پرسی ژینگە وەك ئەولەوییەت

قوباد تاڵەبانی


24/05/2022

 

مەترسییە ژینگەییەكان بەگشتی و خۆڵبارین بەتایبەتی، ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو خراپتر دەڕوات، ئەمساڵیش خراپتر لە هەر ساڵێكیتر كە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەفتەیەك نەبووە چەند رۆژ خۆڵبارین نەبووبێت. 

كێشەی ژینگە تەنها خۆڵبارین نییە، كێشەی ئاویش كێشەیەكی سەرەكی عێراقە و بەپێی راپۆرت و توێژینەوە زانستییەكان لەوانەیە قەیرانی ئاو لە داهاتوودا ببێتە هۆكار بۆ ئاڵۆزی و نا ئارامی و پێكەوەژیانیش بخاتە مەترسییەوە. ئەمانە و كۆمەڵێك مەترسی دیكەی ژینگەیی..

بەڵام ئەوەی جێی داخ و نیگەرانییە، پرسی ژینگە بەم هەموو مەترسییەوە تا ئێستا نەبووەتە پرسی سیاسەت. هیچ لایەنێكی عێراقی ئەم پرسەی نەخستووەتە ئەولەوییەتی دووەم و سێیەمیشیەوە. لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا لە پرۆسەی دانووستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا لایەنەكان دونیایەك مەرجیان لەسەر یەكتر داناوە و لەسەر پۆست و ئیمتیاز و بچوكترین شتەكان ململانێی توند دەكەن، كەچی هیچ لایەنێك پرسی چارەسەركردنی كێشەی ژینگە و خۆڵبارینی نەكردوەتە مەرج، لە كاتێكدا ئێستا ئەم كێشەیە كێشەیەكی سەرەكی خەڵكی عێراق و كوردستانە و ژیانی خەڵكی تاڵ كردوە.

لەناو ئەم خەمساردییە سەرتاپاگیرەوە دەبێت لە شوێنێكەوە هەنگاوبنێین بۆ كۆتاییهێننان بەم خەمساردییە. هەربۆیە داوا لە سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەم، بەخۆشمەوە، دەستپێشخەربین و پرسی ژینگە، لەپاڵ داواكارییە رەواكانی تری وەك بودجە و موچە و پێشمەرگە و قەرەبوی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان…هتد، بە فەرمی بكەینە مەرج بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و ئەگەر حكومەتی داهاتوو لە كارنامەی خۆیدا بەڵێن نەدات پلانی زانستی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ژینگە ئامادە بكات و ساڵانە بودجەی پێویستی بۆ تەرخان نەكات، فراكسیۆنی یەكێتی ئامادە نەبێت دەنگ بەو كابینەیە بدات.

داواش لە چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی عێراقی و كوردستانی و میدیاكانیش دەكەم گرنگی زیاتر بەم پرسە بدەن و فشارەكانیان لەسەر لایەنە سیاسییەكان چڕ بكەنەوە تا بابەتی چارەسەركردنی كێشەكانی ژینگە بخەنە ئەولەوییەتی كاری سیاسی و حكومڕانییەوە.كاتی ئەوەش هاتووە خۆشمان لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بە كێشە ژینگەییەكان بدەین.

 

دەسەڵات و دەسەڵاتدارەكان دێن و دەڕۆن، بەڵام نیشتمان و خەڵك لەسەر شوێنی خۆیان دەمێننەوە، نیشتمان و ژینگە بۆ نەوەكانی داهاتووشە و نابێت رێگە بدرێت ژینگەیەكی وێران بۆ نەوەكانی داهاتوو جێ بمێنێت.