ئیسرائیل وەك بەھانەی داگیركردنی كوردستان

سالار مەحمود


09/06/2022

نیوەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندی فەرمیان لەگەڵ ئیسرائیل ھەیەو ئاڵاكەی لە وڵاتەكانیان ئەشەكێتەوە. بەڵام وەك جارانی بەعس تۆمەت دەدەنە پاڵ كوردستان و پەلاماری دەدەن.

ساڵی ١٩٩٢ یەكەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراو حكومەتی كوردستان دامەزرا، میدیاكانی رژێمی بەعس ھەرایان نایەوە كە ئەوە پرۆژەی ئیسرائیلە!

توركیا بەرەسمی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەكات و لەولاشەوە ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان بە پرۆژەی ئیسرائیل ناوزەد دەكات.

لەكاتی ریفراندۆمدا بەناو دۆستەكانی وەك عەمار حەكیم و عەبادی و سەدرو خەزعەڵی لەمینبەرەكانیانەوە بانگەشەیان دەكرد كە ئەوە پرۆژەی ئیسرائیلە.

قودس لە مێژوودا یەك جار رزگار كراوە، ئەویش لەسەر دەستی سەركردەیەكی كورد، كە عەرەب دەڵێن سەركردەیەكی ئیسلام، ناڵێن موسڵمانێكی كورد.

ئێرانیش ئیسرائیلی كردۆتە بیانووی نەیارییەكانی بەرامبەر بە ھەرێم. ھیچ یەك لەو بانگەشانە راست و دروست نین.

دووفاقی وڵاتانی داگیركەری كوردستان و نەیارانی قەوارەی كوردستان لە پرسی ئیسرائیلدا جێی داخە، لەكاتێكدا كە بەشێك بەناو شرۆڤەكاری سیاسی كوردیش قسەی ئەوان ئەڵێنەوە.

با برا عەرەبە چاو رەشەكانی عیراق بچن رەخنەی وڵاتانی برای خۆیان بكەن كە نایكەن! نەك پەیوەندی باتڵی كورد لەگەڵ ئیسرائیل تێكەڵ بە ناكۆكییە سیاسییەكان بكەن.

كورد خاوەنی دۆزی رەوای خۆیەتی و پێویستە بە توندی و یەكگرتوویی رووبەڕووی پیلانی پشت ئەو تۆمەتانە ببێتەوەو ماڵی خۆی لەگەڵ خەڵك بە چاكسازی و پەیوەندی نیشتمانی تۆكمە بكات.