بۆ كورد، كورد باشتره‌

‎مه‌سعودى مه‌لا هه‌مزه‌


14/11/2020

پرسی كورد و دۆخى كوردستان، له‌ پرسێكى ناوخۆیی و عێراقیه‌وه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ و بۆته‌ پرسێكى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى، به‌و مانایه‌ى گۆڕانكارییه‌كانى جیهان كاریگه‌رى راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى ده‌بێ و هه‌ندێجار هاوكێشه‌كان گۆڕانگارى خێراو سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یان به‌سه‌ردا دێت.

‎له‌ سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردنه‌كانى چل و شه‌شه‌مین سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، كه‌ ململانێیه‌كى توند هه‌بوو له‌نێوان هه‌ریه‌ك له‌ دۆناڵد ترامپ و جۆبایدن، سیاسه‌تمه‌داران و شیكه‌ره‌وانى دۆخى كورد زوو زوو قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرد ئاخۆ ده‌رچوونى كام له‌ كاندیده‌كان بۆ كورد باشه‌و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى دایه‌؟ له‌وه‌ش زیاتر به‌شێكیان ده‌چوونه‌ ورده‌كارى و خوێندنه‌وه‌ى سه‌یرو سه‌مه‌ره‌مان ده‌بینى، ئه‌م وتاره‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌ كه‌ ئاخۆ بۆ كورد كێ باشتره‌، بایدن یان ترامپ؟

‎ئه‌گه‌ر ئاوڕێكى خێرا له‌ مێژووى بزاڤى رزگاریخوازى گه‌لى كورد بده‌ین، تێده‌گه‌ین سه‌ربارى دۆخه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ململانێی زلهێزه‌كانى جیهان له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنى رووداوه‌كانى جیهان، هاوكات هه‌میشه‌ فاكته‌رى سه‌ره‌كى سه‌ركه‌وتنى كوردو پێشكه‌وتنى دۆزه‌كه‌ى، دۆخى ناوخۆی كوردستان و په‌یوه‌ندى نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كى تر ده‌توانین بڵێین سه‌ربارى ئه‌و دۆخه‌ى عێراق تێیدابوو له‌ شكستى له‌ كوێت و فشارى وڵاتانى هاوپه‌یمان له‌سه‌ر رژێمى به‌عس، كه‌چی تا هێزه‌ كوردستانییه‌كان له‌ژێر چه‌ترى به‌ره‌ى كوردستانى كۆنه‌بوونه‌وه‌و به‌ یه‌كده‌نگ بڕیاریان نه‌دا نه‌توانرا راپه‌ڕین بكرێ و كوردستان رزگار بكرێ.

‎راپه‌ڕینى به‌هارى 1991 نموونه‌یه‌كى زیندووه‌و هیچ یه‌ك له‌ قۆناغه‌كانى تر نه‌بووه‌، كورد به‌ په‌رش و بڵاوى له‌كاتى ململانێدا توانیبێتى ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بێنێ، كه‌واتا ئه‌مه‌ باشترین نموونه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌ ئاوات و ئامانجى گه‌وره‌ بگه‌ین، پێویسته‌ یه‌كگرتوو بین، پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كێشه‌و ململانێكانیان وه‌لا بنێن و به‌ره‌و یه‌ك ئامانجى دیاریكراو هه‌نگاو بنێن.

‎له‌م پێشه‌كیه‌ى سه‌ره‌وه‌ ده‌كرێ ده‌روازه‌یه‌ك بكه‌ینه‌وه‌و وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ ئاخۆ بایدن یا ترامپ باشتره‌ بۆ كورد؟

‎به‌ر له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ ده‌مه‌وێ بڵێم ئێمه‌ میلله‌تێكى عاتفین و زۆرجار به‌ قسه‌یه‌كى سه‌رپێیی ده‌كه‌وینه‌ هه‌ڵه‌وه‌، بۆ نموونه‌ زۆرێك له‌وانه‌ى پێیان وایه‌ بایدن بۆ كورد باشتره‌ نموونه‌ به‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌م پیاوه‌ چه‌ند قسه‌یه‌كى هه‌یه‌و پشتیوانى له‌ دۆزى كورد كردووه‌، بێ ئاگا له‌وه‌ى له‌ ئه‌مریكا سیسته‌م و به‌رژه‌وه‌ندى زلهێزه‌كان وڵات به‌ڕێوه‌ده‌بات نه‌ك قسه‌ى كه‌سێك له‌ كاتێكدا كه‌ له‌و پله‌و پۆسته‌ى ئێستایدا نه‌بووه‌.
‎له‌وانه‌یه‌ گۆڕانكارى له‌ سه‌رۆك، به‌شێك له‌ بڕیاره‌ ستراتیژییه‌كانى وڵاتێك بگۆڕێ، به‌ڵام ئایا كورد له‌ كوێی ئه‌و ستراتیژانه‌دایه‌؟ ئایا ئێستا كورد به‌شێكه‌ له‌ ستراتیژی ئه‌مریكاو وڵاتانى زلهێزى دنیا؟ بێگومان نه‌خێر.

‎كه‌ كورد له‌ ناوخۆ یه‌ك نه‌بێ و دنیایه‌ك كێشه‌ى هه‌بێ، وڵاتانى زلهێز چی بۆ كورد بكه‌ن؟ كێ باوه‌ڕ ده‌كا له‌ سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك هێشتا پارته‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان دنیایه‌ك كێشه‌ى بچووك و لابه‌لایان هه‌یه‌و ناتوانن ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆببنه‌وه‌؟

‎ده‌بێ له‌ دنیاى ده‌ره‌وه‌ نه‌زانن هێشتا مه‌ترسی دوو ئیداره‌یی له‌ ئارادایه‌و ده‌ڵاڵانى شه‌ڕ تا ئێستاش ئه‌م قه‌وانه‌ لێده‌ده‌ن و به‌هیواى تێكچوون و تێكدانى دۆخه‌كه‌ن و رۆژ له‌دواى رۆژ ئاگره‌كه‌ى بۆ خۆش ده‌كه‌ن؟

‎ئه‌رێ بایدن یان تره‌مپ ده‌توانێ كورد یه‌كبخاو كێشه‌كانى نێوانى چاره‌سه‌ر بكا؟

‎تره‌مپ و بایدن ده‌بێ بێن كێشه‌ى مووچه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و خه‌ڵك له‌ دڵه‌ڕاوكێیی دواكه‌وتن و نه‌دان و پاشه‌كه‌وت و لێبڕینى مووچه‌ دڵنیا بكه‌نه‌وه‌.

‎كورت و پوخت، به‌ كوردى و به‌ كورتى، دوێنێ و ئه‌مڕۆ و به‌یانیش بۆ كورد، كورد له‌ هه‌موویان باشتره‌، ده‌بێ پێش هه‌موو كه‌س كورد له‌ناوخۆی كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر بكاو كۆتایی به‌ ململانێكان بهێنێ و ستراتیژی روونى هه‌بێ بۆ داهاتوو، ئه‌وكاته‌ چ بایدن بێ یان ترامپ؟ یا هه‌ر كه‌سێكى تر ناچاره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردێكى یه‌كگرتووى خاوه‌ن ستراتیژو به‌رنامه‌ى روون بكا، ئه‌گه‌ر كورد خاوه‌نى ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا بێ، كوردێكیش ببێته‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ناتوانێ بۆ كورد باش بێ، ئه‌گه‌ر كورد وه‌ك ئێستا بۆ خۆی خراپ بێ.