من فێمینیستم

چۆمان هەردی


22/09/2022


من فێمینیستم! دوژمنی پیاو نیم بەڵكوو دوژمنی سیستەمی پیاوسالاریم كە ئیمتیاز و ماف و ئازادی زیاتر بە پیاو دەدات و پیاوە توندوتیژ و چەوسێنەرەكان دەپارێزێت بەڵام لە ھەمان كاتیشدا پیاو بار دەكات بە كۆمەڵێك بەرپرسیارێتی و ڕێی پێنادات سۆز و میھرەبانی و نەرمی بنوێنێت. سیستەمی پیاوسالاری تەنھا لە پیاو پێكنەھاتووە بەڵكوو ژنانێكی زۆریش تیایدا بەشدارن.

من فێمینیستم! كێشەم لەگەڵ باڵاپۆشییدا نییە بەمەرجێك ژنێكی پێگەیشتوو ئازادانە ھەڵیبژاردبێت، بەڵام بەرەنگاری ئەو ھەوڵانە دەبمەوە كە دەیانەوێت باڵاپۆشیی بسەپێنن و ئازادی هەڵبژاردن لە ژنان زەوتبكەن. باوەڕم بەوەیە كە ژن، ھەروەك پیاو، بوونەوەرێكی ھۆشمەند، بەتوانا و خاوەن عەقڵ و بەھرەیە و دەبێت خۆی بڕیار لەسەر جلوبەرگ و ژیانی تایبەتی خۆی بدات نەك كەس و لایەتی تر.

من فێمینیستم!  باوەڕم بە یەكسانی، دادپەروەری و دیموكراسیەتە. ئەو دیموكراسیەتەی كە جێگەی كەسانی جیاوازی تێدا دەبێتەوە. باوەڕم بەوە نییە كە تەنھا ئیماندار مافی ژیانی شەرەفمەندانەی ھەیە، باوەڕیشم بەوە نییە كە تەنھا یەك جۆر ئیمانداری ھەیە و ئەویش ئەوەیە كە گرووپەكەی تۆ باوەڕی پێیەتی. تەنانەت لە ناو ھێزە ئیسلامییەكاندا چەندین جۆری جیاوازی ئیمانداری ھەیە، بۆیە كەس مافی نییە شێوازی خۆی بەسەر سەرجەمی كۆمەڵگەدا بسەپێنی. 

من فێمینیستم! باوەڕم بەوەیە كە كۆمەڵگا بە ئامێزانكردنی جیاوازییەكانەوە جوانە نەك سەركوتكردنی. باوەڕم بەوەشە كە ھەر ھێزێك بیەوێت جیاوازییەكان لەناوبەرێت و كۆمەڵگا بە دڵی خۆی یەكڕەنگ بكات ئەوا ھێزێكی مەترسیدارە كە بەرەو دیكتاتۆرییەت دەمانبات.