موشەكبارانەكەی هەولێر و پیلانی دژە هەرێم

مەلا بەختیار


16/02/2021


دوای دەرچونی بایدن، هیوایەك بۆ چارەسەری سیاسی لە ناوچەكەدا، بە ئاسۆی سیاسیدا دیارە، بەڵام دۆخی عێراق، هێشتا بەپێی پیلانی سەردەمی ترامپ ئاراستە دەكرێ. هێزە پیلانگێڕەكانیش، هەر ئەوانەن كە خۆپیشاندەران لە بەغدادو بەسرە و سەماوە دەفڕێنن... سەرنگون و تیرۆریان دەكەن.

ئەم پیلانگێڕانە، گوایە ئامانجیان تێكشكاندنی ئەمریكایە. ئەمە ڕواڵەتی روداوەكانە. ناوەخنەكەی ستراتیژی تایفەگەری ترسناكە. ئەقڵیەتی تایفەگەری.. شیعە یان سوننە، جیاوازیان نیە. تیرۆرستانی سوننە، لە پێش و پاش روخانی سەدام، تاوان و ئامانجەكانیان دیار بوو. هی ئەم رەوتە تایفەگەرییە شیعەگەرایەش، زەق زەقە!

تیرۆریستە سونیگەراكان لە سوننەی سیاسی جیاكرانەوە. شەڕی داعش پاساوێكی بەهێز بوو، رەوتێكی شیعەی چەكدار، پێچەوانەی سیاسەتی زۆربەی هێزە شیعەكانی عێراق، كە لەناو پرۆسەی سیاسیی ئاسایی وڵاتەكەن، تەنها بازوی هێزی چەكدار بەكاربهێنن و هەتا ئەشتوانن ئاژاوە بگێڕن. ئەم رەوتە ئیستا كەمتر شەڕی داعش دەكەن، زۆرتر خەریكی بەرنامەی دوای داعشن!

هەرێمی كوردستان، لەناو بازنەی پیلانی ئەم هێزە تایفەگەراییەدایە، هەتا بە دەردی كەركوك و خانەقین و شنگالی بەرن. بەڵگەشمان ئەوەیە، مادەی (140) كە جێ بەجێ ناكرێ... ئامانجی سیاسی-عەسكەری ترسناك هاندەری ئەم جێبەنەكردنەی مادە بنەڕەتیە دەستوریەیە. لەم چەند مانگەی دواییشدا كە نەك بودجە، بەڵكو موچەش خراوەتە قوڕگی تایفەگەریەوە، ئەمیش بەشێكە لەو پیلانەگێڕییەی دژی كوردستان لەئارادایە. لە كاتێكدا وەفدی كوردستان لە بەغدادە و هێزە شیعەكان هادی عامریان داناوە بۆ جۆرێك لە چارەسەری مامناوەنجی، كەچی لەم لاوە، پایتەختی كوردستان دەدرێتە بەر موشەك باران. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ رەوتی تێكدەری بەشێكی چەكداری شیعە، رێكەوتنی قبوڵ نییە!!

تەوقیتی ئەم كارانە، رێكەوت نییە. سیناریۆی تریشی بەدواوەیەو هەمووی مەترسین لەسەر هەرێمی كوردستان. هەروەكو چۆن مەترسیشن لەسەر خەباتی مەدەنی عێراق.

لام وایە كاتێتی، هێزە كوردستانیەكان، بەرنامەی سیاسی نەزۆكی ساڵی پار وەلا بنێین و دوور لە ڤیتۆی سیاسی نەگوجاو لەبەردەم پرۆسەی چارەسەری سیاسی ناوخۆ، هێزەكان و سەركردەكان، بڕیاری بەرپرسیارانە بدەن بۆ كۆتایی هێنان بە سیاسەتی لێكترازان.. بەرەو سازان. ئەگینا ئەم كاتە كەمەی لەبەردەمیشدا ماوە، لەدەست دەچێ. ئەوكاتە كاڵەكیش دەستناكەوێت بە ئەژنۆی سیاسیماندا بیانكێشین!