بەدەم رێگەوە موچە بڕین

رێبوار كەریم ولی


29/06/2021

رەنگبێ زۆربەی ئەھالی بە قسەی ھەندێك لە پەرلەمانتارانی دەسەڵات شاگەشكە بووبن و سەت بارەكەڵلایان بۆ ناردبن، لاكین ئەو ماستە بێ گوریس نەبوو.
*
ھەمووی پار و پێرار بوو كە لەسەر ئەوەی یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ حزبەكانی دیكەی ئۆپۆزیسیۆن داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەتیان كردبوو، لە سەرانسەری دەڤەری بادینان قەڵاچۆیان كردن و لە چاوتروكانێكدا پۆستیان پێوە نەھێشتن!
*
ئەو بابەتانەی باس كران، یەك بڕگەشیان پەیوەندیی بەو وەزیرانەوە نەبوو. چونكە یەكەم، ھەموو بڕیارێك لە ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ و بەسەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران دەردەچێ و دووەمیان ھەرچی حكومەتیش دەیكات ئەم پەرلەمانتارە بەڕێزانە لەپەرلەمان بە زۆرینە بۆی تەسدیق دەكەن. كەواتا تا دز خاوەنماڵی گرت.!
*
ئی مایەوە چی؟
*
ھا...دەرفەتە كابینەی پێشوو بكوتی! بۆ نا؟ نا نا بوەستن ئەم كابینەیەش بە دووساڵ چوار ملیار و نیو دۆلار قەرزدارە! خۆ ئەگەر نرخی نەوت وەك سەردەمی شەڕی داعش بایە، ئێستا چوار ئەوەندە قەرزار دەبوو. چاكی مەكە تا تێكی نەدەی!
*
لەوە زیاتر؟
*
قسەكان كران و تەواو. چونكە مەبەست قسەكردن بوو و بەس. ئەگەرنا وەك ھەمیشە بە كۆی دەنگ  لێبڕینی موچەتان كۆتایی پێھێنابایە. یان ئەگەر بە ڕاستتان بوو، دوای پرساندنی سەرۆكی حكومەتتان كردبایە!
*
وەزیرەكانی یەكێتی و گۆڕان رەزیل كران. 
*
كابرای ئاكرەیی كە ئێستاش نەمزانی بە چ زمانێك قسە دەكات لەو گۆڕە بووە پاڵەوان! راستییەكەی دوای قسەكانی لە جیاتی چەپڵەڕێزان دەبوایە بدرێتە دادگا، چونكە ھەڕەشەی پارچە پارچەكردنی لە كەسانێك كرد كە لە روانگەی ئەوەوە(نەك قانون) گەندەڵن!
*
دەركەوت مەسەلەی بڕیاری پێش دادگا بە سەر ھەمواندا تەعمیم كراوە!

تێبینی: لەمەودوا مووچە بە یەك واو بنووسن، چونكە واوێكی بڕاوە.