زێدەڕۆیی وبەفیرۆدان، لەخواردن وخواردەمەنیدا

سەركۆ یونس


23/04/2022


دیاردەی زێدەڕۆیی وبەفیرۆدان، لەئێستادا یەكێكە لەدیاردە ئابوری وكۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگاكان بەگشتی وكۆمەڵگادواكەوتوو وتازەپێگەشتووەكان بەتایبەتــــــی.

ئەم دیاردەیە، دوای زۆربوون وفەراهەمبوونی شمەك وكاڵاوخزمەتگوزارییەكان زیاتر دەركەوت، بەو پێ یەی پێداویستیەكان لەپێویستیەكانی تاك وخێزان و كۆمەڵگا زیاتر بوو.

لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، بەداخەوە موسڵمانان زیاتر خەرج دەكەن و زیاد لەپێویستی ڕۆژانەیان لەخواردن و خواردەمەنی بەكاردەهێنن، كەگومانی تێدا نی یە، ڕێژەیەكی زۆری ئەم پێداویستیانە بەفیرۆ دەڕوات ودەكرێنە ناو سەتڵی خۆڵ وخاشاكەوە.

لەقورئانی پیرۆزدا، هاتووە كەخوای گەورە بەفیرۆدەرانی خۆشناوێت (ۆكُلُوا ۆاشْرَبُوا ۆڵا تُسْڕفُوا ۚ إِنَّهُ ڵا یُحِبُّ الْمُسْڕفِینَ)
هەروەها داوامان لێ دەكات، لەبەفیڕۆدان و زیادەخەرجی دوور بكەوینەوە بەگشتی و لەخواردن وخواردەمەنی بەتایبەتی.

زێدەخەرجی وبەفیڕۆدان، لەهەڵسوكەوتەنەشیاوەكان ئەژمار دەكرێت، كەدەبێتەهۆی زەرەروزیان لەتاك و خێزان وكۆمەڵگا، لەهەمانكاتدا، دەبێتەهۆی لەناوچوونی هەندێ لەدەرامەتەكان.

زیادەڕۆیی لە خۆراك و خواردەمەنیدا، بووەتە دیاردەیەكی بەرچاو و كۆمەلگای كوردی، بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هیچ خێزانێك نی یە، سفرەی بەربانگی بەبێ فیڕۆدانی بەشێك لەخوانەكەی نەبێت! هەرچەندە ئامارێكی دروست لەم بوارەدا نی یە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، لەم مانگەدا زیاتر لە(50%)ی زبڵ وخاشاكی خێزانەكان، بریتین، لەپاشماوەی خۆراك وخواردەمەنی و میوە وسەوزە.

هەروەها دەرئەنجامی ئەم دیاردەیە، جارێكی تر قەیرانی گرانبوونی بازاڕ، سەرهەڵدەدات، بارگرانی زیاتر بەسەر گیرفان و داهاتی خێزانەكانەوە دروست دەبێت.

زانستی ئابوری، جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە تاك و خێزانەكان، بەپێ ی پێویستی ئەندامانی خێزان و رۆژانە، پێداویستیەكان دابین بكەن، زیاد لەپێویستی زەرەر لەگیرفان وداهات دەدات.
لەلایەكی ترەوە، دەرئەنجامی ئەم خواستە زۆرەی بەكاربەران و لاوازی ئابوری هەرێم، كەتوانای وەڵامدانەوەی خواستی ناوخۆی نیە، ناچار بۆ پڕكردنەوە پەنا دەبرێتە بەر هاوردەكردن، بەپێ ی ئامارە ناڕەسمییەكان (90%) پێداویستە خۆراكی و خواردەمەنییەكان، لەدەرەوە هاوردە دەكرێت، داهات و پارەی نیشتیمانی دەچێتە گیرفانی وڵاتی هەناردەكارەوە.

بێ گومان، زێدەڕۆیی لەخواردن وخواردەمەنی دا، چەندین دەرئەنجانی نێگەتیڤی هەیە، لەوانە:-
* قەڵەوی و زیادبوونی كێشی لەش، لەڕێگەی زۆرخۆرییەوە، قەڵەوی دروست دەبێت، ئەمەش مرۆڤ تووشی چەندین نەخۆشی دەكات، وەك نەخۆشییەكانی دڵ وفشاری خوێن وشەكرە وئازاری جومگە وئێسك.
* هەستكردن بەتەمەڵی و سستی، بێگومان كەسی زۆرخۆر، دەرئەنجامەكەی تەمەڵی دەبێت، كەزۆربەی كات ئارەزووی خەو دەكات.
* خەرجكردنی زیاد لەدارایی، ئەمەش بەهۆی ئامادەكردنی خوانێكی چەورو جواروجۆر، بەبەردەوامی.

ئەم دیاردەیە، لەكاتێكدایە جیهان بەگشتی بەدەست كەمبونەوەی خۆراكەوە گیرۆدەبووە، بەهۆی دەرئەنجامەكانی كۆرۆناڤایرۆس و ووشكەساڵی، جەنگی ڕووسیاو ئۆكرانیا. بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەجیهاندا، بووەتەهۆی زیادبوونی تێچوونی بەرهەمهێنان و سەرئەنجام ئاستی گشتی نرخەكان لەبازاڕەكاندا بەرزتر دەبێتەوە، هەر ئەمەش یەكێكە لەهۆكارەكانی هەڵــاوسانی نێودەوڵەتی.

هەندێ لەڕاپۆرتەكان باس لەبەفیڕۆدانی نزیكەی (1.3) ملیار تەن/ساڵانە لەخواردن دەكرێت، ئەم ڕێژەیە نزیكەی سێ یەكی بەرهەمهێنانی جیهان دەبێت، بەمانایەكی تر، واتە یەك لەسێ بەشی خۆراكی جیهانی لەسەلەی خۆڵدا دەبینێتەوە.

بەداخەوە، كۆمەڵگای كوردیش، لەم دیاردەیە بێ بەش نی یە، لەساڵانی پێشوودا بەهۆی زیادبوونی داهاتی تاك وخێزانەكانەوە، دیاردەی زێدەخەرجی وبەفیرۆدان زیادی كردو بەسەدان تەن لەخۆراك وخواردەمەنی و سەوزەو میوە بەفیرۆ چوون، سەرەڕای قەیرانی دارایی و كێشەئابورییەكان، بەڵام كۆمەڵگا هێشتا ڕێژەیەكی زۆری خواردن و خواردەمەنی زیاد لەپێویست خەرج دەكات و دیاردەی بەفیڕۆدان و زێدەخەرجی لەئاستێكی بەرزدایە.

یەكێك لەهۆكارەكانی ئەم دیاردەیە، نەبوونی هۆشیاری تاك وخێزانەكانە لەشێوازی بەكاربردنی خواردن وخواردەمەنیدا.

هەربۆیە، پێویستە هەموو لایەك بەڕاگەیاندن و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و ناوەندەكانی پەروەردەوفێركردنەوە، هەوڵی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بەكاربردن بدرێت، چونكە ئەم دیاردەیە، مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئاسایشی خۆراك و ماڵ وسامانی هاونیشتمانیان.