یەكێتی (نوێ) و یەكێتیەكانی هەولێر و بادینان

ژوان ئەحمەد سەید


25/08/2022


لەمێژە وتومە، یەكێتی بەردەوام خەریكی دەركردنی ئەسپە ڕەسەنەكانی خۆیەتی و لەدوی گوێدرێژەكانی دراوسێكانی دەگەڕێ بۆ ئەوەی ناڵیان بكات.

ئەمە بە دروستی بەو پرۆسەی بەناو چاكسازی و داراییە رەنگی داوەتەوە كە یەكێتی دەستی پێ كردوە و سەدان كادری لەریزەكانی حزبەكە دورخستۆتەوە ( دەركردنێكی بەڕێزانە). بە تاكە پاساوێك ( گوایا ئەو كەسانە لە حكومەت موچەیان هەیە و نابێت كەس دوو موچەی هەبێت) لەكاتێكدا ئەوانە ئیشی دوەم دەكەن نەك دوو موچەیان هەبێت لەسەر یەك ئیش و ئەرك.

لەو بڕیارە بەدتر، ئەوەیە پەیج و میدیا سێبەرەكان خراونەتە گەڕ دژی ئەو كادرانەی وەدەرنراون و بە جۆرێك وێنا دەكرێن وەك ئەوەی موچەی ئەوان لەسەر حزب هۆی بێكاری و بێ خزمەتگوزاری بێت، وەك ئەوەی ئەوان مەرز و سنورەكانیان لوشدابێت.

رەنگە ئەمە بۆ سلێمانی و گەرمیان تا رادەیەك بە ئاسایی سەیری بكەین بەوەی تا ئێستا (سەركردایەتی یەكێتی) پێی وایە كە ئەم زۆنە، زۆنی سەوزە و خۆی باڵادەست و قەڵەمڕەو و زۆرینەیە تیایدا ( ئەگەرچی زۆرینەش نیە و زۆرینەی رەها بریتی یە لە دەنگی نارازی لە كۆی حزبەكان بە یەكێتیشەوە).
بەڵام ئەو بڕیارە لە سنوری هەولێر و بادینان، بۆ یەكێتی كارەساتە، چونكە بە تایبەت بادینان، یەكێتی تیایدا دەنگەكانی سنوردارە و دوای ئەم رێكارەش هێندەی تر دەنگەكانی دادەكشێت چونكە، لەلایەك كۆمەڵێك كادر و لایەنگری رەسەنی خۆی دوردەخاتەوە و ناچاریان دەكات بە وازهێنان یاخود چونە ناو حزبی دیكە.. لەلایەكی دیكە ترسێكی راستەقینە دروست دەكات كە كادرانی دیكەش هەر رۆژێك بێت، بە پاساوی دیكە، دوردەخرێنەوە و كەسی دیكەش روو لە یەكێتی ناكات.

ئەو یەكێتیانەی كە بە هۆی ئەم بریارەوە دورخراونەتەوە و نیمچە دەركراون لە سنوری هەولێر و بادینان، ئەو یەكێتیانەن كە:

- لانیكەم پێنج بۆ 10 ساڵ بە هۆی شەڕی ناوخۆ و لەبەر یەكێتی ئاوارەی سلێمانی بون.

- روبەروی فشاری جۆراوجۆری پارتی بوونەتەوە لەبەر یەكێتی.

- بەشێكیان زەوی و ماڵ و موڵكیان لە شەری ناوخۆ لەسەر یەكێتی داگیركراوە و هەندێكیشیان تا ئێستا نەیاندراوەتەوە.

- ئەوانەن كە ئێستاش بەرامبەر بە هەموو ئیغرائاتێكی دارایی و پلە و پۆست بەرگریان كردوە و لەناو یەكێتی ماونەتەوە و رویان نەكردۆتە ناو پارتی یان حزبی دیكە.

