كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر بێدەنگ نابێت!

كارۆخ خۆشناو


17/04/2021

 

دوێنێ پێنج وڵاتی زلهێزی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (ئەمەریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا) لە بەیاننامەیەكدا هەڵوێستێكی پڕ بایەخ و روون و ئاشكرایان نواند بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان، ئەم جۆرە هەڵوێستە ئەگەر كرداری بەدوادا بێت گرنگیەكی تایبەتی هەیە و دەكرێت هاوشان و هاوشێوەی (لۆبیكردن) وەبەرهێنانی دیپلۆماسی تێدا بكرێت، چونكە ئەم بەیاننامانە زەمینەسازی دەكەن بۆ ئەوەی بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بكەن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی (140) و ئاساییكردنەوەی رەوشی ناوچە جێناكۆكەكان (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) و دانانی سنوورێك بۆ هێرشی میلیشیاكان و دوورخستنەوەیان لە سنوورەكانی هەرێم، لەبەرئەوەی ئەم میلیشیایانە بوونەتە هەڕەشەی جدی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

ئەگەرچی لە دوایین گەڕی دانوستانەكانی نێوان (ئەمەریكا و عێراق) ئەمەریكا بڕیاریدا هەموو هێزە شەڕكەرەكانیان لە عێڕاق بكشێنێتەوە و تەنها راهێنەر و راوێژكاری سەربازی (لەسەر داوای حكومەتی عێراق) بهێڵێتەوە، ئەم بڕیارەش بەمەبەستی بڕینی بەهانەی گرووپ و میلیشاكان بوو، بۆ ئەوەی هێرش و فشارەكانیان كەمبكەنەوە و كەشێكی ئارام ساز بێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق كە بڕیارە لە مانگی (10)ی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام لەوە ناچێت ئەم هەوڵەی ئەمەریكا سوودی هەبێت، چونكە هێرشی میلیشیاكان لە دوای ئەم بڕیارەی ئەمەریكا نەك تەنها نەوەستاون، بەڵكو زیادیشیان كردووە.

رەفتارەكانی ئەم میلیشیا و گرووپانە لە شەش ساڵی رابردوودا سەلماندوویانە كەوا جیاوازیەكی ئەوتۆیان نیە لەگەڵ داعش، چونكە هەمان رەفتار و میكانیزم و ئامانج و ستراتیژیان هەیە، كە بریتییە لە هێرشكردنە سەر سەرباز و بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی هاوپەیمان و تێكدان و شێواندنی ئاسایشی هەرێم، بۆیە دەكرێت بڵێین داعش و ئەم گرووپ و میلیشیانە دووڕووی یەك دراون!

لە چوارچێوەی ئەم بەیاننامە و هەڵوێستەی ئەم پێنج وڵاتەدا دەكرێت بەرپرسانی هەرێم داوای نێوەندگیری نێودەوڵەتی بكەن، تاكو فشار لە حكومەتی بەغدا بكەن و چاودێر بن لە جێبەجێكردنی ماددەی (140)ی دەستووری عێراق، بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسی ئەو گرووپ و میلیشیانە لە سەر هەرێمی كوردستان و لە جێگایاندا هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی ناتۆ جێگیر بكرێن.