پرسەنامەی من بۆ فرسەت سۆفی جیاواز دەبێت..

رێبوار سیوه‌یلی


پێش 1 هەفتە

1. لە ساڵی دوو هەزار، كە تازە لە هەندەران گەڕابوومەوە، ناسیم و پاشتریش لە گۆڤارێكی قوتابیان (ڕوانین)، زۆر چالاك بوو. یەكەم گفتوگۆی لەگەڵ ساز كردم و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو. نووسخەیەكی گۆڤارەكەی بۆهێنام و گوتی هەمووان تووڕەن، بەڵام ئەم تووڕەكردنە پێویستە بۆ گۆڕانكاری لە زانكۆكان. خۆشحاڵ بووم بەوەی لە بەردەم گەنجێكدام، كە بڕوای بە ملكەچی و مانەوە لەیەك دۆخدا نییە و دەیەوێت گۆڕانكاریی ڕوو بدات. نەك هەر ئەو، بەڵكو هەموو هاوڕێكانی لە یەكێتی قوتابیانی ئەو دەورە، بوونە شورایەك بۆ من و دەیانپاراستم. تەنانەت ئەو مەسئولانەش كە تووڕە دەبوون، ئەمان وەڵامیان دەدانەوە.
2. فرسەت سۆفی هەمیشە بە سادەیی و ڕۆحسووكی و كورد مایەوە. ئەو وەفاداری ناوچە و دەڤەرەكەی خۆی بوو: شوێنێك لە باڵاكەیاتی و گوندێك پڕ لە نیشتماندۆستی: گەزنێ. ئەو هەمیشە سادە و بەدوور لە فیزلێدان مایەوە. ئەو هێندە ئاگایی هەبوو، بە پێچەوانەوی بەرپرسەكانیترەوە، خۆی لە نیگای ئەوانیتردا دەبینییەوە.
3. یەك ساڵ لە بەشی كۆمەڵناسی خوێندی و یەكەم بوو. پاشان چووە یاسا. لە حزبایەتیدا پێشكەوت، بەڵام بوێرانە و خاوەن بیروبۆچوون و ڕای خۆی. لە پەرلەمان دەنگێكی ڕاستگۆی بێلایەن، كە توانای پەیوەندیی دروستكردنی لەگەڵ جیاوازەبیرەكانی هەبوو. ئەو بڕوای بە ڕێككەوتن و ڕێزگرتن لە جیاوازیی هەبوو.
4. لە ژیانی ئەكادیمیدا زۆر سەركەوتوو بوو، پشتی بە خۆی دەبەست و بیری دەكردەوە. هەرگیز نەبووە ئەكادیمییەكی ووشك و سارد و پڕفیز. باری هەژاری و گوندایەتی و ئەوەی كە نەتوانێت سەركەوتوو بێت و بۆ خەڵكەكەی خۆی ببێتە نموونە، دەیترساند. ئەو دەیویست نموویەك بێت بۆ گەنجانیتر، كە دەتوانن سەركەوتن و متمانە و دەسەڵات بەدەست بهێنن. بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام پەرلەمان و پاشان پارێزگار دەستی كەسی ماچ نەكرد، بگرە هەمیشە دەستپێشخەری لە ئەوانیترەوە بوو. ئەركیان پێدەسپارد و ئەویش بە شێوەیەكی پڕۆفێشناڵی جێبەجێی دەكرد.
5. فرەست سۆفی سیاسییەك بوو هەمیشە ئاكاریانە سیاسەتی دەكرد. جیاكردنەوەی ئاكار لە سیاسەت، بۆ ئەو ئەو پەڕی شەرم بوو. هەمیشەش شەرمێكی ناوەكیی لە كەسایەتی ئەودا هەبوو، تەنانەت كە پێدەكەنی، بەشەرمەوە پێدەكەنی نەوەك ئەوەی بە لە خۆباییبوون بۆ لێكبدرێتەوە. ئەو هەستیار بوو لە ڕوانگەی ئەوانیترەوە دەیڕوانییە خۆی وەك بەرپرسێك تا قێزەوون نەبینرێت.
