق سیمای عەرەبی نەگرێت.
 
تەماشای مێژووی سەت ساڵی رابردووی دامەزراندنی ئەم دەوڵەتە بکەیت لە دروستبوونییەوە بۆ ئێستا، زۆر ئاماژەی روون دەبینیت کە عێراق وەک وڵاتی عەرەب لە ناوەندە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان دەرکەوتووە، لە ئەندامێتی لە کۆمکاری عەرەبی، لە هەوڵەکانی سەددام لە ئەنجوومەنی هاریکاری عەرەبی، لەو بیرۆکانەی هەبوون بۆ یەکخستنی وڵاتانی عەرەب و ..... هتد.
 
دوای کەوتنی سەددام و بەشداریی کورد لە بونیادنانەوەی عێراق، دوای ئەوەی دەستوورێک نووسرایەوە کە جۆرێک دڵنیایی ئەوە دەستەبەر بکات کە عێراق سیما و خەسڵەتی هاوبەشی هاونیشتمانییەکانی بێ، بەڵام لەم قۆناخەشدا نەک نەتوانرا سیما عەرەبییەکەی داماڵدرێ، بەڵکو سیمای مەزهەبیشی بەسەردا بڕا.
 
ئەگەر پێشتر عێراق، عێراقی عەرەبی سوننەو بەشێک لەو جەمسەربەندییە عەرەبییەی وڵاتانی سوننەی عەرەب بووبێ، دوای 2003 عێراق بووە وڵاتی عەرەبە شیعەکان و بەشێک لە جەمسەربەندی شیعە لە ناوچەکە. لێرەشدا کورد وەک بەشێکی سەرەکی پێکهاتەی وڵاتەکە جارێک بەهۆی سیما عەرەبییەکەی عێراق و جارێکی دیکەش بەهۆی سیما مەزهەبییەکەی عێراقەوە، لەم قۆناخەشدا سڕایەوەو نەیتوانی بەو هەموو هەوڵ و رۆڵانەی لە عێراقدا گێڕای، ببێتە بەشێک لە سیمای وڵاتەکە، یان هیچ نەبێ ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی رێگە لە سیمای عەرەبیبوونی عێراق بگرێت.
 
ئێستا هەست بەوە دەکرێت وڵاتانی رۆژئاوا ، ئەمریکاو ئەوروپا جارێکی دیکە لە هەوڵی ئەوەدان خولێکی دیکەی دەوران بە عێراق بدەنەوە، بەڵام نەک بۆ ئەوەی سیما عەرەبییەکەی کاڵ بکەنەوە، بەڵکو ئامانجە سەرەکییەکە دەرهێنانی عێراقە لەژێر هەژموونی ئێران و دوورخستنەوەی عێراقە لە میحوەری ئێران. ئەوەی لە دیداری لووتکەی عێراق - ئەمریکا لەنێوان کازمی و ترەمپ جەختی لێکرایەوە، لە رووکەشدا دوورخستنەوەی عێراقە لە میحوەربەندی هەرێمایەتی، بەڵام جەوهەرەکەی تەنیا هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران، نەک بە عێراقیکردنەوەی عێراق. ئەوەتا بەدیوێکی دیکەدا عێراق دەبەسترێتەوە بە میحوەرێکی دیکەی هەرێمایەتییەوە، کە ئەمجارە سیما عەرەبییەکەی تۆختر دەکاتەوە.
 
ئەوەی ئێستا لە  عێراق بەدیدەکرێت روو وەرچەرخانی خێرای بەلای سعودیە و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، هەروەها ئەو جەمسەربەندییە سێقۆڵییەی لەگەڵ میسر و ئوردن، کە ئەمریکا ئاراستەی دەکات و هاوکاتە لەگەڵ پرۆژەی رێککەوتنی سەدە کە ترەمپ وەک ستراتیژی نوێی ئەمریکا بۆ ناوچەکە خستییەڕوو، هەروەها ئەم روو وەرچەرخانەی عێراق کە هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی کەناڵی تازەی پەیوەندی ئیسرائیل بە ناوچەکەوە لە رێگەی ئیمارات و دور نییە لە داهاتووی نزیکیشدا دەرگای وڵاتانی دیکەی کەنداو بۆ ئیسرائیل واڵا بکرێن. 
 
ئەم هاوکێشە تازەیە و گۆڕینی ئاراستەی عێراق بەرەو ئەم جەمسەربەندییە تازەیە ئەوەمان پێدەڵێت ئەم قۆناخەش کە لەدوای سەت ساڵەی تەمەنی عێراقەوە دەستپێدەکات، سیمای عێراق لە جاران تۆختر دەکاتەوە وەک وڵاتی عەرەبەکان و کورد لێرەشدا ناتوانێ لەناو عێراق و لەژێر پەچەی عەرەبیبوونی وڵاتەکەدا هیچ داهاتوویەک بۆ خۆی بونیاد بنێ. پێویستە ئەم وێستگەیە بکاتە دەرفەتێکی دیکە بۆ گەڕان بەدوای دۆزینەوەی سیماو ناسنامەو رۆڵی خۆی لە داهاتووی ناوچەکەدا.
 
ئەگەر سەت ساڵی پێشوو  بەهێزو تواناو وزەو خوێنی لاوەکانی توانی بەرگریی لە پاراستنی ناسنامەکەی بکات، رەنگە داهاتوو بەمانەوەی لەناو عێراقی عەرەبەکان و بەشێک لە میحوەربەندی عەرەبیدا، ئەوەی سەت ساڵی رابردوویشی پێنەکرێت.