دووری لایەنە سیاسیەكانی عێراق لەیەكتر و رۆڵی هەرێمی كوردستان

سەعدی ئەحمەد پیرە


20/08/2022

 ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا ڕوودەدات، ململانێ و كێبڕكێیەكی سیاسی نییە، ئەم ململانێیە بە شێوەیەكی ئاسایی و بەردەوام لە وڵاتانی دیموكراسیدا ڕوودەدات، بەپێی كۆمەڵێك ڕێسا و بناغە، كە لەسەر بنەمای فۆرم و بناغەی دیموكراسی دامەزراون لەم یاریەدا دەستوور و ئازادییە گشتیەكان، دامەزراوەی پەرلەمان و میكانیزم و دامەزراوەكانی حوكمڕانی؛ رۆڵی گرنگ دەگێڕن بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەگوزەرێت هەوڵێكە بۆ لەناوبردنی هەموو ئەوانەی باسمانكرد و پشتگوێخستن و لەناوبردنی هەموو ئەوەی بنیاتنراوە ، وەك قەوارەیەكی دیموكراسی.

ئەوەی روودەدات بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە، لەڕێگای میكانزمی زاتی و بەمەبەست لەلایەن هەندێك لایەن،  یاخود بەهۆی میكانزمی بابەتی لەلایەن هەندێك پێكهاتەی سیاسی دیكەوە، بەڵام لەكۆتاییدا هەمان ئەنجام بەدەستدەكەوێت. بەلایەنی كەمەوە سێ ئاماژەو ئامراز و جووڵە هەن كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كەڵەكە دەبن:

یەكەمیان جەمسەرگیرییەكی بەرفراوان لە نێوان هێزە سیاسییەكانی عێراقدا دروست دەبێت، كە درزێك دروست دەكات كە رەنگە پرد و دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندی دۆستانە و ئاشتیانە لەنێوان هێزە سیاسییەكان و بەتایبەت سەركردەی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان مەحاڵ بێت.

بۆ یەكەمجار لە ژیانی سیاسی مۆدێرنی عێراقدا، ئەم ئاستە لە بایكۆت و ڕووبەڕووبوونەوەی زارەكی و شەخسی لە نێوان سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا دروستبێت، ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە كەشێكی "تۆقاندنی مەدەنی"ی دروستكرد كە دواتر عێراقی بەرەو جۆرێك لەدیكتاتۆری برد.

هەروەها ئاماژەی روون بۆ بێتوانایی هێز و كەسایەتییە سیاسییەكان لە رێككەوتن لەگەڵ یەكتر، لە ئاستە جیاوازەكاندا هەیە.  ئەم هێزە عێراقییانە بەزەحمەت میكانیزمێك دەدۆزنەوە بۆ رێككەوتن لەسەر كەسایەتییە سیاسییەكان یان هی دیكە، بۆ ئەم پۆستی سیاسی یان ئیداریی.

كاتێك ئەوە ڕوودەدات، پرسیارەكە ڕەوا دەبێت سەبارەت بە ئەگەری ڕێككەوتن و سازان لەسەر ستراتیژیەتی داهاتووی عێراق، بەتایبەتی كە ژمارەیەكی زۆر لە مەلەفی سەخت بەڕێوەیەو پێویستی بەچارەسەرە، هەر لەدۆسیەی ململانێی هەرێمیەوە بگرە تا دەگاتە دۆسیەی گەندەڵییەكان كە لە هەموو لایەكەوە دەیخنكێنێت، تاوەكو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و قەیرانی ژینگەیی خنكێنەر.

ئاستی سێیەمی قەیرانی ئێستای عێراق، جێگرتنەوەی گۆڕینی دامەزراوەو میكانزمی دیموكراتی و سەردەمیانە بە میكانزمی ناشەرعی وەك ئامرازی فشاركردن. زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی عێراق پێیانوایە شەقام رێگایەكی كاریگەرە بۆ سەقاندنی ئەمری واقع و خواستی سیاسی، هەر ئەو هێزانەن كە  سڵیان نەكردۆتەوە لەپەیوەندی ئیقلیمی و هەڕەشەكردن و توندوتیژی و تەنانەت خیانەتكردن.

ئەم واقیعە نوێیە رەنگە هانمان بدات یان ئەم پرسیارەمان بهێنێتە پێش؟ دواتر چی!، كوا دیموكراسی و ئەو بناغە بابەتییانەی كە عێراقی مۆدێرن لە ڕێگەیەوە دروست دەبێت؟  ئایا هەموو ئەم بارودۆخانە دەبێتە هۆی گۆڕانكاریانەی كە لەئەزمونی وڵاتان هەبووە، تێیدا و تێكەڵەیەك لە قەیرانی ئەهلی و جەماوەری و نەتەوەیی دروستكردووە كە چەندین وڵاتی وێران كرد و داهاتووی كۆمەڵگاكانیان بەرەو لەناوچوون برد؟

لەو چوارچێوەیەدا ئەوەی كە ڕوودەدات، رەنگە هەقی ئەوەمان هەبێت بپرسین كە لەونێوانەدا رۆڵ و كاریگەری هەرێمی كوردستان لەعیراقدا چییە؟

سەرەتا داوا لە هێزە سیاسییە كوردییەكان بكرێت، بەتایبەتی لە لەروانگەی تواناو وزەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لەو جەمسەرگیری و ململانێ كراوەیەی كە لەناوخۆی عێراقدا هەیەو تا چەند ئەمە كاریگەری لەسەر پێگەی فیدراڵی هەرێم لە دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراق هەیە، ئەگەری ڕەواندنەوەی مەترسی ئەو جۆرە قەیرانە سیاسیانە لەسەر دەستكەوتی خەڵكی كوردستان، ئینجا سیاسی بێت یاخود ئابووری!!.

بەهۆی دۆخی دەستوریەكەی و پێگەی جیۆپۆلیتیكی خۆیەوە هەرێمی كوردستان ناتوانێت لەسەر ڕێڕەوێكی درێژخایەنی ململانێ سیاسیی و ھەمیشەیی و جەمسەرگیری بێت، بەتایبەتی ھێزە سیاسییەكانی كوردستان كە نوێنەرایەتی زۆرینەی جەماوەری كوردستان دەكەن.

بەم مانایە پێویستە كوردستان، مۆدێلێك یان نمونەیەك بێت بۆ عێراق بۆ تەوافوقی سیاسی و پایەكی بەهێز بێت بۆ یاری دیموكراسی.  بە جۆرێك كە یەكڕیزیی و یەكدەنگی سیاسی ناوخۆ لە كوردستان فاكتەری سەرەكی بێت تاوەكو هەرێم بتوانێت ڕۆڵێكی ئەرێنی لە نێوان هێزە سیاسیەكانی عێراقدا بگێڕێت، لە ئاستە جیاوازەكانی جیاوازی و ململانێ ناوخۆییەكانیاندا.