6. ئەو پارتییەكی كراوەی نێو خەڵك بوو. نازانم چەندە خەڵك وەفای ئەم سادەییەی ئەو دەدەنەوەو پارتییەكان وەفاداری دەبن، بەڵام بۆ پارتی زۆر قوورسە كادرێكی دیكەی وەك ئەو دروست بكات. فرسەت خۆی هەبوو، خۆی لە ناخییدا ئەو مرۆڤە بوو كە هیچ شتێك نەیدەگۆڕی. بۆیە پێویستە پارتییەكان هەست بكەن، نەك هەر كەسێكیان لەدەستداوە، بەڵكو بەشێك بە داهاتووشیان لەگەڵ ئەو كەسەدا لەدەستدا. كەسێك بوو بڕوای بە سنووری وەهمی نێوان شاران و دەڤەرەكان نەبوو، ئەو كوردستانییەكی مرۆڤدۆست بوو.
7. هەرگیز لە خوێندنەوە دانەبڕا، لە نامە دەنگییەكانیدا و لە دیدارەكانماندا هەمیشە باسی كتێبی نوێی دەكرد و داوای دەكرد. ڕۆژ هەبوو یەك كتێبی دەخوێندنەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژانی هەیینیدا. هونەرێكی بەرزی هەبوو لە كورتكردنەوەی كتێبدا و ئەمەشی لە ڕابردووی میدیاكارییەوە فێر ببوو، بە واتسئاپ بۆ هاوڕێكانی دەنارد، تا هیچ نەبێت هانیان بدات بۆ خوێندنەوە. هیچكاتیش بە سووكی و بێڕازانە باسی كەسی نەدەكرد، بەڵام هەمیشەش ناڕازیی بوو، دەیوست بە خۆماندووكردن زۆرترین ڕەزامەندیی خەڵك بۆ كارەكەی بەدەست بهێنێت. سۆفی، كارئاسانی دەكرد و هیچ بڕوای بە بیرۆكراتییەتی ئیداری و ڕێگری دروستكردن نەبوو. ئەو نموونەی دەوڵەمەتمەدارێكی مۆدێرن و كراوە و دڵسۆز بوو.
8. لەگەڵ كۆڕۆنادا جەنگێكی گەورەی بەرپاكرد. پاراستنی خەڵك بۆی ببووە خەمێكی گەورە، گوێی لە پێشنیاز و ڕاوتەگبیر دەگرت، پرسی دەكرد و بۆچوونی جیاوازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەلاوە گرنگ بوو، زۆرجاریش لەگەڵ لووتبەرزیی و خۆبەشتزانی كەسانێك، دەكەوتە ململانێوە. بەڵام ئەو هەتا توانی لە جەنگی كۆڕۆنادا سەركەوتوو بوو، سێكۆلار و مرۆدۆستانە بوو.
9. ئێمەی كورد مرۆڤێكی نموونەییمان لەدەستدا. د. فرسەت سۆفی، ئەو فرسەتێك بوو بۆ ئەم وڵاتە ویرانكراوە، ئەو پیاوی ئاوەدانیی و ئاشتیی و تەبایی بوو. ماڵئاوا هاوڕێی گوندیم، كە فێرتكردن گەیشتن بە ترۆپكی دەسەڵات كاری كارسازانە نەك گەمژەكان. سەرەخۆشیی لە كەسوكار و خزمان و خەڵكی دەڤەرە تێكۆشەرەكەت دەكەم، لە گوندێكی بچووكەوە، مرۆڤێكی گەورە بوویت.. هەرواش دەمێنیت بۆ من.
تكایە بیخوێنەوە و هەر لە خۆتەوە هیچ مەنووسە. سوپاس
18/11/2020