- ئەوانەن كە سەرەرای فشاری جیاجیا، سورن لەسەر رێچكەی خۆیان و مل نادەن بۆ هەڕەشە و گوڕەشەی پارتی لەو سنورە.

- ئەوانەن كە یەكێتی خۆی توانایەكی بێشوماری تیادا خەرج كردون تا بونەتە كادری بەئەزمون لە بوارەكانی راگەیاندن و رێكخستن.

ئەوانەی بیرۆكەی ئەم بڕیاری بەناو چاكسازیەیان داوە لەناو یەكێتی، لە هەر ئاست و پلەیەكدا بن، تێنەگەیشتوون لەوەی ئەم بڕیارە لە رووی جەماوەری، یەكێتی تووشی كارەسات دەكات، چونكە كۆمەڵێك خەڵكی بە ئەزمون لە یەكێتی دوردەخاتەوە كە كەمترینیان ماوەی زیاتر لە دە ساڵە كاردەكات و لە بوارە جیاجیاكان ئەزمونیان پەیا كردوە و دەكرا بە جۆرێكی دیكە سود لە تواناكانیان وەربگیرێت و بەسەر مەكتەبی و ئۆرگانەكانی یەكێتیدا دابەش بكرێن.

لە بڕیارەكەش كارەساتتر، بێدەنگی سامناك و بێپاساوی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی ئەم حزبەیە لە ئاست بڕیارێكی لەو جۆرە ناددپەروەر و كارەساتبار، چونكە ئەگەر بڕیار بێت شوێنی ئەو كادرانەش بە كەسانی (نوێ) پڕ بكرێنەوە، دەهەیەكی تر پێویستە بۆ ئەوەی ئەزمون پەیا بكەن و بتوانن لانیكەم كارەكانی خۆیان رایی بكەن، نەك وەك كادرانی ئێستا لە یەك كاتدا كادری ئۆرگانی خۆیان بن و لە بۆنە و هەڵبژاردنەكانیشدا رۆڵی كادری هەڵبژاردن و رێكخستن بگێڕن.

رەنگە برایانی سەركردایەتی و رابەرانی یەكێتی لە بەكاربردنی چەمكی( نوێ) بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەوە بێت كە گشت ئەوانە وەدەر بنێن كە مێژوویان لە مێژووی خۆیان كۆنترە لەناو یەكێتی ، یان لەوان ماندوتر و قوربانیدەرتر بوە بۆ یەكێتی.

بە دروست نازانم بێدەنگی ناو یەكێتی تا كەی درێژەی دەبێت، بەڵام هێندە دەزانم، ئەمە بێدەنگی قایل بون نیە، بەڵكو بێدەنگیەكە كە رەنگە هەرەسی بەدوادا بێت و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، دەنگی یەكێتی هاڕە بكات و دواتر نە بە بڕیاری سەرپێی، نە بە دڵدانەوە و تكا، ناتوانن كادرانی دەركراو و رەنجاو بگێڕنەوە.

بە هیوای ئەوەی ئاقڵمەندانی سەركردایەتی ( ئەو ژمارە كەمەی تیایدا ماوە) ئەو هۆشداری یە بگەیەنن بە هاوسەرۆك و مەكتەبی سیاسی، كە كارەساتێك روو لە یەكێتی دەكات، نە بە كەسایەتی یە سەربازیەكان و نە بە ریبات لە مل و ئەفەندیەكانی دەوروبەریان راست نابێتەوە. بۆیە لانیكەم چاوخشاندنەوە بەو بریارەدا بۆ سنوری هەولێر و بادینان زەرورەتێكی حەتمی یە بەر لەوەی كار لە كار بترازێت و ئەو كادرانە هەڵوێست وەربگرن یان ڕوو لە حزبی دیكە بكەن.

بۆیە ئەسپە رەسەنەكانی خۆتان بگرنەوە و واز لە ناڵ كردنی گوێدرێژەكانی دراوسێ بێنن