هاوپەیمانێتیی هیوا و چەند سەرنجێک !

ئاسۆ عەبدول لەتیف


20/01/2021

هاوپەیمانێتی هیوا زۆر لێدوان و فۆکەس، دەخەنە سەر نەوت و موازەنەو بودجەی ٢٠٢١، زۆر باش گەمەی سیاسی و زمانەوانیی پێوە دەکەن، چونکە دەزانن زۆرترین گرێ و گۆڵ و  ناڕوونی لە سێکتەریی نەوتیی هەرێم و سۆمۆو گرێبەستەکاندا هەیە. ئینجا لەم دەریچەیەوە باشتر دەتوانن مۆدێلستی تازەی ئەم شانۆیەبن و پاڵەوانسازیی باشی تێدا بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندەو مانەوەی خۆیان. ئەم گروپە بە نەتیجە ئیتر دەزانن چ ریسکێک دەکەن، نەک ئێستای پێش هەڵبژاردن.

ئەگەرنا بەشێک لەو ئەندامانەی هیوا، ئەگەر مارکێتینگ بۆ خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان ناکەن و نەکەوتونەتە ژێر هەژموون و کاریگەریی کۆمەڵێک ئەقتابی شیعی گەورەو دەسەڵاتداریی مۆنۆپۆڵگەری عەسکەریی و سەفەقاتی هەرێمایەتی، بۆچی تەواوی گەندەڵیەکانی دۆسیەی نەوت و فرۆشتنی بیرە نەوتییەکانی خاریجی قەوس و یاسا و پاڵاوگە نایاساییە تاریکەکانی خواروی عێراق و شارەکانی تر، بە یەک پاکێج و هەڵوێست و بەیاننامە باس ناکەن تا دادپەروەریتان زیاتر بسەلمێنن؟

 لەکاتێکدا ئێوە بەشێکتان خۆ ئەندامی ئەو لیژنانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن، لیژنەکانیش بەتەنها تایبەت نییە بە کوردستان، بۆ هەموو پارچەیەکی عێراقە بە گشتی نەک هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لیژنە گرنگەکانی وەک یاساو دارایی و نەوت و وزە و ئاسایش و بەرگریی و ئابوریی و وەبەرهێنان و پەیوەندیەکان و تاد.  

دەی کاتێک دەزانن کێشەی گەورە لە تاڵانی نەوت و سامانە سروشتییەکان و کانزا و شوێنەوارە مێژوییەکاندا هەیەو تاڵان دەکرێت بۆچی باسی ناکەن بە یەک وشە و پرێس کۆنفرانس!؟  

لەکاتێکدا ئەوەش دەزانن چاككردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد، موعادەلاتی نێودەوڵەتییەو راستە دەبێت حکومەتی هەرێم شەفاف بێت و بڕە نەوتی خۆی رادەست بکات و بژێوی خەڵک و موچەکانیان چاک بکات، بەڵام هەموو ئەمانەش به‌ تونێلی چاككردنی کۆی پرۆسێسی نه‌وتی و ئه‌منی و عه‌سكه‌ریی عێراقدا تێپه‌ڕ ده‌بێت و لەدەسەڵاتی مەندوبانی بەڕێزدا نییە.