پارتی مامەڵە بە ماسیی ناو ئاو دەكات!

رێبوار كەریم وەلی


20/04/2022


باس باسی غازی كوردستانە، ئەو غازەی كەھێشتا خەڵكی كوردستان بە بتڵ و بە نیوەچڵی لێی سودمەندن و زۆربەی كاتیش قەبارەی بەرھەمھێنانەكەی ناگاتە ئەوەی پێویستیی ماڵان پڕ بكاتەوە. 
*
كاربەدەستانی مەیدانیی بواری نەوت و غازی كوردستانیش دان بەوە دادەنێن كە ئەوەی ئێستا بەرھەم دێت و قەرارە بەرھەم بێت تا پێنج ساڵی دیكەش رەنگبێ بای ئەوەندە نەبێ كە ھەناردەی دەرەوەی بكەی، خۆ ئەگەر ھەناردەش بكرێ دیسان بەھۆی ئەو گرێبەستە درێژخایەنانەی كە كراون شتێكی ئەوتۆ لە سەرئێشە زیاتر نەڕژێتە قاسەی حكومەتەوە. 
* 
ئینجا ئەسڵی مەتڵەب شتێكی دیكەیە كە ئەو غازە سروشتییەی كە گوایە و قەرارە ببێتە جێگرەوەی غازی روسیا لە ناوچەیەكدایە كە لەژێر كۆنتڕۆڵی یەكێتیدایە و تەنانەت ئەگەر یەكێتیش رازی بێت، ئێران و رای گشتیی ناوچەكە رێگرن لەوەی كە پارتی بە ناوی حكومەتەوە دەستی بۆ ببات. 

دەمێكە یەكێتی ھەموو ژێرخانی سیاسی و ئاییندەیی بۆ بەرھەمھێنان و ھەناردەكردنی غازی چەمچەماڵ لە رێگەی بەغداوە بڕاندۆتەوە و لە بەرامبەریدا، بەڵێنی سەربەخۆیی ئابوریی ناوچەكەی زامن كردووە.
 * 
ھاتنی خەڵك بۆ ناو پارتی و چەكداركردنیان لە ناوچەكە، بەشێكی زۆری پەیوەندیی بەوەوە ھەیە كە ئەگەر لە داھاتوودا، پێكدادانێك لە نێوان پارتی و یەكێتی لە سەر غاز لەو ناوچەیە درووست بێت، ئەو چەكدارانە بخرێنە ئیشەوە! ئەمە دیدگایەكی ترسناكە.
* 
بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیش چەندی پەیوەندیی بە ئێستای سیاسەت و واقیعی مامەڵەی حكومەت بە نەوت و غازەوە بێت، دوو ئەوەندە پەیوەستە بە رێگریكردن لە دەستبردنی زیاتری پارتی بۆ سەرچاوە بەرھەم نەھاتووەكان لە داھاتوودا. * پرۆژەی نابوكۆ كە دە پانزدەساڵ پێش ئێستا ئەوروپییەكان و تورك لەسەری پێداگر بوون، فەشەلی پێھێندرا و خەونی ئەوەی كوردستان ببێتە جێگرەوە یان دابینكەری بەشێكی بچوكی وزەی ئەوروپا لەباربردرا. ھاوكات لەگەڵ ئەوەشدا، سوریای كاول كرد. ئەوەی ئێستاش لە ئارادایە ھەمان ئەو قسانەن كە دە پانزدە ساڵ پێش ئێستا دەكران. خوا دەزانێ ئەمجارە كوێ كاول دەكات!؟
* 
پێداگریی پارتی لەسەر ئەوەی كە بیەوێ یەكلایەنانە دەست بۆ سەرچاوەكانی ژێر دەستەڵاتی یەكێتی ببات، شەڕێكی خوێناوی لە كوردستان بەرپا دەكات و تا ئاگری ئەو شەڕە دەكوژێتەوە، وڵاتانی ئەوروپا پێویستییان بە غاز نەماوە، بەڵام ئەو كاتە شتێكیش بەناوی ھەرێم نەماوە!


بەپەلە

وەزیری سامانە سروشتییەکان دەستی لەکارکێشایەوە