کۆشکەکانی ئەمریکا و لافاوەکەی هەولێر

ره‌نگین عه‌بدوڵڵا


25/12/2021

چین شی هوانگ تی، بە یەکەمین ئیمپراتۆری چین دادەنرێت لە 211 – 221 پ. ز ئیمپراتۆرێکی باڵادەست بوو ئیمپراتۆریەتەکەی بەهێزتربوو لەوەی ئالێکساندەری مەزن، هەموو مەملەکەتی لە ژێر ناوی چیندا یەکخستبوو، بەڵام سەیر ئەوەبوو زۆر دەگمەن و کەم کەم دەردەكەوت بە جۆرێک لە مردن و رەخنەی خەڵک تۆقیبوو کە بە ڕێڕەوە تاریکەکاندا هاتوچۆی دەکرد، ئیمپراتۆر لە نایابترین کۆشکدا لە پایتەختی هسیە یانگ دەژیا، کۆشکەکەی 270 تاوەری گەورەی هەبوون کە هەموویان بەناو ڕێڕەوی ژێرزەمینی گرێدرابوونەوە، ئیمپراتۆر بە نهێنی و بێ ئاگاداری هیچ یاوەرو خزمەتکارێک لە کۆشک و سەڵتەنەتەکەی بە دزییەوە دەچووە دەرێ، تا رۆژێک لەو کەژ و کێوانە بە دزییەوە دەمرێت و قەل و داڵ نیوەی لاشەکەی دەخۆن.

ئەوەی وادەکا دەسەڵاتدارێکی باش لە دەسەڵاتدارێکی خراپ جیابکاتەوە بەشداری و پێکەوەکارکردنی هاونیشتمانی و دەسەڵاتە پێکەوە، رەخساندنی زەمینەی لەبارە بۆ تێگەشتن لە خەم و پرسیاری هاووڵاتی خاڵی جیاکەرەوەی حوکمڕانێکی باشە لە خراپێک، کۆشکەکانی ئەمریکاو دوبەی و لەندەن هیچ لەو واقیعە ناگۆڕێ کە ئێمە سەربە نەتەوەیەکی چەوساوە و پارچە پارچە کراوین. 

ئەگەر تۆ لەگەڵ ئازارو پرسیاری خەڵکەکەی خۆتدا نەژیت و ئەسڵەن لە هۆکارو فاکتەری پشتی قەیران و سکاڵاکانی هاووڵاتی تێنەگەیت کۆشکە باڵابەرزەکانی ئەورۆپاو ئەمریکا هیچ نییە جگە لەو کەژ و کێوانەی ئیمپراتۆر، کاتەکانی خۆی بە تەنها لەوێ بەسەر دەبرد تا سەرەنجام بەتەنهاو لەپڕ مرد و قەل و داڵ لاشەکەیان خوارد.

هیچ کۆشکیکی دنیا رەونەقداتر نییە لە دڵی هەژارێک بۆ تۆ کاتێک دەزانی بە هۆی فەرمانڕەوایەتی دادپەروەرانەی تۆوە دەگەشێتەوە. فەرمانڕەوا هەر ئەوە نییە لەسەر عەرشی سەڵتەنەتەکەت دانیشی، هەر ئەوە نیە وەزیرو گزیر و گەداکانی خۆت بژمێری، هەر ئەوە نییە سەیری ئاسمان بکەیت و خۆت بە درەوشاوەترین ئەستێرەی خەیاڵی بزانیت بەڵکە فەرمانڕەوای راستەقینە ساتی مەستی خۆی هەیە، مەستی دادپەروەری، مەستی دروستکردنی دنیاییەکی باشترو شیاوتر بۆ نەوەکانی داهاتوو، بەگشتی لووتکەی مەستی دەسەڵاتدارێکی عاقڵ و بەرپرس بریتییە لە دۆزینەوەی کورسییەکی راستەقینە لە مێژوودا تا بتوانێ بەوپەڕی شکۆوە لەسەری دانیشێت، شکۆی راستەقینەی فەرماڕەوایەکی دڵسۆز کورسی مێژووە، نەک کۆشک و تەلارە بەرزەکانی ڕۆژئاوا.

