پیاوی ماڵەوە!

لاوەند نەوزاد


16/03/2020

بەهۆی كۆرۆناو مانەوەی خەڵكانێكی زۆر لەماڵەوە، وا هەڵسوكەوتی مرۆڤەكانیش گۆڕانی بەسەردا دێت و شتی سەیرو سەمەرە دەبینین:

برادەرێكی ئەندازیارم وتی: ئەوەندە یاری پلەی ستەیشنم كردووە، شەو تا بەیانی لەبەر ئازاری پەنجەكانم خەوم لێ ناكەوێت! یەكێكی تر وتی : كورە ئەمە چییە، لەوەتەی قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە، باپیرەم ۲٤ سەعات خەریكی سناپچاتە!

ئەم پێشكەوتنە خێرایانەی ژیان و لێك دابڕانی ئەندامانی خێزان كە پێشتر هەبوو، مەگەر هەر ترسێكی وەك كۆرۆنا كۆتایی پێ بهێنێت و خێزان كۆبكاتەوە، هەر كۆرۆنا ئەتوانێت پیاوی كورد لەماڵەوە رابگرێت. بۆیە چۆن كاتی خۆی ژنی ماڵەوە هەبوو، ئێستا پیاوی ماڵەوەش پەیدا بووە.

پیرە ژنێك لە ژنە دراوسێكەی پرسی: ئەمڕۆ چی لێ ئەنێی؟ ژنەكەش ئەڵێ: وەڵا ئەمڕۆ ماڵەوەمان چێشت لێ ئەنێ!

مێردەكەشی كە گوێی لەو قسانەیە، لە مەتبەخەكەوە هاوار ئەكات: خوا كۆرۆنا بگرێ چەتیو كە بەم تەمەنە منی كرد بەماڵەوەی تۆ!

ئیتر ئەبێ بزانین ئەم وەزعە زۆر شتی گۆڕی:

كابرا لە نامەیەكا بۆ هاوڕێكەی نووسیبوو
 "لەم سێ رۆژە بەڕاستی تێكەڵی ئەندامانی خێزانەكەم بووم و بۆم دەركەوت هەموویان خەڵكێكی زۆر باش و بەڕێزن! " 

هاوڕێكەشی وەڵامی دەداتەوە: " منیش تازە بۆم دەركەتووە هاوسەرەكەم شەش نەشتەرگەری جوانكاریی كردووە"!

ئیتر وایە، خەڵك لە سەردەمێك ئەژیان، زۆربەیان هاوڕێكانیان لە ماڵ و مناڵی خۆیان زیاتر ئەبینی.. بۆیە پێویستە ئەم قەیرانی كۆرۆنایە بكرێ بەدەرفەتێك بۆ لێك گەیشتن و لێك نزیكبوونەوە. نەك هەموو كاتەكە بۆ شتی لابەلا تەرخان بكرێت:

ـ یەكێ ئەڵێ نەنكم تیك تۆكی داناوە.

ـ یەكێ ئەڵێ پوورم بووە بە یوتیوبەر.

ـ یەكێ ئەڵی مامۆستاكەمان خەریكی فۆرتنایتە!

ـ یەكێ ئەڵێ باپیرم لە ئینستاگرام بەناوبانگ بووە.

 -یەكێ ئەڵێ دایكم هەشت گروپی فەیس بووكی دروست كردووە.

لا حول ولا قوە الا بالله. 

باشە ئەگەر گەورەكان خەریكی ئەم شتانە بن، ئەی منداڵ و مێردمنداڵ چی بكەن؟