بە مەرحەبای ئەمریکا، باڵ فش مەکەن!

سەردەشت حەمەساڵح


07/07/2021

لە کورد داماوتر ئەفغانیەکانن. ئەوان چەند دەیەیە چاویان بەرەنگی خوێن ئاو دەدرێ و گوێیان بە راجیمەو بۆمب دەزرنگێ، سییەکان و گەرویان بە باروت دەبرژێتەوە..
ئۆقیانوسێک بێوەژن و ئۆقیانوسێک کەم ئەندامیان ھەیە، شەڕی سۆڤێتیەکان و ھاتنی موجاھدین و دواتر شەڕی ناوخۆی باڵەکانی موجاھدین. دروستبونی شوراکان و ھاتنی تاڵیبان و دوای یازدەی سێپتەمبەر ھاتنی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی، بە درێژایی ئەو ھەموو ساڵە کوشت و کوشتارو وێرانکاری بەردەوام بوە، بزانە ئیتر ناخی تاکی ئەو وڵاتە چی لێھاتوە! ماڵ نییە قوربانی نەدابێ و ئازیزانی نەکوژرابێ، ھەرخۆی تەواوی ئەفغانستانی، قوربانین.
دوای ھاتنی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان مەرگ کەمێک دەستی لێھەڵگرتن، گەرچی تیرۆرو تەقینەوە ھەر ھەبون، لێ تا ئاستێک ئاھێکیان پیاھاتەوە. 
دەسەڵاتی ئەوێ پشتی بە ئەمریکییەکان بەست! ئەوەتا ئێستا باجەکەی دەبێ بدەن و وا جارێکی تر دەیداتەوە دەست کوشتارگە. 
راستە لە سیاسەتا وەفا نییە، بەڵام ناشێ ئەخلاق نەبێ. ئێمە بەرامبەر رۆژئاوای خۆمان ھەڵوێستی گۆڕاوی ئەمریکامان بینی، ھەروا لە ھەندێ وێستگەی تردا بۆمان دەرکەوتون وەک بەڵێنی ٣١ی ئاب و وەک بێھەڵوێستی لە داگیرکاری ١٦ی ئۆکتۆبەردا!
بۆیە دەسەڵاتی کوردی دەبێ ئەم دۆخەی ئەفغانستان بە وانەیەک وەربگرن و دەرخی بکەن، بە مەرحەبایەکی ئەمریکا باڵ فش نەکەن.
لەمێژوشدا ئەوانەی میللەتی خۆیان لەگەڵ نەبوە ھیچ ھێزێک فریایان نەکەوتوە، بەتایبەت ئەمریکا کە بەرژەوەندی جەوھەری سیاسەتیەتی.