من زۆر جار بیردەکەمەوە لەوەی گەلێك خاوەنی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران و زیاتر لە چوار هەزار گوندی وێران و هەزارەها کەمئەندامی سەنگەرو هەزارەها شەهیدی پاک و پاڵەوانبێ چۆن دەتوانێ بیر لە شوێنێکی ئارام بۆ خەو و خۆشگوزەرانیی بکاتەوە ـچۆن دەتوانێ بیر لە جلی ئوتوکراو تەلاری بەرزی عەیش و نۆش بکاتەوە، لە شۆڕشی گەلاندا ئەم جۆرە لە فەرمانڕەوا سەربەکاتیگۆری یەکەمن، واتە نابەرپرس بەرامبەر بەهاکانی شۆڕش و کەڕ و کوێر دەرهەق بە مافی هاووڵاتی، پێموایە فەرمانڕەوا نابێ کۆشک و تەلار بە ماڵی خۆی بزانێت بەڵکە دڵی هەژار و گەنج و پیرەکان ماڵی حەقیقی ئەو یان دۆزەخی ئەبەدی ئەوە .

لافاوەکەی هەولێر

ئەوەی ئەلف و با لە مانای شارو هونەری تەلارسازی بزانێت دەزانێت ئەوەی لە بیست ساڵی رابردوو لە هەولێر و هەندێ ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان بەناوی تەلارسازی و فراوانبوونی شارەکانەوە دروستبووە کەمترین مەرجی شارو هونەری تەلار سازی تێدا نییە، شارەکان لەبەر ئەوەی شوێنی خوێنەواری و دامو دەزگاو موئەسەساتن پێویستیان بە پلانی وردی هەمە لایەنە هەیە، هەر لە ئاو و ئاوەڕۆ تا دەگاتە سیستەمی گلدانەوەی ئاوی باراناو بۆ عەمبارەکان و دۆزینەوەی رێڕەوی زانستی ورد تا بتوانرێت لە کاتی لێزمە و بەفرو بارانی ناکاو شار نەکەوێتە بەردەم مەترسی لەناوچوون، چونکە شار لە هەمانکاتدا شوێنی ئارشیف کردنی ئەو مێژووەیە کە پلان و نەخشەسازییەکانی تێدا هەڵگیراوە، لە مێژوودا زۆر شار هەن سەر ئاو کەوتوون و بۆ هەتا هەتایە لەناوچوون، ئەوەی وایکردووە کەمتر گوێمان لە غەرقبوونی شارەکان بێت لە ئێستەیا ئەو پلانە زانستی و نەخشەی تەلار سازییە مۆدێرنانە تا رادەیەکی گونجاو رێگەی گرتووە لە پەلاماری لافاو فەیزاناتی ترسانێک لە جیهان، بەڵام هەرێمی کوردستان بەداخەوە نەیتوانیووە هیچ بیرکردنەوەیەکی دروست و زانستی هەبێت بۆ پارێزگاری کردن لە شارەکان لە کاتی ڕووبەرووبوونەوەی کارەساتی سروشتی گەورە.

 لەبری ئەوەی رێگا بکرێتەوە بۆ ئەندازیارو خەبیرەکانی بواری تەلارسازی بۆ داڕشتنی نەخشە و پلانی دوورمەودا کە شارەکان بپاریزێ لە هەر ئەگەرێکی کارەساتی سروشتی، بەڵام هەوڵدەدەین خەڵکانی حیزبی لە شوێنی پسپۆڕو خەبیرەکان دابنرێت تەنها لەبەر ئەوەی وەلائی سیاسی بۆ فڵان حیزبیان شەخس هەیە لەناو دەسەڵات، کۆشکەکانی ئەمریکاو لافاوەکەی هەولێر تەنها یەک رەگەز کۆیان دەکاتەوە ئەویش پشتکردنە خەڵك و ترسە لە پرسیاری جدی و رووبەرووبوونەوەی ئاشکرا لەگەڵ خەڵک و شار.