ئێستای من و تۆ ماوەكەی چەندە..؟

لوقمان حەوێز


23/07/2022

ئایا دەزانیت من و تۆش گووگڵێكی بایۆلۆژین.؟ بەڵام سەرسوڕهێنەرانە زۆر بەتواناترین لە گووگڵ...

ئێمە بەردەوام تەنیا لە ئێستادا هەین و دەژین، لەژیاندا تەنیا ئێستامان هەیە...

بەڵام ئەو ئێستایەی من و تۆ بڕەكەی چەندە لە كات..؟

هەموومان دەزانین كە ئێمە بەردەوام لە ئێستادا دەژین و هەین و لە ئێستادا بەئاگاین، تەنیا ئێستامان هەیە، ڕابردوو نیوە و نەماوە و ڕووداوەكانی ڕابردووش تەنیا بوون بە كۆمەڵێك یادگاری، لەوانەیە بتوانین هەندێك لە نیشانەكانی ڕابردوو ببینین، بەڵام خودی كاتەكانی ڕابردوو بۆ ئێمە لە ئێستادا نەماوە و بووە بە سەراب، داهاتووش جارێ نییە و دڵنیا نین لەوەی كە بوونی دەبێت یان نابێت بۆ بەئاگایی ئێمە...

بەڵام ئایا هیچ كاتێك ئەو پرسیارەت لە خۆت كردووە ئێستای تۆ چەندە..؟ ماوەكەی چەندە درێژە..؟ ئایا بە بەردەوامی تۆ چەندە كاتت هەیە لە ژیاندا كە تۆ تیایدا بەئاگایت و پیایدا تێدەپەڕیت لە ئێستادا..؟

لە لێكۆڵینەوەكان دەردەكەوێت بەئاگایی ئێمەی مرۆڤ كە لەلایەن مێشكەوە دروست دەبێت تەنیا توانای هەستكردنی هەیە بە نزیكەی 0.42 چركە بە بەردەوامی بەو بڕە كورتە لە كات بەش لەدوای بەش، لەوانەیە ئەو بڕە لە كات هەندێك زیاتر یان هەندێك كەمتر بێت بەپێی تەمەن و تەندروستی هەریەكە لە ئێمە و بەپێی كات و شوێن و دۆخی هەریەكەمان، بەڵام بڕی كاتەكە بە نزیكەیی ئەوەندەیە...

بەڵام بۆچی هەست دەكەین ئێستامان زۆر درێژتر و زۆرترە لەو بڕە كورتە لە كات..؟

هۆكارەكەی بەهێزی مێشكە لە تاوتوێكردنی زانیاری، ڕاستە ئێستای ئێمە زۆر كورتە بۆ بەئاگایی ئێمە، بەڵام مێشك بە درێژایی ئەو كاتانەی كە هەین و بەئاگاین بڕێكی ئێجگار زۆر لە زانیاری بە بەردەوامی و بەپێی پێویست تاوتوێ دەكات، كە دەڵێم زانیاری لێرە مەبەست هەموو ئەو زانیاریانەی نێو مێشكە كە بەشێوەی مێمۆری هەڵگیراون و كۆكراونەتەوە هەر لە تەمەنی چەند هەفتەیی و چەند مانگیەوە تا ئەو كاتەی كە ئێستا هەیت و ئەم نوسینە دەخوێنیتەوە...

هەموو ئەو زانیاریانەی كە هەڵگیراون و بریتین لە دیمەنەكان و دەنگەكان و هەستە خۆشەكان و ناخۆشەكان و زانیاریەكانی تریش ئەگەر بە هەر شێوەیەك هەبن لە نێو مێشكدا وەكو ووشەكان و زاراوەكان و زانستەكان و تێگەیشتنەكان و بیركردنەوەكانی پێشووت هەتا تامەكان و بۆنەكان و ڕەنگەكانیش بەردەوام لەو كاتانەی بەئاگایت تاوتوێ دەكرێن لەلایەن مێشكەوە، هەر ئەو تاوتوێ كردنەشە وادەكات بەئاگا بین لە ئێستادا و بزانین كێین و كات چەندە و لە كوێ بووین و لەكوێوە هاتووین و بەتەماین چی بكەین و حەز و ئارەزوەكانمان چیە، ئەو مێمۆریانە بریتین لەو ڕووداوانە و لەو هەستانەی پێشتر كە بوون بە مێمۆری و هەڵگیراون، ئەو ڕووداوانە و ئەو هەستانەش هەر بەو شێوەیە و لە ڕێگەی ئەو بڕە كورتە لە كات واتە 0.42 چركە كە پێشتر بە بەردەوامی هەمان بووە كۆكراونەتەوە لەسەر یەكتر وەكو زنجیرەیەك بوون بە مێمۆری، بەهێزی مێشكی ئێمەش لە تاوتوێكردنی زانیاری وادەكات توانای ئەوەمان هەبێت ئەو هەموو زانیاریانە ببەستینەوە بەیەكتری و هەروەكو "گووگڵ" ێكی بایۆلۆژی بەردەوام مێشكمان مەلە دەكات لەنێو ئەو زانیاریانە و ئەوەی من و تۆ پێویستمانە لە زانیاری لە ئێستادا بیهێنێتە پێشەوە بۆمان...

ئەم بابەتە بۆ من زۆر گرنگ و چێژ بەخشیشە، بۆیە بەم زووانە لە ڤیدیۆیەكدا زۆر وردتر قسەی لەسەر دەكەم...

وێنەكەشم ئێستامە

 

ئەمەش تەنیا یەكێك لە لێكۆڵینەوە زانستیەكانە وەكو نمونەیەك باسی ئەو كاتە دەكات كە من لێرە باسم كردوە و ئێستای ئێمەیە و تیایدا بەئاگاین...

لینکی بابەتەکە