لێکەوتەکانی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لەسەر کادرانی ئەکادیمی

شارۆ نەورۆز فاضل


02/01/2021

دوابەدوای بڕیارە یەک لە دوا یەکەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ وەستاندنی خوێندن لە پایزی ٢٠٢٠ و دواخستی بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ و وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هەڵبژاردنی خوێندنی ئاوێتە لە ناوەندەکانی سەر بە خوێندنی باڵا لە سەرجەم کەرتە حکومی و تایبەتەکاندا، دەبینین سەرلێشێواویەک لەنێوان فێرخوازان و مامۆستایاندا ڕووی داوە و بەشێک لە کۆلێژە حکومییەکان دەوام دەکەن و بەشێک پابەند نین و هەندێک جار لە مامۆستایانەوە بەرپەرچ دانەوە هەیە و لە هەندێک دۆخدا لەلایەن فێرخوازانەوە، لەگەڵ ئەم وون بوونەی ناوەندە حکومییەکاندا ناوەندە تایبەتەکان (ئەهلییەکان) توانیویانە سەرکەوتووانە پرۆسەی خوێندن جێبەجێ بکەن و بەبێ دابڕان درێژەی پێ بدەن.

گەر زیاتر جەخت لەسەر ناوەندەکانی سەر بە خوێندنی باڵا بکەینەوە دەبینین بە گشتی پرۆسەی خوێندن بەردەوامە بەڵام بە کەم و کوڕییەوە لە هەندێک دۆخی وەک لە زانکۆ حکومییەکاندا بەو پێیەی پابەند بوونیان بەراورد بە ناوەندە ئەهلییەکان زۆر کەمترە، ڕەنگە ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ جیاوازی تێڕوانین بۆ کارکردن و پابەند بوون و هەست کردن بە بەرپرسیارییەتی لەنێوان ئەم دوو کەرتەدا، هەرچی دەربارەی ناوەندە ئەهلییەکانە بە پەیمانگە و زانکۆکانەوە توانیویانە لە سەرەتای وەرزی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ دەست بکەن بە پرۆسەی خوێندن و بە شێوازی ئاوێتە ئەمساڵی خوێندن دەست پێبکەن لەژێر ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرکەوتووانە پرۆسەکە بەردەوام بکەن بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنیان.

لێکەوتەکانی ئەم پرۆسەیە چۆن دەبێت لە ئێستادا و لە داهاتوودا؟

لە ئێستادا وەک ولاتێکی جیهانی سێیەم کە لە گەشەسەندنداین و ئاشنا نین بە خوێندنی ئەلیکترۆنی، بەرپەرچدانەوە و ئاستەنگی زۆر هەیە و تێگەیشتن لە کۆی پرۆسەکە لە ئاستێکی نزمدایە و زۆرینەی دانیشتوان بە ناچارییەک دەیبینن لەپێناو ڕێکارە تەندروستییکاندا، بەڵام گەر دووربین بین و دیوێکی تری پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئاوێتە لێک بدەینەوە ئەوا گەلێک لێکەوتەی بەسوودی دەبێت بۆ مامۆستایان و فێرخوازان کە لەگەڵ کاتدا جێی خۆی دەگرێت و گۆرانکاری لە تەواوی تێگەیشتن بۆ شێوازەکانی فێربوون دروست دەکات.

گەر باسی سوودەکانی بکەین بۆ مامۆستایان دەبینن لە چەند مانگی ڕابردوودا مامۆستایان بە شێوەیەکی گشتی ناچار بوون پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکان بەکاربهێنن کە ڕەنگە پێشتر پێی ئاشنا نەبووبێتن، چەندین وۆرک شۆپ و سیمینار و خول لەشێوازی وێبینار بەڕێوەچوون کە زۆرینەی کادرانی ئەکادیمی توانیان بەشداربن بەو پێیەی کاتەکانی لە ئێواراندا دادەنرا و زۆرینە دەیانتوانی بە ئاسانی لە ماڵی خۆیانەوە بەشدار بن، بەراورد بە ڕابردوو لە کاتەکانی ڕۆژدا (کاتەکانی کارکردن) ئەنجام دەدرا و کەسانێک بەهۆی کارەکانیان یان دووری شوێنەکە نەیان دەتوانی بەشدار بن، بەڵام لە ئێستادا وێبیناری هاوبەش دەکرێت لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا سەرجەم هاوڵاتیان و کادرانی ئەکادیمی دەتوانن بەشدار بن، ئەمەش بەبێ هەست کردن بووەتە گۆرانکارییەکی پۆزەتیڤ بۆ ئێستا و داهاتوو لەسەر کۆمەڵگاکەمان.

یەکێک لە سوودەکانی تری کرانەوە بە فێربوون و خوێندنی ئەلیکترۆنی دەستپێکردنی بەشداربوون لە خول و وۆرک شۆپە نێودەوڵەتییەکان بوو کە ئەمەش مامۆستایان و فێرخوازان سوودیان لێ بینیوە و ڕەنگە پێشتر بە ڕێگایەکی سوودبەخشیان نەزانیبێت بەڵام لە ئێستادا بیرکردنەوەکە گۆڕاوە و خۆگونجاندنێکی زیاتر هەیە لەو بارەیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەک لە مامۆستایان توانیویانە درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن لە ڕێگای ئۆنلاینەوە لەگەڵ دەرەوەی وڵاتدا و لەهەمان کاتدا کارەکانیان لەدەست نەدەن لە کوردستاندا.

هەرچی دەربارەی فێرخوازان بێت لەگەڵ ئەوەی سوودێکی زۆر بە شێوازی کارکردنیان دەگەیەنێت بۆ پاشەڕۆژ، ئەم پرۆسەیە توانیویەتی تێڕوانینی ئەوانیش بگۆڕێت و بگونجێن لەگەڵ شێوازی ئەلیکترۆنی و توانا تەکنیکییەکانیان پێش بخەن و لە قالبی بیرکردنەوەی پێشوویان دەربچن و گەر دۆخی تەندروستی دووبارە خراپ بێتەوە ئەوا بە ئاسانی بچنە سەر شێوازی خوێندنی تەواو ئەلیکترۆنی.