لە دەفتەری نووسینەكانی بەھاری عەرەبییەوە نە لەمدیوە و نە لەودیوە

ستران عه‌بدوڵڵا


16/04/2021

 

شەش ساڵ پێش ئێستا ئەم وتارەم نووسیووە كە ئەمڕۆ ھاتەوە مەیدان، بە بۆنەی وەرزی  بەھارەوە دەیخەمەوە خزمەتتان .

25ی یەنایەر لەمیسر، لەناو بۆنەی رەسمیی ماتەمینی وەفاتی پادشای سعودیەدا ون بوو، نە خەڵك یادێكی شایانیان كردەوە، نە حكومەت، نە ئەوانەی پێیان وایە شۆڕشەكەیان لێ زەوت كراوەو نە ئەوانەی پێیان وایە حوكمڕانییەكەیان درێژەی شۆڕشی 25ی یەنایەرە، شەقامەكانی قاهیرە هیچ روونكردنەوەیەك نادەن. شەقامەكانی یەمەن نوتقی باشتریان هەیە، بوونەتە چەند شەقامێكی ئاڕاستە جیا كە هەریەكەیان داڵغەیەكی هەیەو تەرمی  بەهاری عەرەبی بۆ لا كۆڵانێك پاڵ دەنێت.

بیرمە هەفتەیەك پێش شۆڕشی 25ی یەنایەری ساڵی 2011 لەقاهیرە بووم، ئێوارەكەی فڕۆكەی بن عەلی لە تونس رایكردو گەیشتە وڵاتی پادشا بە تەمەنەكانی سعودیە، فڕۆكەكەی ئێمەش لەفڕۆكەخانەی قاهیرە نیشتەوە، هەفتەیەك لەوێ بووم، لە كێم دەپرسی دەیانگوت میسر وەك تونس نییە، ناقەومێ، كۆتایی هەفتە گەڕامەوەو مەلا یاسین-م بە تەنیا جێهێشت تا بە تەنها رووبەڕووی رووداوەكانی ئەو 25ی یەنایەرە ببێتەوە.

شۆڕشی یەنایەر بە دیوێكدا بەرهەمی سۆشیال میدیاو خوشكە بچووكەكەی، فەیسبووك، بوو. گەنجەكانی میسر بەرپایان كردو پیرەكانی ئیخوان موسلمین لەبەروبوومەكەیان خوارد. بە شەوق و زەوقی گۆڕەپانی تەحریری دایكی دونیاوە سوریاو لیبیاو یەمەنیش هاتنە سەر خەت و بەهاریان كردە دوانزە مانگ، بەڵام چونكە هیچ وڵاتێك لەهیچ وڵاتێك ناچێت لیبیای قەزافی وای لێهاتووە هەر گەڕەكێكی بە دەست داعشێكەوەیە، رەوشی سوریاش مەعلومی جەنابتانەو یەمەنیش تا لێی ورد دەبیتەوە دەزانی فەرهەنگی زمانی عەرەبی بۆ دەفعی چاوەزار بەكوێر دەڵێ بەسیڕ، بە رەشی قەترانی دەڵێ ئەسمەرو بە بەختی خەواڵووی سەنعاش دەڵێ: یەمەنی سەعید.

لە میسر ئیخوان حوكمیان بە چ نرخێك بردەوە، بەهەمان نرخ دۆڕاندیان. ئامرازی دەستیان، سۆشیال میدیا، ملیۆنانی بۆ هێنانە سەرجادەو بەهەمان ئامرازیش ملیۆنان لە دژیان هاتنە سەرجادە، فەیسبووك لەهەمبەر فەیسبوك و شەقام دووڕیانی شەقامێكی ترە. واقیعی میسر لەبەریەكەوتنی نێوان دوو قۆناغدا قۆناغێكی تری هێنایە كایەوە؛ نە موبارەك مایەوە، نە مورسی لەسەر تەختی تەحریر دانیشت، سەرۆك سیسی چارەسەری مامناوەنجی مێژووە بۆ بەریەككەوتنی دوو ویست. مێژوو هەمیشە وا دەڵێ: لەشوێنێك قەرەبووی شوێنێكی تر دەكرێتەوە. دوای سەد ساڵ لەعروبەی خەلافەتی ئەمەوی عەباسییەكان، بەیارمەتی خوراسانی، ئەمەوییەكانیان لەمەشریق دەركرد، لەمەغریب و ئەندەلوس قورتبە پەیدابوو كە شەست ساڵی تر سەنەوی خەلافەتی ئەمەوی تازەكردەوە. ئێران گرەوی نفوزی لەیەمەن بردەوەو سعودیە لەوێ دەركرا، قاهیرە دڵی دانەوەو لەجێی ئاهەنگی شۆڕشی 25ی یەنایەر پەڕۆی رەشی بۆ مەرگی مەلیك عەبدوڵڵا هەڵكرد.

حەیف بۆ ئەو هەموو گەنجەی لەو بەهارانەدا كوژران كە خەڵكی زۆری كردە «وەزیرو پەرلەمانتار». لەسعودیە كە میوانداری راكردووەكەی بەهاری تونسی كرد، شایەك رۆیی و شایەكی دی جێی گرتەوە، لەیەمەن ساڵح رۆیی و هادی هات، هادی رایكردو رەنگە ساڵح بێتەوە، تەوەكەل كرمانیش لەو نێوانەدا بێ دەسكەوت نەبوو، ئەویش وەك ئۆباما نۆبڵی ئاشتی وەرگرت، ئاشتیش بەدەستەواژەكەی هێمن موكریانی هێشتا نەهاتۆتەدی، نە لەمدیوەو نە لەودیوە، نە لەیەمەن، نە لە میسرو نە لە جیهان، حەیف بۆ ئەو خوێنەی لەگۆڕەپانەكاندا رژا.