كورد لەنێو هاوكێشە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

مەنسور رەئوف بەرزنجی


04/10/2021

لەپاش رووخانی رژێمی سەدام حسێن لەساڵی 2003 لە لایەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، هەرچەندە ئەمریكا هەمیشە نەتەوەی كورد بەدۆستی نزیكی خۆی وێنا دەكرد، بەڵام لەواقیعی سیاسیدا تائێستاش كورد لەعیراقدا لەچوارچێوەی بازنەیەكدا دەخولێتەوە، سەرباری ئەو بەڵێنانەی لەساڵی 2003 و بەر لەرووخاندنی رژێمی بەعس بەكوردی دابوو كە سنووری بۆ جیابكاتەوەو ببێت بەدەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام سیاسیەتی ئەمریكا لەعیراق لەدوای رووخانی رژێمی بەعس پێچەوانە بوەوە، ئەوەش تەنها هۆكارەكەی بۆ ئەو بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و سەربازییە دەگەڕێتەوە كە لەنێوان (ئەمریكا- ئێران و توركیا) دا هەیە، چونكە دەوڵەتی ئێران خۆی بەزلهێز دەزانێت لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ توركیادا رێگا بەهیچ پێشكەوتنێكی دۆزی كورد نادەن لەعیراق، بەشێك لەو هەوڵانەشیان بەرەزامەندی ئەمریكایە لەناوچەكەدا.

ئەوەی ئێستا هەستی پێدەكرێت، فەڕەنسا پێچەوانەی دەوڵەتانی تر لەدۆزی كورد هاتووەتە پێش و پێداگری لەمافی كورد دەكات لەعیراقدا، هەروەك چۆن بینیمان لەكۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵدا ، ئیمانوێل ماكرۆن-ی سەرۆكی ئەو وڵاتە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو پێداگری لەپەیوەندی مێژوویی گەلی كوردو گەلی فەرەنسای كرد.

بۆ ئێمەی كورد ئەو هەنگاوەی ماكرۆن جێی شانازییە، چونكە لەساڵی 1991 لەسەر پێشنیاری فەڕەنسا بڕیاری 688 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەركرا بۆ پاراستنی كورد لەرژێمی بەعسی ئەو كات.

ئەوەی جێی پرسیارە، رۆژانە فڕۆكەو مووشەكەكانی ئێران و توركیا هەرێمی كوردستان دەكەن ئامانج، بەبێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەحكومەتی عیراق ببینرێت، ئەوەش نیشانی دەدات تەنها عیراق بەناو دەوڵەتەو هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر هەژموونی ئەو دوو دەوڵەتەدا نییە لەناو خاكەكەیدا.

 

وتارەكە گوزارشتە لەراو بۆچوونی نووسەرو (راچڵەكین) بەرپرس نییە لەناوەڕۆكەكەی