هەڵاوسانی شــــاراوە

ســــەركــۆ یونس


08/06/2022


ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، ئاستی گشتی نرخەكان، بۆ سەرجەم شمەك وكاڵاكان، لەهەڵكشاندایە. 

ئابوری جیهان، لەئێستادا بەقۆناغێكی سەختی هەڵاوساندا گوزەر دەكات، حكومەتەكانی وڵاتان، گیرۆدەی ئەم دیاردە قورسە، بوونەتەوە، هەر حكومەتە و بەپلان وبەرنامەی زانستی دەیانەوێت بەڕەنگاری ئەم دیاردەیە ببنەوە، لەئەمەریكا پاڵپشتی دارایی خێزانەكان بەبڕی(6) ترلێۆن دۆلار دەكرێت، لەئەڵمانیا نرخی گواستنەوەی گشتی بەدارایی حكومی، پاڵپشت دەكرێت و لەهەمانكاتدا، بەرلین هاوكاری دارایی دەخاتەسەر ئەژماری بانكی سەرجەم خێزانەكان.

هەڵاوسانی ئەم قۆناغە، دەرئەنجامی كۆمەڵێك فاكتەری سیاسی وئابوری و ووشكەساڵی وكۆرۆناڤایرۆس وداگیركاری ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، هەروەها سزادارایی و ئابورییەكانی ئەوروپاو ئەمەریكا بۆ سەر مۆسكۆ سەریهەڵداوە.

بازاڕەكانی جیهانیان تووشی شڵەژان و ناسەقامگیری كردووە، نرخەكان ئاراستەیان بەرەو بەرزبوونەوە دەچن. 

مۆسكۆ، وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكا بەهۆكاری هەڵاوسان دەزانێت، ڕۆژئاواش تۆمەتەكە دەخاتە سەرشانی مۆسكۆ.

لەلایەكی ترەوە، ڕاپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كەبەرهەمی گشتی جیهانی، كەمبووەتەوە و قەبارەی خواستی جیهانی گەورەترە لەخستنەڕووی بەرهەمی جیهانی، سەرڕێژی دراوی جیهانی نزیكەی (15- 20%) لەسەر بەرهەمی جیهانییە!

بەرزبونەوەی نرخی نەوت وغازی سروشتی، ڕەنگدەداتەوە لەبەرزبونەوەی نرخی شمەكەكانی تر، خۆراك و خواردەمەنی بەڕێژەی گەورەتر.

هاوكێشەیەكی ئابوری ئیشارەتی پێ دەكرێت، هەركاتێك نرخی نەوت بەرەو بەرزبوونەوە بڕوات، لەدەرئەنجامدا نرخی خۆراك وخواردەمەنی هەڵدەكشێت، بەتایبەت لەبازاڕی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت و دواكەوتووەكان، چونكە ئەم وڵاتانە، بەرهەمهێنانی ناوخۆییان ناگاتە ئاستی خۆژێنی ناوخۆیی، بەهاوردە، پێویستییەكانی كۆمەڵگاكانیان پڕدەكەنەوە.

ئەمە جگەلەوەی بەشێوەیەكی گشتی، نرخی بەنزین بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لەئەوروپاو ئەمەریكا.

لەلایەكی ترەوە، بەهۆی بەرزبونەوەی كرێ ی كرێكاران و كرێ ی بەندەرەكانی بازرگانی و گواستنەوە، كۆمپانیاكان ناچار بوون، نرخی شمەك وكاڵاكانیان بەرزبكەنەوە، تابتوانن لەلایەك تێجوونەكانیان پڕبكەنەوە و لەلایەكی ترەوە لەقازانجكردن بەردەوام بن.


لەبازاڕەكانی هەرێمدا، دیاردەی هەڵاوسان، سیمای ئابورییەكەیەتی لەسەرجەم بابەتەخۆراكی و خواردەمەنییەكاندا، چونكە بەهۆی لاوازی دەزگای بەرهەمهێنانی ناوخۆ، كەتوانای وەڵامدانەوەی خواستی هەمووەكی نی یە، ناچار بەقەبارەی گەورە، پشت بەهاوردەكردن، دەبەسترێت، كەڕێژەكەی زیاتر لە(%85) دەخەمڵێنرێت.

ئەم جۆرە هەڵاوسانەی لەبازاڕەكانی هەرێم وعێراقدا هەیە، لەجۆری هەڵاوسانی هاوردەكراوی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی  ئەژمار دەكرێت، لەگەڵ ڕێژەیەك لەگەورەیی قەبارەی پارەی خراوەڕووی بازاڕ، كەبەدەیان ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.

هەر بەرزبونەوەیەك لەنرخی شمەك وكاڵای لەوڵاتانی بەرهەمهێنەرەوە دروست ببێت، ڕاستەوخۆ لەبازاڕەكانی هەرێمدا نرخ، بەرزدەبێتەوە.

لەلایەكی ترەوە، بەهۆی كەم بەهای تمەنی ئێرانی و لیرەی توركی، بەرزبونەوەی تێچوونی بەرهەمهێنان لەو دوو وڵاتە، سەرهەڵدانی هەڵاوسانێكی گەورە، ناچار لەكاتی بازرگانیدا، شمەك وكاڵاكان بەنرخی بەرزتر دەفرۆشرێن و تا دەگاتە دەستی بەكاربەر لەهەرێمدا، تێچوونەكان زیاد دەبن و سەرئەنجام نرخەكان زیاتر دەبن.

هەرچەندە، لێكۆڵینەوەیەكی زانستی وواقعی لەهەرێم وعێراقدا  نی یە، ئاستی گشتی نرخەكان دیاری بكات، بەڵام بەپێ ی واقعی بازاڕەكان، ڕێژەی هەڵاوسان، لەئاستێكی بەرزی مەترسیداردایە.

ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئاماژە بۆ ڕێژەی (5.3%) ساڵانەی بەرزبونەوە لەئاستی گشتی نرخەكان دەكات، هەر بۆیە بەرزبونەوەی بەرچاوی ئاستی گشتی نرخەكان، بەشاراوەیی لەهەڵكشاندایە.