كۆمیدیای كۆرۆنا

لاوەند نەوزاد


14/03/2020


مەیەن بۆ ماڵمان مەیەن بۆ ماڵمان
بیری كەس ناكەین لەمام و خاڵمان

ئەزانن وەزعەكە وای لێ هاتووە بەهەر كەسێ بڵێی بەمیوانی دێین بۆ ماڵتان، لە ترسا رەنگی وا زەرد هەڵئەگەڕێت وەكو ئەوە وایە بڵێی داعشێكم بۆ بشارەوە!

جاران هەر كەسێكت ئەبینی ئەیوت چییە بێ رەحم بوویت و سەر نادەی، ئێستا وا بەساردی لە دوورەوە سڵاوت لێ دەكات هەر خەجاڵەت ئەبیت.

. دوێنێ پیاوێك كەسێكی بینیوە پێی وتووە «شێوەت ئەكەم و هەست ئەكەم غەریب نیت لەبەرچاوما» كابراش وەڵامی داوەتەوەو وتوویەتی « ئەك رووت رەش بێ رۆڵە من رەحیمی براتم» !

ناهەقی نیە، بەهۆی دەسكێش و كەمامەوە خەریكە خەڵك یەكتریش ناناسنەوە. 

جگە لەوە، دەڵێن لە ماركێتێكدا كوڕێكی داماو چەند جارێك كۆكیوە، كەچی پیرەژنێك پێی وتووە «ئەك سەرت بەتاشین چێ»! و دنیایەك هاواری كردووە بەسەریا، لەسەر ئەو خەمەش خەڵكەكە بەهەڵە لەمەسەلەكە گەیشتوون و بەكوڕەی داماویان وتووە «ئەوە تۆ عەیب ناكەی داوای عیلاقە لەو پیرەژنە ئەكەیت»؟

هەرچەندە هاواری كردووە كە وا نیە، بەڵام بەپاڵ كردوویانەتە دەرەوە!

كۆمەڵگەی ئێمە بوونەتە دوو بەش: بەشێكیان ناوسكیان كەوتووە وەك بڵێی كۆرۆنا تەڵاقی خواردبێت كە وازیان لێ ناهێنێت. بەشەكەی تریش مێش میوانیان نیەو وا ئەزانن ڤایرۆسی كۆرۆنا هەر بەقەد بیرەی كۆرۆنا زیانی هەیە. 

سەیر لەوەدایە هەردوولا كۆكن لەسەر ئەوەی زۆرترین كەلوپەل بكڕن و خەزنی بكەن. نوقڵ و چوكلێت و قەیسی و شەربەت و چەرزات بەرناكەوێت، نازانم كۆرۆنا بەڕێوەیە یان جەژنی قوربان؟

( وعسی أن تكرهوا شیئا وهو خیر لكم) 

ئەم كۆرۆنایە نەبوایە، هەندێ میللەت قەت پاك نەئەبوونەوە: خەڵكی  وا هەیە هەموو تەمەنی هەر بەگۆرەوی دەموچاوی سڕیوە، كەچی ئێستا بەكلێنسی تەڕ دەست و دەمی ئەسڕێت. لەوانەیە بڕوا نەكەن كە زۆر پیاو هەیە كە لە توالێت دێتە دەرەوە، ئەگەر كەسێك لەوناوە نەبێتو نەیبینێت دەستی ناشوات! كەچی كاكم گاڵتە بەچینی دەكات و دەڵێ ( بۆچی شۆربای شەمشەمەكوێرە دەخۆن)؟

بیرمان چۆتەوە كوردیش: ریشۆڵەو رێوی و كۆترو ژیشك و سمۆرەو مێشك و زمان و كلكی ئاژەڵ دەخوات، كە بەلای گەلانی ترەوە زۆر پیسن!

بەس نیە خەڵكی وڵاتان پێمان نازانن، ئەگینا حەیامان ئەچوو (لەنێوان دوو كەوانەیا)!