ئەستێرەی گەلاوێژ...

لوقمان حەوێز


07/08/2022

ئەستێرەی گەلاوێژ کەی لە کوردستان هەڵدێت..؟ کەی دەتوانین بەرەبەیانان لە ئاسۆی خۆرهەڵات بیبینین..؟
بۆچی هەڵاتنی گەلاوێژ لە نێو کورد هەر لە کۆنەوە بە هۆکاری فێنک بوونی کەش و هەوا دانراوە..؟
ئەستێرەی گەلاوێژ Sirius درەوشاوەترین ئەستێرەی ئاسمانە بۆ دیدی ئێمەی مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی، گەلاوێژ ئەستێرەیەکە شەبەنگی تیشکەکەی لە جۆری: A0 و A1 دایە،  دوریەکەی 8.6 ساڵی تیشكیە لە کۆمەڵەی خۆری ئێمە، ئەمەش بە پێوەری فراوانی گەردوون زۆر بە نزیک دادەنرێت، هەر ئەمەش هۆکارێکی درەوشانەوەی زۆری ئەو ئەستێرەیە بۆ دیدی ئێمە لەگەڵ زۆری بارستەکەی و گەورەیی قەبارەکەی و هەروەها بەرزی پلەی گەرمی سەر ڕووەکەی، بارستەکەی نزیکەی دوو ئەوەندەی بارستەی خۆرە، تیرەکەی 1.71 هێندەی تیرەی خۆری ئێمەیە، پلەی گەرمی سەر ڕووەکەی نزیکەی 9600 پلەی سەدیە، بەگشتی ئەستێرەی گەلاوێژ زۆر لە خۆری ئێمە درەوشاوەترە، ئەگەر لەهەمان دوریدا تەماشای هەردووکیان بکەین دەبینین کە گەلاوێژ 26 جار لە خۆر درەوشاوەترە...

ئەستێرەی گەلاوێژ تاق و تەنیا نیە بەڵکو ئەستێرەیەکی دووانەیە، جگە لەخۆی ئەستێرەیەکی قەزەمی سپیشی لەگەڵ دایە، وەکو دووانەیەک لە ماوەی 50 ساڵدا جارێک هەردووکیان بە دەوری یەکتردا دەسوڕێنەوە، ئەو ئەستێرە درەوشاوەی دەیبینین بە Sirius A دەناسرێت و ئەوەی تر کە تەنیا بە تەلەسکۆپ دەبینرێت بە Sirius B دەناسرێت...

ئەستێرەی گەلاوێژ لە ئاسمانی نیوەی باکوری هەسارەی زەوی لە زستانان زۆر جوان دیارە بە درێژایی شەو، لە کوردستاندا لە مانگی کانوونی دووەم لە دوای نیوە شەوان لە ناوەڕاستی ئاسمان هەندێک بە دیوەی ئاسمانی باشور دەبینرێت، بەڵام بەرواری یەکەم هەڵاتنی لەساڵدا لە بەرەبەیانەکانی کوردستان بەشێوەیەک بتوانرێت بە چاو ببینرێت دەکەوێتە نێوان 5 ی مانگی ئاب بۆ 10 ی مانگی ئابی هەموو ساڵێک، ئەو کاتەش بۆ بینینی دەبێت بەرەبەیانەکەی لە شوێنێکی هەندێک بەرز وەکو سەر گردێک یان باڵەخانەیەکی بەرزەوە تەماشا بکرێت و چەند خولەکێک پێش خۆرهەڵات لە ئاسۆی خۆرهەڵات بە گۆشەی نزیکەی 40 پلە لەتەنیشت خۆرهەڵاتەوە بە دیوی باشور دەبینرێت، دەتوانرێت ئەمساڵ 2022 بۆ دۆزینەوەی سود لە هەسارەی ڤینۆس وەربگیرێت، چونکە ڤینۆس زۆر بەجوانی دەردەکەوێت لە ئاسۆی خۆرهەڵات پێش هەڵاتنی خۆر، بەڵام ئەستێرەی گەلاوێژ لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا دەتوانرێت زۆر جوانتر ببینرێت ڕێک لەسەر ئاسۆی خۆرهەڵات نزیکەی چارەکێک پێش خۆرهەڵات دەبینرێت لە دیوی باشوری هەسارەی ڤینۆس، هەسارەی ڤینۆس لەم کاتەی ساڵدا وەکو ئەستێرەیەکی زۆر پرشنگدار بەرەبەیانان دەردەکەوێت لەسەر ئاسۆی خۆرهەڵات بۆ دیدی ئێمە...

بەڵام بۆ ئەوەی بەرەبەیانان زۆر بەجوانی  و بەئاسانی گەلاوێژ لە کوردستان لەهەموو شوێنێک ببینین لە تاریکیدا و پێش خۆرهەڵاتن باشترە تا کۆتایی مانگی هەشت بوەستین ئینجا بەرەبەیان تەماشای ئاسۆی خۆرهەڵات بکەین، ئەوساکە جوان دەبینرێت...

هەڵکەوتەی کاتی هەڵاتنی ئەستێرەی گەلاوێژ لە بەرەبەیاناندا لەو کاتەدا کە دەوروبەری ناوەراستی مانگی ئابە کە بەگشتی پلەکانی گەرما لە بەرەبەیانان بە تایبەتی لە دەیەها و سەدەها ساڵی ڕابردودا دوو سێ پلە کەمتر بۆتەوە بە بەراورد بە مانگی حەوت وای کردوە لە کوردستان بە هۆکارێکی فێنک بوونەوەی کەش و هەوا دابنرێت، لەبەر ئەوەی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لەبەرەبەیانان و دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ هاوکاتی یەکتر بوون بۆیە لەنێو کورد وا باو بووە کە هەڵاتنی گەلاوێژ هۆکاری ئەو فێنک بوونەوەیەیە، بەڵام ئەم بۆچوونە ڕاست نیە و زانستی نیە، دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ هیچ پەیوەندی بە دابەزینی پلەکانی گەرماوە نیە لەسەر زەوی، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەو دوو ڕووداوە هاوکاتی یەکترن بۆیە ئەو تێگەیشنە باو بووە لەنێو خەڵکدا...