میدیا و سۆشیالەكەی، گەورەكردنی دابڕاو و بچوكەكان

كارزان جرجیس


30/11/2020

ڕەنگە زۆربەتان سەبارەت بە میدیا و سۆشیال میدیا زانیاریی تەواوتان هەبێت یان ئەگەر نا بەڕێژەیەكی باش لێی تێگەیشتوون، كەواتە پێویست ناكات زۆر لەسەری بدوێم و ئەو نووسینەی پێ درێژ بكەمەوە.

ئەوەی من مەبەستمە لەو چەند دێڕە نووسینە بیخەمەڕوو:

(گەورەكردنی دابڕاو و بچوكەكان)ە لە میدیا و سۆشیال میدیادا ئەویش لەڕێی چەند كەناڵێكی بەكرێگیراو و چەند لاپەڕەیەكی نافەڕمی نەناسراو كە لەسەرەتای دروستبوونیان بە مشورخواردنی بابەتی كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەی بابەتی ڕێنمایی و پێكەوەژیان و پەروەردەكردن خۆیان دەناسێنن، دوای ئەوەی كە ژمارەی بینەر و بەدڵبوون و شوێنكەوتەكان (LIKE. Followers) زیاد دەكات، لە كار و ئاكاری بنەڕەتی خۆیان پەشیمان دەبنەوە و دەبنە دەرچەیەك بۆ بازرگانیكردن و هەوڵدان بۆ پەیداكردنی كڕیار بۆ ئەو خۆفرۆشانەی كە بازاڕیان نییە.

ئەگەر تۆزێك وردببیەوە دەگەیتە ئەو باوەڕەی كە ئەو جۆرە میدیا و ماڵپەڕ و دەرچانەی سۆشیال میدیا ئەوەندەی لە غەمی خۆیاندان بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ تا بە بازاڕكردن (ماركێتینگ)ی خۆیان زیاد بكەن، هێندە لە غەمی تاكدا نین، بەوەی هەوڵدەدەن برەو بە بازرگانییەكی نوێ بدەن كە نامۆیە بە كلتوری كوردەواری و كۆمەڵگەی كوردی.

ئەگەر بتەوێت نمونە بۆ ئەو بابەتە بهێنیتەوە، تۆزێك وردبیت، ئەو بابەتە بە ڕوونی دەبینیت، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو بۆشاییە میدیاییە یەكگرتووەیە كە لە هەرێمی كوردستاندا دروست بووە و كۆمەڵگەی كوردی بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار بردووە و دەبات.

سەبارەت بەو كارەساتەی كە بەهۆی ئەو دەرچە میدیاییە نوێیەی ڕووبەڕووی كۆمەڵگەی كوردی بووەتەوە، چەند لایەنێك تۆمەتبارن، لەوانەش:

أ‌- لایەنە سیاسییەكان.

ب‌- كەسایەتییە سیاسییەكان.

ت‌- كۆمپانیاكان كە سەرمایەدارە سیاسییەكان خاوەندارییەتیان دەكەن.

پ‌- ئەو كۆمپانیایانەی كە تایبەتن بە ڕیكلام.

ج‌- ئەو كۆمپانیایانەی كە تایبەتن بە گەورەكردنی كەسانی دابڕاو و بچوك.

ح‌- باندەكانی لەشفرۆشی.

خ‌- باندەكانی بازرگانی كردن لە مرۆڤ.

د‌- كەسانێك كە بۆ خۆشیی خۆیان سەرقاڵی ئەو كارەن.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كارەساتە چی پێویستە؟

1- توندكردنەوەی سانسۆر لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانەوە.

2- بەدەنگەوەهاتن و ڕووبەڕووبوونەوەی لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و پێكهاتەكانەوە.

3- میدیاییەكی یەكگرتووی گشتگیر.

4- دروستكردنی میدیایەك كە شارەزایی تەواوی هەبێت لە كلتوری كوردی و بە هزری نەتەوایەتییەوە كاربكات و دووربێت لە حزبایەتی.

5- دروستكردنی میدیایەك كە كاربكات بۆ پەروەردەكردنی منداڵ و تاك لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئەخلاقی كۆمەڵایەتی كوردەواری و لە هەمان كاتدا دانەبڕاوبێت لە زانست و مەعریفە.

6- هاندانی مامۆستایانی ئایینی بۆ پێشكەشكردنی وتاری ئایینی لەسەر بنەمای ئاكار و نەتەوە (ئەخلاق و كوردبوون).

ئەنجام:
بە چارەسەركردنی ئەو كارەساتەی كە باسكران، ئەوا ژمارەیەك گەندەڵ و گەندەڵكار ئۆتۆماتیكی لەكاردەكەون دەتوانین بڵێین: (سیحریان بەتاڵ دەبێتەوە) ئەو كاتە بینەر و بەكارهێنەری (میدیای بینراو و سۆشیال) ڕاستی بابەتەكەی بۆ دەردەكەوێت و خۆی بیرێك لە خۆی دەكاتەوە و دەزانێت شێوازی سڕكردنەكەی چۆنەو بۆ دەكرێت…!