دیدێكی تر لەبارەی رێزگرتنەوە

بڵێسە جەبار فەرمان


19/06/2022

 

باھەڵمەتێكی نیشتمانی رێزگرتن دەستپێبكرێت
رێز لە خودو بەھاكان ..وەك بەشێك لەكەلتور

رێز یەكێكە لە بەھاو خەسڵەتە جوانەكانی مرۆڤایەتی. رێز گرتن واتا بایەخدان، بایەخدان بەو كەسانەی یاخود بەو شتانەی كە لامان گرنگن. ھاوسەنگی ژیان لەسەر بنەمای رێزگرتن پارێزراوە.

رێزو شێوازی رێزگرتن بەشێك لەكەسێتی و ناسنامەی مرۆڤ دیاری دەكەن و مرۆڤ لە مرۆڤێكی تر جیادەكاتەوە.لە زۆرێك لە فەلسەفەكان و شیكاری دەروونی بەبایەخێكی زۆرەوە دەڕواننە ئەم بەھا گرنگەی ژیان.رێزی خود تایبەتمەندیەكی زۆری ھەیە لە شیكاری دەروونی.وەك بنەمایەكی سەرەتایی و سەرەكی، كەسێك كە رێزی خۆی لا نەبێت ناتوانێت رێز لە كەسانی ترو شتیتر بگرێت.

رێز لەخۆگرتن یەكێكە لە بنەما گرنگەكانی رێز، مرۆڤ كاتێ رێز لە خۆی دەگرێت؛ وێنەیەكی مرۆڤانەی سەنگین بۆ خۆی دروست ئەكات و بەرانبەر ناچار ئەكات رێزی لێبگرێت. كاتێك مرۆڤ رێز لەخۆی ناگرێ وای لێدێ دەبێتە نەیارو دوژمنی خۆی.ھەموو ئاینەكان بایەخێكی زۆر بە رێز دەدەن. ئەوی مرۆڤ لە بونەوەرەكانی تر جیا دەكاتەوە رێزە.

ئەم دەستەواژەیە تەنھا بەرانبەر كەسێك  بەتەنھا بەكار ناھێنرێت؛ بەڵكو دەكریت بەرانبەر بە شوێنێك یان شتێك یان بیركرنەوەیەك بەكار بھێنرێت.

بۆ نمونە رێز لە ژیان، رێز لە ژینگە، رێز لە كەسانی كۆچكردوو، رێز لە شوێنە پیرۆزەكان و ئاینیەكان، رێز لە كات، رێز لەھەستەكان و جیاوازیەكان، رێز لە موڵك ماڵی تایبەت و گشتی. بێگومان بایەخ و گرنگی رێز لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی تر دەگۆڕێت.

ھەندێك بابەت ھەن كە لە ئاینێك دا یان لە كۆمەڵگایەك دا پیرۆزن و دەبێت رێزیان لێ بگیرێت و لە ھەندێك ئاین و كۆمەڵگای تردا بەو رادەو شێوەیە نین.
بۆ نموونە لە ئاینی ھیندۆس گیانلەبەری وەكو مەیمون و مانگاو و ماری كوبراو زۆرێكی تر پیرۆزن و رێزیان لێ دەگیرێت. لەلای بودیستەكان ھەموو گیانلەبەرێك دەبێت رێزی لێ بگیرێ چەند بچوكیش بێت.لە زۆرێك لە كولتورەكان، پیرو بەتەمەنەكان دەبێت رێزێكی زۆریان لێ بگیرێت.

 

شوێنە ئاینیەكان لە ھەموو جیھان دا جێگای رێزی زۆرێك لە مرۆڤەكانن و لە كاتی سەردان كردنیان پێویست ئەكات جلوبەرگی شیاو بپۆشرێت و زۆركات دەبێت بە پای پەتی سەردان بكرێن.رێزگرتن لە حەرەمی زانكۆ و دادگاكان لە ھەموو جیھان دا مەكانەتی تایبەتیان ھەیە.

ھەندێك پیشە رێزیان زیاترە لە پیشەی تر. پزیشكێك كە ئەركی كەم كردنەوەی ئازارو رزگاركردنی ژیانی مرۆڤە، رێزی زیاترە. سەربازێك یان پێشمەرگەیەك كە بەرگری لە ھاوڵاتیان و نیشتیمان دەكات تایبەتمەندی ھەیە.

یاسا وەك بناغەی رێكخستنی ژیان بەھەمان شێوە. دادوەر یەكێكە لەو پیشانەی كە رێزی لەسەر ھەمووانەوەیە.

