ئارەزوو مەحمود
02/09/2021
١- پرۆژەکە ھاتە پەرلەمانی عیراق و لەلایەن لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان ئیشی لەسەردەکرێت و چەند سیمینارێکیشی بۆ رێکخرا لەناو پەرلەماندا و لە قۆناغەکانی سەرەتاییدایە .
٢- بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ ئەو منداڵانەیە کە باوکیان نادیارە بەھەر ھۆکارێک بێت وەک منداڵەکانی پاشماوەی شەری داعش ، یان ئەو منداڵانەی دایکیان عیراقیەو باوکیان ئەجنەبیەو جنسیەی عیراقی نیە یانیش ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژی سێکسیەوە ھاتونەتە دونیا و ...ھتد .
٣- پرۆژەکە گشتگیرو ئیجباری نیە.
٤- پرۆژە یاساکە مافی خوێندن و چارەسەری پزیشکی و مانەوەو سەفەرو سەرجەم مافە دەستوری و یاسایی و ئاساییەکە دەگەرێنێتەوە بۆ ئەو منداڵانە کە تا ئێستا بە ھۆی نەبوونی ناسنامە بێ بەشن لەھەموو مافێکی ھاووڵاتی بوون .
٥- پرۆژە یاساکە دەکرێت بە ھێزتر بکرێت لەرووی ناونیشان و دارشتنی ناوەرۆکەکەیەوە لە رێگەی کەسانی یاسا ناس و شەرع زان و پسپۆرو شارەزا لە بوارەکەدا.
٦- پرۆژە یاساکە تا ئێستا لە گەڵاڵە کردندایەو پیویستی بە پاڵپشتی زیاتری یاسایی ھەیە لە رێگەی پلانێکی تۆکمەو کۆرو سیمینارو بانگھێشتکردنی کەسانی پسپۆر نەوەک ھەڵای راگەیاندنی بێ بنەماو ھات و ھاواری سۆشیال میدیا .
٧- پرۆژەکە دژایەتی کردنی دین و ئاین نیە وەک ئەوەی بە ھەڵە لێکدانەوەو شیکاری بۆدەکرێت لای ھەندێک .
٨- پرۆژەکە دژی رەگەزی نێرو باوک نیە بەڵکو نەگوجاوی ناونیشانە و رێگای ئیشکردن لەسەری وێنە راستەقینەکەی شێواندوە.
٩- دەکرێت ئەو دایک ومنداڵانەی بونەتە قوربانی بەشداریان پێبکرێت لە پانێڵەکان و راستەوخۆ رایان وەربگیرێت تا خەم و ئازارەکانیان بکرێتە یاسا و ھاووڵاتیان راستەوخۆ بەرکەوتەی کارەساتەکان و ئازارەکانیان ببینن تا وێنەکە رونتربێت بۆ تێگەیشتن.
١٠- مەرج نیە ھەر ئیشێک رێکخراوەکانی ژنان پێی ھەستان دژی پیاوان بێت .
١١- ئەم پرۆژە پێویستیەو بە خۆشی و ناخۆشی من و تۆ نیە ، بەڵکو کێشەیەکی واقعی ھەیەو پێویستە بە یاسا چارەسەر بکرێت و داتاکان ترسناکن لە عیراق بەداخەوە.
١٢- ھیوادارم ھەرکەسێک خۆی بەخاوەنی پرۆژەکە بزانێت و بەرلەوەی لێکدانەوەی نادروستی بۆ بکات ھەوڵبدات لە ناوەرۆکەکەی تێبگات و بە سەرنج و پێشنیازەکانیان بابەتە دەوڵەمەندترو بەھێزتر بکەن.
ئارەزوو محمود
ئەندامی پەرلەمانی عیراق
٢٠٢١/٩/٢