بانگەوازێك بۆ لایەنی پەیوەندیدار

لوقمان حەمەد مەڕان


09/03/2020


بۆ بەڕێزان..
سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت و وەزیری پێشمەرگە، لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، دەزگای تەندروستی پێشمەرگە

بەڕێزان خواپێداوان و خاوەن كۆمپانیاكان و خێرخوازانی كوردستان

وەك هەمووتان ئاگادارن ئێستا جیهان بەدەستی نەخۆشی كۆڕۆنا گیرۆدە بووە، دەیان هەزار كەس توش بووە و هەزاران كەس مردووە.

ئەم نەخۆشییە بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێ لەناو مرۆڤایەتی، ئێستا وڵاتانی دراوسێی ئێمەش زۆر بە توندی ئەم نەخۆشییەی لێ بڵاوبۆتەوەو لە عێراق و هەرێم چەندین كەس تووشی ئەم نەخۆشییە بوون، چەند كەسێك بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

حكومەتی هەرێم حاڵەتی خۆپارێزی لە هەرێم ڕاگەیاندووەو زۆربەی شوێنە گشتییەكانی داخستووە، وەكو ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆ وپەیمانگاو شوێنە ئاینییەكان و زۆربەی شوێنە گشتییەكان كە دەبنەهۆی قەرەباڵغی خەڵك، بگرە بەشێكی زۆری دەوام لە سەرجەم  شوێنەكان تا ئاستی  زۆر كەمكراوەتەوە، تەواوی فێرگەو شوێنی مەشقەكانیش ڕاگیراون بۆ سەلامەتی گیانی كارمەندەكانیان.

ئەوەی دەوامی وەك خۆی بەردەوامە تەنها سەنگەرەكانی پێشمەگەو بەشێكی هێزە ئەمنییەكانە، كە ناكرێت بەهیچ شێوەیەك دەوام لەسەنگەرەكان كەمبكرێتەوە.

بەڵام ئەوەی گرنگە تازووەو كارلەكار نەترازاوە، فریای سەنگەرەكان بكەون، چونكە پێشمەگە لە سەنگەرەكانەو هەر یەكەو لەشوێنێك دێن بۆ دەوام بەردەوام لەسەنگەرەكان بەكۆمەڵ كۆدەبنەوە، ئەگەر یەك پێشمەرگە هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بێت، ئەوە دەیانی تر تووشدەكات، ئەوكات دەبێتە هۆی كارەساتێكی گەورە لەڕووی مرۆیی و لەڕووی ئەمنی.
تا زووە لە سنوری هەموو لیواكان تیمی تەندروستی جێگیر بكەن و بۆ ئەوەی ڕۆژانە چاودێری تەندروستی پێشمەرگە بكات و تەواوی كەلوپەرلی خۆپارێزی لە دەمامك و دەستكێش و كەلوپەلی تەعقیم لە دەرمان و پەمپ و هەموو شتەكان دابین بكرێت، بۆ ئەوەی ڕۆژانە سەنگەرو بارەگاكانیان بڕشێندرێن و سەرجەم ئەو شتانەی ڕۆژانە خواردنی تێدە دەخۆن، بۆیان بكرێت بە سەفەری، ئەگەرنا دەبێت چاوەڕێی هەواڵی ناخۆش بین.

بەڕێزان كاتی قسەی تیڤییەكان نییە، تكایە تكایە كاتی كاری عەمەلییە، چونكە چەند ڕۆژێكە بەشێك لە فەرماندەكان لە هەوڵدان بۆ دابینكردنی ئەم پێداویستییانەی كە باسمكرد، بەڵام هەموو هەوڵەكان مایەپوچ بوو، بە بیانووی ئەوەی هیچ شتێك لەبەردەستدا نییە ناتوانن دابینی بكەن، بۆیە من ڕووی دەمم لەو بەڕێزانەیە كە لەسەرەوە ناوم هێناون، بۆ ئەوەی زوو فریای ئەم دۆخە بكەون، دوایی پەنجەی پەشیمانی دەگەزن، دڵنیابن بە داخستنی چەند ڕێگایەك ئەمە تەواو نابێت.

بەهیوام دەنگمان بگات  بەشوێنی مەبەست، بەڵام دوور لە دەمارگیری بە خەمخۆری لێمانی وەرگرن، بەهیوام هەموومان خەمی گەورەمان خەمی پێشمەرگە و گەلی كوردو مرۆڤایەتی بێت، داواش لە خێرخوازان و خواپێداوان دەكەم، دەستی هاوكاری بۆ پێشمەرگە درێژ بكەن بۆ دابینكردنی ئەو پێداویستییانەی لەسەرێ باسم كردووە.