نامەوێت تاك بەتاكی پێشەكان ناوبھێنم و گرنگی و تایبەتمەندیان بخەمە روو، بەڵام گومان لەوەدا نیە كە ھەندێك پیشە جێگای رێز و تەقدیری تایبەتن.
لە كۆمەڵگای كوردەواری رێزگرتن بایەخی تایبەتی خۆی ھەیە.لەناو خێزان دا ھەر لە منداڵیەوە مرۆڤەكان فێری رێز گرتن و شێوازی ھەڵسوكەوت و قسەكردن دەكرێن.
ئەوەی من دەمەوێ تیشكی بخەمە سەر ئەوەیە كە زۆرێك لەگەڵ رێزگرتنی بەرانبەر شارەزان؛ بەڵام شارەزاییان لە رێزگرتنی بابەتەكانی تردا نیە و بێرێزیان بەرانبەر دەكەن.
لە كۆمەڵگای ئێمە رێزگرتن لە كات شتێكی نامۆیە، لەكاتێكادا كات گرنگەو  دەبێت ھەموو چركەیەكی رێزی لێبگیرێت و بایەخی پێ بدرێت.

رێزگرتن لە سروشت و ژینگە لە كوردەواریدا نامۆیە. كە دەوترێت سروشت واتا ئاو و خاك و دار و روەك و  ئاژەڵ.

لەكوردستان ھیچ رێزێك لە ئاو ناگیرێت بەدەلیلی ئەوەی زۆر زۆر بەھەدەر ئەدرێت.رێزگرتن لە دامودەزگای حكومی و موڵكی گشتی و تایبەتی بەیاسا رێكخراوە. پێشێلكردنی بێڕێزیە بەھەموو ماناكانی.

كوردستان پێویستی بەھەڵمەتێكی گشتگیری رێزگرتنە، بەرزكردنەوەی ھوشیاری رێزگرتن ئەركە. باببێتە ئامانجێكی باڵا.
ھەركات لە وڵاتە دیموكراسیەكان دا خۆپیشاندان دەكرێت و ھاوڵاتیان  ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبرن بێ ئەوەی بێرێزی بەرانبەر موڵكی تایبەتی كەسەكان و  شوێنە گشتی و دامودەزگاكان بكەن.

پۆلیس و چالاكی مەدەنیش چەك بەرامبەریان بەكار ناھێنێ. رێز لە خۆت بگرە بۆ ئەوەی رێزت لێبگیرێت. ئەم رستەیە ھەر لە سەرەتای ژیانەوە فێر دەكرێین. 
دەبێت فێربین رێز لە شوێنەكان بگرین بۆ ئەوەی لە شوێنانا رێزمان لێبگیرێت. دەبێت فیربین رێز لە دادوەرو دادگا و ئاسایش و قودسیەتی دادگا بگیرێت بۆ ئەوەی رێزمان لێ بگیرێت

من لەگەڵ ھیچ بێرێزیەكدا نیم، دژی ھەموو جۆرە توندوتیژیەك و شەق ھاویشتنم. وشەی تێھەڵدان ناشرینترین وشەیە. كردارێكی قێزەونەو قەدەغەیە.
ئەو رووداوەی روویدا لە دادگای سلێمانی و؛ پۆلیس ھەڵەی كرد بەوەی خۆیان كۆنترۆڵ نەكرد.

ئەوە دێوێكی بێڕێزیە بەرامبەر بە مرۆڤ و ژن و دادگاش، لەھەمان كاتدا شایانی ھەڵسەنگاندنە زیاد لە گۆشەیەكەوە زیاتر لەیەك دیوەوە.بەڵام گەر واقیعی بین زۆر جار كارو كاردانەوە ھەیەو،  ھەموو شوێنێك قودسیەتی خۆی ھەیە كە دەبێت رێزی لێبگیرێت.

پێویستە رووداوێكی لەو جۆرە چەن ھەنگاوێك بمانھێنێتە دواوەو گەورەتر سەیری وێنەكە بكرێت بە وێنە بینراوو نەبینراوەكانی رووداوەكەشەوە. لەوەش گرنگتر بكرێتە بابەتی قوڵكردنەوەی رێزگرتنی خودو بەرامبەرەكانیش.

ئەم بابەتە قسەی زۆرتری ئەوێت، با ببێتە سەرەتای گفتوگۆیەكی گشتی بەبێ ھەڵچوون و لە ژێر ناوی بەرگری لە قوربانی بێڕێزی زۆرتر ھەڵبڕێژرێت؛ چونكە كولتوری رێز گرتن بەداخەوە زۆر كەم بوە بێرێزی خەریكە دەبێتە كولتور!. دەسەڵات بەرپرسیاری یەكەمە. چونكە گەورەیی ئەوەیە لەدەسەڵاتدا بیت رێزت ھەبێ و؛ ھێزت ھەبوو بنەماكانی رێزی مرۆڤ پێشێل نەكرێت. بەڵام دەوری تاك ھیچ كەمتر نیە لەم بنەما گرنگەی ژیان.
باھەڵمەتێكی نیشتمانی رێزگرتن دەست پێ بكرێت.