ئۆپۆزیسیۆنی بەكرێگیراو

رێبوار كەریم وەلی


08/08/2022


دێمۆكراسیی بێ ئۆپۆزیسیۆن و بێ رێزگرتن كە مافی كەمینە مەحاڵە. هەر بەرگێكی لەبەر بكەی هەر رەنگی دیكتاتۆریەتە.
*
ناسینەوەی سوڵتە ئاسانە، هەر چییەكی لەبەر كردبێ، ئەخیرەن دوای ماوەیەك خەڵك دەتوانێ بە رووتی بیبینێت. ئەدی موعارەزە؟
*
موشكیلەی زاتیی كۆمەڵگاكان ئەوەیە كە تاقمێك هەمیشە وا بزانن موعاریز چەپە و لەسەر هەقە. ئەوە گەورەترین كارەساتی مێژووی مرۆڤایەتییە كە هەر جاهیل و نەفامێك كە دژە رەوت بێت بكاتە رەوت و تەقدیسی بكات.
*
لە كوردستان سوڵتە گەورەترین مەكینە و تاقیگەی بەرهەمهێنانی موعارەزەی ساختەیە، كە ئیش و كاری ئەوەیە ئاو بۆ ئاشی دەستەڵات بگوازێتەوە. لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی بۆ نیشاندانی فرەحزبی و مەشروعییەتی خۆیان پەنجا دوكانی سیاسییان كردبۆوە كە مانگانە لە لق و مەڵبەندەكان بودجەیان بۆ سەرف دەكرا. ئێستاش موعارەزە دروست دەكەن!
*
قەت لە كوردستان شتێك بەناوی موعارەزە وجودی نەبووە و نییە. گۆڕانی رەحمەتی كە گوایە لە ترۆپكی بەگژداچوونەوەی دەستەڵات بوو، باوكی هەژاران بوو، سیستەمی دەگۆڕی و مەحسوبیەتی لەناودەبرد، دەركەوت پەلەقاژەی ئەوەی بووە لە كێكەكە قاشێكی بدرێتێ.
*
ئێستا رەوتێكی چەواشەكاری پۆپۆلیست كە گوایە خۆی پێ موعارەزەیە، كەی دەستەڵات پێویستی پێ بێت بۆ بەتاڵكردنەوەی رەق و توڕەیی خەڵك دێتە سەر خەت.
*
بانگەشەكانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە چینییە بۆ خۆپێشاندان بریتییە لە ئەنجامدانی مانۆڕێكی ئەمنیی دەسەڵات بە كەرستەی راستەقینە، لە هەڵكوتانە سەر ماڵی خەڵكەوە بگرە تا رەشبگیری و هتد. بەوەش دەسەڵات و هێز و جەبەروتی خۆی لەسەر خەڵك و چینە جیاجیاكان تاقی دەكاتەوە و هەندێك لەوانەیش كە گرتنیان لە حاڵەتی ئاساییدا ئاسان نییە لە كونجی زیندان قاییم دەكات.
*
تا ماوەیەك خەڵك بە شتی لاوەكی خەریك دەكەن و دەسەڵات وا خۆی نیشان دەدات كە ترسی لەوە هەیە كە خەڵكی هەولێر شەربەتی هەنار بخۆنەوە! بەڵام لە راستیدا، دەسەڵات زەڕەییەك حیساب بۆ خەڵك ناكات. 
*
سیاسەتی برسیكردنی خەڵك بە شێوەیەكی سیستەماتیك ئاستی داخوازیی خەڵكی كوردستانی هەم لە بەغدا و هەم لە دەسەڵات هێناوەتە سەر موچەی مانگانە و پێداویستیی سەرەتایی وەكو كارەبا، ئاو و كۆكردنەوەی زبڵ و هتد.
*
پوختەی كەلام دەستەڵات باوەڕی بە هیچ جۆرە ئازادییەك نییە و هەموو پۆنتانسیەلەكانی كۆمەڵگاش وەكو ئامرازێك بۆ بەرزەفتكردن و لغاوكردنی كۆمەڵگە بەكار دێنێت. هەموو ئەو میكانیزمانەی كە دەتوانن رێگری لە ملهوڕیی دەستەڵات بكەن، وەك مێدیا، كاری سەندیكایی، كاری سیاسی و هتد دانەیەكی و هەندێكجار چەند دانەیەكی كۆپییەكەی لای دەسەڵات هەیە.