شێتان شێت دەبن دەچنە پیرمەنسوور ..پیرمەنسوور شێت بێ دەیبەنە كوێ؟!

كوردە هاشم جیهاز


04/05/2021


نامەیەكی كراوە بۆ ھەڤاڵ شاناز ئیبراھیم ئەحمەد و ھەڤاڵ شاڵاو كۆسرەت رەسول:
شێتان شێت دەبن دەچنە پیرمەنسوور
پیرمەسوور شێت بێ دەیبەنە كوێ؟!

گومانی تێدانییە لەناو كایەی سیاسیی و حزبیی بەردەوام گلەیی و گازەندە ھەیە. ھەمیشە وابووە ھەندێك ڕەنج دەدەن و ھەندێكیتر بەری بەرھەمەكەی دەچننەوە، ھەندێك وەك سەربازی ون خەبات دەكەن و ھەندێكیش دەبنە پاڵەوانی گۆڕەپان.

 خوشكی گەورەم شاناز خان برای بەڕێزم كاك شاڵاو ئەگەر كادرانی یەكێتی گلەییان ھەبووایە دەھاتن بۆ لای ئێوە ئێستا ئێوە گلەییتان ھەیە دەچن بۆ لای كێ؟؟! 

ئێوە لە سۆسیال میدیا و لەڕێگەی فەیسبووكەكەی كاك مارك زوكەربێرگەوە پێتان گوتین كە لەزۆر پرسی چارەنوسساز ئاگاتان لە مەحموی بێزەوا نییە. 

ئەمە بۆ تەواوی كادران و خەڵكی یەكێتی جێگەی نیگەرانیی و سەرسوڕمانە لەبەر دوو ھۆكار یەكێكیان ئەوەی كە ڕاستە نوێبوونەوە ھەندێ پرسی چارەسەر كرد، بەڵام دەترسین بڕیاردانەكە زۆر تاكڕەوانەبێت فرە كوێخاییە كۆنەكەمان ئەوەندە بە مەركەزیی بووبێت نزیك بووبێتەوە لە تاكڕەویی و ھیچ پرس و ڕاوێژێك نەكرابێت كە نایەتەوە لەگەڵ ئەو فەزا ئازادە و ھەڤاڵبەندییەی لەناو یەكێتی ھەبووە ئاخر نە وا و نە واش!  

دووەم ئێوەی بەرپرسی باڵای حزب بێن گلەیی بكەن لە جیاتی گرتنەبەری ڕێ و شوێنی چارەسەر كردن و ڕێگرتن لەدووبارە بوونەوەی حاڵەتێكیتری لەم جۆرە.

ئەوە بێجگە لەوەی كە دووبارە و دەبارە لەبەرچاوی یار و نەیار بەھەمووانمان گووت یەكێتی ھێشتا چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی نەكردووە لەحاڵەتی پاشاگەردانییە.
 
ھەڤاڵان شاناز خان و كاك شاڵاو ئەركی ئێوەیە ئەوانیدیش تێبگەیەنن كە یەكێتی بە ھەبوونی ڕای جیاوازەوە جوانە و ئەو حاڵەتەی خەڵكیتر پێمان دەڵێن باڵ باڵێن ئێمە خۆمان پێی دەڵێن بۆچوون و ئایدیای جیاواز مادام ھەموو ڕێگاكان بە بۆچوونە جیاوازەكانیشەوە بچنەوە بانە، لێرەوە دەمەوێ بڵێم چیتر نامانەوێ ڕێگاكان بچنەوە بانە دەبێ ئیتر ھەموو ڕێگاكانی یەكێتی بەرەو پیرە قەراتێ بێن با ڕێگاكانتان بەرەو ھەولێرێ بی، ئاخر ماقووڵە بگۆترێت ھەڤاڵانی ھەولێر ئاگایان لە حەدەسێكی سیاسیی گەورەی حزبەكەیان نییە؟!

 ھەڤاڵانی سەركردایەتیی ھەولێر چ وەڵامێكیان پێیە بۆ خەڵكی بەشمەینەتی یەكێتی لە ھەولێر ؟؟! ئێوە كە ئاگاتان لەھیچ نیە ئیتر لەمەودوا مصداقیەت و شایستە بوونتان وەك سەركردە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە كوا دەنگتان كوا ڕەنگتان؟!

ئێوە دەزانن چەند خەتەرە لەنامەیەكی كراوەدا بنوسرێت هیوادارم هاوپەیمانێتییەكە سەركەوتوو بێت و هیچ شوێنێك نەكرابێتە قوربانی شوێنێكی تر ئەمە بەواتای ماران گاز لە سەری گوریس دەترسێت.

ئەوجا لەسەر بابەتی دڵسۆزیی و قوربانییدانی ھەولێریان و پێگە و گرنگیی ھەولێر بۆ یەكێتی خۆ قاتی ناتانەوێ من قسەتان بۆ بكەم.

لە ھەموو دنیا پایتەخت چەقی ململانێیی سیاسیی نێوان حزبەكانە لەناو یەكێتی پایتەخت بەقوربانی ململانێیی ناوخۆیی كراوە.

ھەڤاڵتان كوردە 
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
٢٠٢١/٥/٤ ھەولێر