چارەسەر بەزمانی چەك دەمێكە بەسەرچووە

هەرێم كەمال ئاغا


18/04/2022

بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانی عیراق، پێشێلكردنێكی زەقی سەروەریی خاك و ئاسمانی عیراقە، بەبیانووی بوونی هێزەكانی پەكەكە، هەروا دژی پرەنسیپەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی نێوان عیراق و توركیاشە.

پێویستە دەسەڵاتدارانی توركیا بیر لەچارەسەری دیموكراتیانەی بنەڕەتی كێشەی مێژوویی كورد بكەنەوە، چونكە ئۆپەراسیۆنەكانی ڕابردووش سەلماندوویانە، زمانی چەك كێشە ناوخۆییەكانی توركیا چارەسەر ناكات، بەڵكو قوڵتری دەكاتەوە، ئێمە باوەڕمان وایە:

- چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا بە ئۆپراسیۆنی سەربازی و پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتان چارەسەر نابێت، بەڵكوو پێویستی بەگفتوگۆ و  لێكتێگەیشتن هەیە.

- بۆیە بەردەوامبوونی جەنگ لە توركیا جگە ڕشتنی خوێنێكی زۆرو داتەپینی ئابوورییەكەی، كێشەی كوردیشی لەكێشەیەكی ناوخۆیی، كردۆتە كێشەی وڵاتانی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش.

پێویستە حكومەتی توركیا كار بۆ گێڕانەوەو بەدەستهێنانەوەی متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی  بكات، بۆیە دەبێت بەگفتوگۆ و لێك تێگەیشتن چارەسەری پرسی كورد بكات، ئەگەر پێی وابێت لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە دەتوانێت كۆتایی بە پرسی كورد لەتوركیا بهێنێت، بێگومان هەڵەیەكی گەورە دەكات.

پێویستە سوود لە ئەزموون و تاقیكردنەوەی عیراق وەربگرێت، كە كێشەی كورد لەم بەشەی كوردستاندا، بە جینۆسایدو ئەنفال و كیمیاباران لەناونەچوو، ئێستاش كێشەی كورد لە توركیا بەچەك چارەسەر نابێت، چونكە گەلی كورد پێكهاتەیەكی گەورەیە لە شیرازەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری توركیادا، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بوژانەوەی ئابورییەكەی و كۆتایهێنان بە كێشە ناوخۆییەكانی، باشترین ڕێگەو  چارەسەر، گفتوگۆی دیموكراسیە.