بۆ سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟

عەزیز ڕەئووف


14/10/2021

 

 

سەرباری چەندین قەوارەی سیاسی و پارتی سیاسی گەورە و بچوک لە هەرێمی کوردستان، چەند کەسێک وەک سەربەخۆ خۆیان بۆ پارلەمانی عیراق هەڵبژارد بەڵام سەرنەکەوتن. بەڕای من هۆکاری شکستی ئەم بەڕێزانە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەیە: یەکەم: مادام خۆیان بە سەربەخۆ دەزانی کەچی زۆر بێمنەت بوون لە ڕای خەڵک. شەقامی کوردی پڕ بوو لە مرۆڤی بێلایەن و کەسی سەربەخۆ، پەیوەندی ئەم بەڕێزانە بە خەڵکانی سەربەخۆوە زۆر لاواز بوو. دووەم: نەبوونی میدیایەک بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان، نەبوونی مینبەرێک کە دەنگی خۆیان بگەیەنن جگە لە پەیج و ئەکاونت و هەندێک لە ڕیکلامەکانی خۆیان. سێیەم: ئەم هاوڕێیانە زۆرترین قسەیان دەکرد و جۆرێک لە بێمنەتیان پێوە دیار بوو کە مادام پێشتر دەنگی زۆریان هێناوە بۆیە دەنگەکانی خۆیان مسۆگەرە، بێئاگا لەوەی کە دەنگەکانیان هی نەوەی نوێ و گۆڕان و قەوارەکەی بەرهەم ساڵح بوو. چوارەم: سەربەخۆبوون بۆ کردەی سیاسی بەتایبەت بۆ پارلەمان پڕە لە ئیشکاڵ و لەجیاتی ئەوە پێویستمان بە گروپ و بلۆکی سیاسیە. دەبوو ئەم هاوڕێیانە پێش ئەوەی وەک سەربەخۆ خۆیان بناسێنن لەگەڵ هێز و کەس و لایەنە نیگەرانەکان یاخود لەگەڵ بەرەی ناڕازی کۆمەڵگەی کوردی کۆنتاکتیان هەبووایە نەک تەنها وەک سەربەخۆ خۆیان بناسێنن و بە بێکەسی بمێننەوە. پێنجەم: یەک لەو هاوڕێیانە کوڕی خیتابی گۆڕان بوو، یەکێکی تریان لەژێر باڵی نەوەی نوێ سەری دەرهێنابوو، سێیەمیشیان سەر بە لیستەکەی بەرهەم ساڵح بوو، ئەمەش جۆرێک تاریکی دروست کردبوو کە ڕەنگە هەرسێکیان کوڕی هێز و قەوارە و کوتلەکانی پێشوی خۆیان بن و وەک تاکتیک ئەم کردەیە ئەنجام بدەن. شەشەم: گوتارێکی دژە هەرێم و قەوارەی هەرێم بە کردە و قسەکانیانەوە دیار بوو. ڕاستە فشاری گەورەیان دەکرد بۆ موچە و داهاتی خەڵکی کوردستان، بەڵام هەستت دەکرد هەڵگری گوتارێکی تەواو عیراقین، ئەمەش بۆ ئەو ململانێ مێژووییەی لەنێوان گەلی کورد و عەرەب لە عیراقدا هەیە هەزمکردنی ئاسان نەبوو. حەوتەم: گومانێک لەناو خەڵکدا هەبوو کە ئەم هاوڕێیانە لە یەکێک لە هاوسەرۆکانی یەکێتیەوە نزیک بن، ئەمەش دوای ئەوەی لە بەغدا هەموویان گروپی هیوایان دروست کردبوو. تا کۆتاییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیش ئەم گومانە لای خەڵک نەڕەویەوە. هەشتەم: زمانێکی ئێجگار زبریان بەکار دەهێنا. هەر ختوکەت بدانایە جنێوی زۆر ناشرینیان بەکار دەهێنا کە ئەمەش دوور بوو لە زمانی سیاسی نوێ بەجۆرێک کە دوور بوو لە مۆدێلێکی سیاسی نوێ وەک بەدیلێک بۆ یەکێتی و پارتی. نۆیەم: لە کۆتاییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڵاوکرایەوە کە ئەم هاوڕێیانە تەنها لە شاشەوە دەرکەوتوون و کەمترین قسەیان لە پەرلەمانی عیراقدا کردووە. ئه‌وانیش هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بوو. دەیەم: پشتیان بە دەم و چاو دەبەست، بێئاگا لەوەی خەڵک لە دەم و چاوی دووبارە بێزار بوو، باشترین نمونەش کاندیدانی نەوەی نوێ بوون کە کەسیان نەناسرابوون